|
سەبارەت بە ڕۆیشتنی عەبدولەتیف بۆ دەرەوەی کوردستان
من دوو ساڵ لە وڵاتی بەڕیتانیا ئەفسەر بووم و شارەزاییەکی وردم لە سیستەمە یاساییەکەی ئەو وڵاتەدا هەیە و پەروەردەی ناو سیستەمەکەم.
سەبارەت بەو دەنگۆیەی گوایە عەبدولەتیف سەلەفی ڕۆیشتووە بەرەو بەریتانیا بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لە دژی ئەو کەسەی بەناوی یاخی سکاندڵەکەی لەسەر تۆخ کردەوە، ئەمە لە ڕاستیدا مایەی پێکەنینە. پێش هەر شتێک، ڕاستە کە دەوروبەری عەبدولەتیف ئەم دەنگۆیانە بڵاودەکەنەوە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئەمە تەنها بۆ سەرلێشێواندن و چەواشەکارییە. مەبەستی سەرەکی تەنها چوونە دەرەوەی وڵاتە پێش ئەوەی داواکاری گشتی بڕیاری قەدەغەکردنی گەشتی بەسەردا بسەپێنێت و ڕێگەی چوونە دەرەوەی لێ بگرێت. ئەمەش لە هەمان کاتدا هەژاری و کەمتەرخەمی ئەو کەسانە دەردەخات کە سکاڵایان تۆمارکردووە؛ چونکە دەستوبردیان نەکرد و کەیسەکەیان خێرا نەگەیاندە داواکاری گشتی بۆ ئەوەی هەموو ڕێکارەکان بەیەکەوە و لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێن.
دووەم، عەبدولەتیف بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت لە بەریتانیا سکاڵا لە کەسی ناوبراو (یاخی) تۆمار بکات. لە ڕووی یاساییەوە دادگاکانی بەریتانیا بنەمای دادگای نەگونجاو پەیڕەو دەکەن، واتە دەسەڵاتی دادوەرییان بەسەر ئەو کەیسانەدا نییە کە ڕووداوەکانی بەتەواوی لە دەرەوەی وڵات ڕوویانداوە و شاهێد و بەڵگەکان لە کوردستانن، بۆیە دادگا ڕاستەوخۆ کەیسەکە ڕەتدەکاتەوە. هەروەها ئەگەر بیەوێت لەسەر ناوزڕاندن یان بڵاوکردنەوەی زانیاری تایبەت سکاڵای مەدەنی تۆمار بکات، ئەمە تێچوویەکی دارایی خەیاڵیی دەوێت بۆ دابینکردنی پارێزەر، لە کاتێکدا یاخی دەتوانێت بەرگرییەکی پۆڵایین بکات بەوەی کە بڵاوکردنەوەی بەڵگەکان لە خزمەتی بەرژەوەندیی گشتیدا بووە بۆ ئاشکراکردنی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، کە ئەمەش لە یاسای بەریتانیدا دادگا ناچار دەکات کەیسەکە دابخات چونکە یاسای پاراستنی تایبەتمەندی بۆ داپۆشینی تاوان و گەندەڵی بەکارناهێنرێت. لە ڕووی سزاییشەوە، پۆلیسی بەریتانیا دەسەڵاتی لێکۆڵینەوە و گرتنی کەسێکی نییە لەسەر ڕووداوێک کە لە سلێمانی ڕوویداوە، مەگەر لە ڕێگەی داواکارییەکی فەرمی ڕادەستکردنەوە بێت لە ڕێگەی ئینتەرپولەوە کە ئەوەش پرۆسەیەکی زۆر ئاڵۆزە و لێرەدا بوونی نییە.
بەپێچەوانەوە، ئەو کەسەی کە ناوی (یاخی)یە دەتوانێت سوودێکی زۆر لەم هەنگاوە ببینێت. دەتوانێت سەرجەم ئەو هەڕەشانەی کە لە لایەن شوێنکەوتووانی عەبدولەتیفەوە لێی کراوە، وەک بەڵگەیەکی بەهێز بەکاربهێنێت بۆ سەلماندنی ئەوەی کە ژیانی لە مەترسیدایە. هاتنی ئەو کەسایەتییە بۆ بەریتانیا و ئاشکراکردنی مەبەستی بەدواداچوونی، کەیسی مانەوە و پەنابەرییەکەی یاخی لە بەریتانیا زۆر بەهێزتر و مسۆگەرتر دەکات.
بەداخەوە ئەم جۆرە ڕووداوانە وێنەیەکی زۆر ناشرین و نەرێنیی ئێمە پیشانی جیهان و ئەو وڵاتانە دەدات، کە ئەمەش لەم دواییەدا بەتەواوی بووەتە دیاردەیەکی باو.
ڕەوا هەژار
بەریتانیا
بهروار: 07/07/2026
44 جار خوێندراوهتهوه
|