ئەو ڕۆژەی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستانی سویدم دروستکرد

ئایاری 1983
شوباتی 1983 لە ناوەندی کۆمەڵە بووم لە ناوزەنگ، بانگیان دەکردیتە پەنایەک و بە تەنیا پێیان دەوتویت ، حیزبێکی ترمان دروست کردووە ، باڵی وا و شێری وا.
بۆ گاڵتە کردن بوو ، برادەری وابوو لێی دەبوو بە ڕاست.

جارێکیان " مامۆستا جەمال تایەر" ی ڕەحمەتی بانگی کردم و ووتی:
 شێرزاد ئەم نامەیە بەرە بۆ " کاک ئەرسەلان بایز" و پێی بڵێ : نامەی خوێندکارانی ئەوروپایە و ئەم   عەسرە با بخوێنرێتەوە.
چووم بۆ ڕادیۆ لە توژەڵە و بارەگای کاک نەوشیروان نەمدۆزیەوە.
دوایی لە بارەگای مام جەلال بوو ،نامەکەم دایە.
ئەوە یەکەم جار بوو " مام جەلال" ی ڕەحمەتی بە قسە ببینم.

1 ئایاری 1983
لە هەڵەدن پرۆڤەی شانۆگەریمان دەکرد و، منیش ڕۆڵی یەکێک لە پێشەنگەکانی مانگرتنی کرێکارانی شیکاگۆ بگێڕم.
بەڵام بە شەهید بوونی" شێخ شەماڵ و شەهید سەرباز" شەڕی " یەکێتی و حسک و شیوعی" دەستی پێکرد.
ئێمە وەکو ڕێکخراوی 2 کومەڵە و لەگەڵ هێزەکەی مەڵبەندی 2 چووین بۆ شەڕەکانی خۆشناوەتی و دۆڵی بالیسان و دەشتی هەولێر.

ڕۆژێکیان لە بالیسانەوە لەگەڵ مەفرەزەکەی" شێرکۆ کۆیی برای شەهید سەرباز" بە نهێنی هاتین ، بێ ئەوەی هیچ گوندێک بمانبینێت.
دوو حەفتە بە خۆشاردنەوە شوێن فەرماندەی سۆسیالیست" کاک حەمەسوور کانی کوردەیی" ڕەحمەتیەوە بووین و زۆر ماندوو بووین و ،بۆمان نەدۆزرایەوە.

شەوێکیان چووینە " گوندی کلکە سماق" و دوو ڕۆژ ماینەوە، نزیک جادە و کارەبای هەبوو.
جلیان بۆ شتین و خزمەتیان زۆر‌کردین.
لە دوکانی گوند " دەفتەرێکی کەلیمات" م کڕی ، لەگەڵ وێنەی چەند ئەکتەرێکی میسری.
لە دەفتەرەکە پەیڕەوی ناوخۆی" کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستانی سوید" م نووسیوە  و لە پشتی وێنەکانیش دەمنوسی شەهیدانی کۆمەڵەی خوێندکارانی سوید.
لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی پێشمەرگە ، بەتەنیا لە پێشدا باسم دەکرد و دەمووت هەر کەسێک ببێتە ئەنداممان دەینێرین بۆ سوید.
خوا هەڵناگرێت کەس ڕەتی نەدەکردەوە.
ڕۆژێکی پڕ پێکەنین و گاڵتەی خۆش بوو.

ئەو کاتە مۆبایل نەبوو وەکو ئێستا .
ئێستا بە مۆبایلەکەم " ماڵپەڕێک و حەوت پەیج و ئەکاونتی مالمۆکورد و پرسەی هەندەران" م هەیە ، جگە لە 3 فەیسبوکی خۆم.
ئەو کاتانە کتێب هەبوو، من هەموو تەمەنی پێشمەرگایەتیم هەمیشە بێ کتێب نەبووم، و هێلەکەکەم پڕ کتێب بووە. 
  لەو جەولەی شەڕەدا  جارێکیان پاش 20 کاتژمێر ڕۆیشتن ، کە بەشاخی جەلی و نازەنین سەرکەوتین بۆ شەڕەکەی سماقوڵی، فەرماندەی قارەمانم دیوە ،پێشمەرگەیەک هاوکاری کرد و تاقم و تفەنگەکەی بۆ هەڵگرت، کەچی من ئەو کاتە هەردولای هێلەکەکەم پڕ کتێب بوو.

ڕۆژی 26 ئەم مانگە یادی 50 ساڵەی دامەزراندنی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان بوو کە لە 1976.4.26 دروستکراوە، کەس باسی منی نەکرد" 😜".
ووتم بۆچی خۆم باسی خۆم نەکەم و  ئەو یاد و بۆنەیە نەگێڕمەوە ، کە ڕۆژێکی جوانی تەمەنی گەنجیمان بوو.

شێرزاد عەزیز
مالمۆ

وێنەکە :
سماقوڵی سەروچاوە
 هەینی 1983.5.13
به‌روار:  29/04/2026
40   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   444
کۆی سه‌ردان:   31336526