|
لەخۆشەویستی ئەگەڕێین و بە دۆزینەوەی، لێی ڕائەکەین
چیە ئەو هێزەی وەها لە مرۆڤ دەکات کە شێوە، کردار، تێڕوانینی بۆ ژیان و وردەکاریەکانی بگۆڕێت؟
ئەوەی دوێنێ قێزەوەن و دژی یاساکان بوو، ئەمڕۆ خۆمان ئەیکەین. ئەوەی دوێنێ نکوریمان لێ دەکرد، ئەمڕۆ لەژێر لێوەوە پاساوی بۆ ئەهێنینەوە. ئەوەی دوێنێ بە ئەرکی خۆمان نەدەزانی، ئەمڕۆ ژێردەستە و ملکەچ بەجێی ئەهێنین.
لەبیرمان دەچێت کە ئەوەی دوێنێ لە دراوسێی بوو، ڕۆژێک دێت لەخۆمان.
ئەو جەنگەی دوێنێ ئەماندۆڕان، ئێستا کەسانی تر دووبارەی دەکەنەوە.
مرۆڤ بۆ مەیلی بۆ کەسانێک، شتێک، نەدیوێک، نەزانراوێک یان نەناسراوێک دەڕوات. لە کاتێکدا باش دەزانین کە ئەوان، نەبوون، نەبینراون، پێگەیشتن و تێگەیشتنیان مەحاڵە.
چاوەڕێی ڕاستگۆیین لێیان، لە کاتێکدا خۆمان گەورەترین درۆین. ئەو وشانەی دوێنێ وزە و گەرمی بوون، ئەمڕۆ بە ئاسانی ئەمانتەزێنن.
چاوەڕێین ئەمانەتێک بین لایان، کاتێک خۆمان بێگوناهترین خیانەتکارین.
لە بێدەنگی ئەترسین ، کەچی زۆرینەی کات پەنای بۆ ئەبەین.
بە بێدەنگی ڕێ ئەکەین، کەچی گشت خانەی جەستەمان تامەزرۆی هەڵاتنە.
داوای باوەشێک ئەکەین لە کاتێکدا خۆمان دڕکێکی ژەهراوین.
لەخۆشەویستی ئەگەڕێین و بە دۆزینەوەی، لێی ڕائەکەین.
پێمان وابوو ئەیانەوێین، ئێستا ئێمە نامانەوێن.
پێویستمانە دەستمان بگوشن، لە کاتێکدا ئێمە دەستمان بەردان.
ئەمانەوێ بمان بینن، لەگەڵمان بدوێن نەک بۆمان بدوێن.
گوێمان لێبگرن نەک گوێمان بۆ بگرن.
ئەمانەوێ هەموو شتێکیان بزانین و ئەوان هیچ نەزانن. یەکەمین و دواهەمینیان بین. بۆ خۆمان و لە خۆمانبن.
لە داوی ئێمە ئەوانیش بمرن. لەگەڵیان ناژین، بەڵکو بۆیان ئەژین.
جا ئەمە چی پێ ئەڵێن؟ دڕندەیی، خوازێکی بێگەرد، یان جەنگی هەمیشەیی نێوان عەقڵ و دڵە بەڕێزان؟
#دڵ
#ژیان
#ئەقڵ
هیبە فەیسەڵ
کۆپنهاگن
بهروار: 15/10/2026
61 جار خوێندراوهتهوه
|