نەخۆشی دەسەڵات
ڕەزا شوان
(جۆرج برنادشۆ) دەڵێ:" ئەو کارەساتەی کە جیهانی تێدا دەژی، لەوەدایە کە دەسەڵات لە دەستی کەسانێکی بێـتوانان"
نەخۆشی دەسەڵات و خۆسپاندن، کوشندەترین نەخۆشی ئەم سەردەمەیە، نەخۆشییەکی دەروونی مەترسیدارە، کە تا ئەمڕۆش دەرمانی چارەسەرکردنی بۆ نەدۆزراوەتـەوە.
شێتی پۆست و دەسەڵات و گەورەیی، کە شەیدای خۆسەپاندن و قورخکردنی دەسەلات و مانەوەن لە دەسەڵاتدا بۆ درێژترین ماوە، بۆ ئەوەش دەست بەسەر دارییدا دەگرن و تا خۆیان دەوڵەمەند بکەن بە هەوەسی خۆیان راببوێرن و پەخشان و تەخشان بە پارەی گەلەوە بکەن، زۆرترین دەستوپێوەند و شان تەکێنیش لە خۆیان کۆبکەنەوە.. نەخۆشی حەزی دەسەڵات پەتایەکی قێزەوەن و زیانبەخش و مەترسیدارە. چونکە شێتی دەسەڵات لە پێناوی گەیشتنی بە لووتکەی دەسەڵات و مانەوەی و بۆ پاراستنی کورسییەکەی، هەموو رێگایەکی چەوت و کارێکی ناڕەوا دەگرێتەبەر، دەیەوێت بە دروشمی بریقەدار و بە بەڵێنی درۆی بەردەم مایکەکانی تەلەفزیۆنییەکاندا، خۆڵ لە چاوی خەڵکی بکات. ئامادەشە لە پێناوی مانەوەی لە دەسەڵات و پۆستەکەیدا، سازش لە هەموو بەهاکان بکات، گەر نیشتمانیش وێران و کاولبێت، گەر گـەلیش برسی و رووت و بێ مووچە بێت، بە لایەوە گرنگ نییە و بە خەیاڵـیدا نایات و گوێی خۆی لێدەخەوێنێت.. ئەو کار بەو تیۆرە دەکات " کە ئامانجەکان پاکانە بۆ هۆیەکان دەکەن".
ئەم دەسەلاتدارە دیکتاتۆر و ستەمکارانە هەر بە سامانی گەل، هێزێکی تایبەت دادەنێن، بۆ سەرکوتکردنی هەر خۆپیشاندنێکی نارەزایی و داواکردنی مـافە رەواکان، لە لەیەن چەوساوەکانی گەلەوە.. کەچی لە جیاتی ئەوەی بە دەنگ خواست و داواکانیانەوە بچن، هێزی سەرکوتکردنیان بۆ دەنێرن و بە ئاژاوەگێڕ و فیتدراو ناویان دەبەن، بە دڕندەترین شێوەش دەکەونە تێهەڵدان و ئەشکەنجەدان و گولەبارانکردن و سوکایەتیکردن پێیان.
سەیریش لەوە دایە، کە نەخۆشانی دەسەڵات و کورسی، خۆیان بە نیشتمان پەروەر دەزانن، خۆشیان لە هەموو کەسێک بە زاناتـر و داناتـر و زۆرزانتر و ژیرتر دەزانن، هەر خۆیان و بنەمەڵەکانیشیان بە شایستەی سەرۆک و سەرکردایەتی و دەسەڵاتی باڵا و بەڕێوەبردنی نیشتمان دەزانن. بەڵام لە راستیدا، زۆربەیان هیچ لەبارن نییە و لەولای هیچەوە لۆقە دەکەن.. چونکە ئەمانە لەسەر بنەمای توانا و شارەزایی و سیاسەتزانی و شایستەیی نەگەیشتوون بە بەو پۆست و دەسەڵاتە باڵاو و هەستیارانەیان.. بەڵکو لە پڕێک بوون بە کوڕێک.. رۆژێک لە رۆژانیش نە تنـۆکێک خـوێن، بەڵکو دڵـۆپێک فرمێسکیشیان نەڕشتووە بۆ نیشتمانەکەیان، هاتوونەتە سەر حازری.. لە رێی دەستاودەستکردنی دەسەڵاتەوە، لە باوەکەوە بۆ کوڕ، بۆ کۆڕەزا، بۆ برازا. ئەو پۆستە باڵایانەیان وەرگرتوون و قورخیان کردوون.. نان و پیازیش بە رابردووی باوکیانەوە دەخۆن.. یا بە زەبر و زۆرداری، یا دەسەڵاتی تاکە حیزبی، یا بەسەر پشتی تانکەوە، بوونە بە دەسەڵاتدار.. کە پۆستەکانی هەموویان نادەستوورین و رەوایی نین، چونکە دەسەڵاتێکی بە خۆسەپێنە.. ئەم دەسەڵاتدارانە ماوەی دەسەڵاتداریشیان تەوابێت، بە هیچ کولۆجێک ئامادە نین کە واز لە پۆستەکانیان و لە دەسەڵات بهێنن..ئچونکە لەدزی و لە بە تاڵان بردنی سامانی گەل تێر نابن.. مەگەر خۆیان بزانن چ دزییەکیان کردووە؟
هەموو بریارێکیشان کە دەریدەکەن، لە بەرژەوەندی خۆیاندایە، چونکە دەستیان بەسەر پەرلمانیشدا دەڕوات، قـورخی زۆرینەی کورسییەکانی پەرلمانیشیان کردوون.
کەسیش نابێت رەخنەیان لێبگرێت و پێیان بڵێت ئێوە خوار دانیشتوون و خۆتان راست بکەنەوە، چونکە خێڵی بنەماڵە پسوولەی لێبووردنیان هەیە و، هەچ هەڵـە و تاوان و ناپاکییەکیش بکەن، هیچ لێپرسینەوەیەکی یاسایی و هیچ سزایەک، ئەمان ناگرێتەوە؟؟
چونکە دەسەڵاتدار و کوتەک بە دەستن.. خۆشیان لە سەرووی یاساکانەوە دەزانن.
نەخۆشی دەسەڵات و پۆست و کورسی، لە لووتکەی دەسەڵاتەوە دەستپێدەکات، لەوێوە شۆڕدەبێتەوە بۆ بنکەی دەسەڵات.
پێویستیشە بەرپرسێتی لە قورخکردنی دەسەڵات جیابکەینەوە، بەرپرسێتی ئەرک و پێویستی ئەستۆی بەرپرسە، کە بە ئەوپەڕی توانا و دڵسۆزی و لەخۆبووردنەوە، ئەو ئەرکەی ئەستۆی جێبەجێدەکات و خزمەت بە گەل و بە نیشتمانەکەی دەکات.. بێ ئەوەی چاوی لە ستایش و پیاهەڵدان و پۆست و پاداشت بێت.
بەڵام دەسەڵاتداری رەها، تەنها بۆ بەرژەوەندی خۆی و بنەماڵەکەی کاردەکات هەوڵیش دەدات کە هەموو دەسەڵاتە باڵاکان و هێز لەژیـر رکێف و دەستی ئەودابن، گوێش بە ئازار و چەوسانەوە و پێویستی و ماف و داخوزییەکانی گەلەکەی نادات.
هەندێ لەم دەسەڵاتدارانە، لە سیناریۆی هەڵبژاردنەکان، یاری بە ئیرادەی گەل دەکەن بۆ بەدەستهێنانی دەنگەکانیان، گەرچی پێشوەخت ئەنجامەکانیان لە بەرژەوەندی خۆیان مسۆگەر کردوون، دەیانەوێت رەوایی بدەن بە خۆیان.. چونکە مانەوەیان لە دەسەڵات بە تەنیا رێگا دەزانن بۆ هێنانەی مەرام و بەرژەوەندی و ئامانجەکانیان.
هەر گەلێکیش بێدەنگ و بیهەڵویست ببێت و ئامادەبێت، کە باجی ستەم و ستەمکاری زۆر و زۆرداری و قورخکردن و گەنـدەڵی دەسەڵاتی لەخۆبایی بدات، خـۆی بەبێ دەسەڵات و بەبێ ئیرادە و بێتوانا بـزانێت.. ئەوە گەلێکی بەزیـوە و شایەنی دانی ئەم باجەیە.. ئەگینا قبۆڵی ناکات و رادەپەڕێت و رووبەڕووی دەسەڵاتدارانی ستەمکار و قورخکردنی دەسەڵات دەوەستێتەوە، بەبێ ترس و سڵەمینەوە داوای مافە ڕەوەکانی خۆی و گۆڕینی دەسەڵات دەکات و چیتر ستەم و چەوسانەوە قـبوڵ ناکات.. ئەوەش دەزانن کە (ماف نادرێت و وەردەگیرێت) بۆ وەرگرتنی مافیش، خەبات و راپەڕین و قوربانیدانی دەوێت.. بێگومان گەر گەل نەبێت مـەڕ.. دەسەڵاتیش ناتوانێت ببێت بە گـورگ و پەلاماری بدات.
مرۆڤ بە ئازادی لەدایک بووە و پێویستە بە ئازادیش بژیت، پێویستە چارەنووسیشی لەدەستی خۆیـدا بێت.. بۆ ئەوە لە دایک نەبـووە، کە ببێت بە کویـلە و بە کەنـیزەی کەسانێکی دەسەڵاتداری ستەمکاری چاوچنۆک و لەخۆبایی.. کە دەیانەوێت ئەم مافە سروشتییە رەوایانە لە خەڵکی زەوتبکەن و بیانکەن بە ژێردەستەی خۆیـان.
بەڵام ئیرادەی گەل زۆر بە هێزتـرە، لە مەبەست و لە مەرامی نەگریسی ئەوان.. ئەو رۆژەش دوور نییە کە ئەم دەسەلاتپەرست و خۆپەرستانە، دوو هێندە باجی ستەمکاری و زۆردارییەکانیان بدەنەوە و کونە مشکیان لێببێت بە قەیسەری. نموونەی ئەمانەش لە مێژووی نزیکدا زۆرن: سەدام، ستالین، نیرۆبی، هیتلەر، قـەزافی، چاوچیسکۆ، زین العابدین، مبارک، کە چـۆن رسـوابوون و بـوون بە پەنـدی زەمـانە.
نۆروێـژ: ١١ی/ ئادار/ ٢٠١٨
ئەم ووتارە گوزارشت لە بۆچونی نووسەرەکەی دەكات
بهروار: 11/05/2018
5425 جار خوێندراوهتهوه