ڕۆژئاوا/ گفتوگۆیەكی گەرم لەگەڵ جەنەراڵێكی گەرم رەنگ
ڕۆژئاوا
گفتوگۆیەكی گەرم لەگەڵ جەنەراڵێكی گەرم رەنگ "كەیف خۆش بووم ئێوەم بینی"

بەروویەكی خۆش و ئارام و دەمولەفزێكی شیرینەوە، وتی گەلەك بەخێربێن، دڵخۆشم كە ئێوە دەبینم، لە باشورەوە هاتوون، باشور بۆ ئێمە پشتیوانییەكی گەورەبوو، "سلێمانی بۆ من وەك كۆبانی و قامیشلۆیە".
ئەو ئارامبوونەوەی بارودۆخ و رەوینەوەی تەپوتۆزی شەڕیش جلی جەنەراڵیەكەی پێ دانەنابوو" هێشتا مەترسی لەسەر رۆژاڤا ماوە، من هیچ پۆستێك وەرناگرم، كاری من لەناو میللەتی خۆمە" 
لە رۆژاڤای كوردستان گفتوگۆیەكی دوورودرێژ و گەرمان لەگەڵ جەنەراڵ مەزڵوم كۆبانی كرد، پێكەوە لەگەڵ هاوڕێیانمان (ئەڤین ئیبراهیم و ئیدریس حەنان) هاوسەرۆکانی (یەکێتی راگەیاندنی ئازاد) لە رۆژاڤای کوردستان.
جەنەراڵ مەزڵوم كۆبانی:
- زۆرم پێخۆشە ئێوە دەبینم لێرەن، ئێوە لەكاتی (سەفەر بەری) هێرشەكانی سەر رۆژاڤا رۆڵی گەورەتان بینی، گەلی خۆمان لە باشور پشتیوانی گەورەی ئێمەبوون، كوردانی دەرەوە رۆڵی گەورەیان گێڕا، ئێمە سوپاسگوزارین، هەرگیز ئەو هەڵوێستانە لە بیرناكەین.
- مەیلی مانەوەم نیە لە دیمەشق،  ئەگەرچی ئەوان چەند جارێک پێیان وتین وەرنە دیمەشق کارێ ئێوە لە دیمەشقە پۆست وەربگرن، ئێمە پێمان وایەهێشتا کارمان لەناو خەڵکی خۆمان تەواو نەبوەو لێرە کار دەکەین، لەناو گەلی خۆمان دەمێنینەوە.
- لە ئێستادا ئیستقرارو ئارامی لەناوچەكەمان هەیە، بەڵام مەترسی هەرهەیەو حەزەری خۆمان دەكەین، بە هەوڵی هەموان توانیمان قۆناغی لەناوچوونی رۆژاڤا تێپەڕێنین، ئێستا بەرەو قۆناغی ئیستقرار دەچین و دەمانەوێت گەلی خۆمان بە ئارامی بژین.
- نامانەوێت جارێكی تر شەڕ درووست بێتەوەو دەمانەوێت گەلی خۆمان لەشەڕو لەناوچون بپارێزین.
- خاکی خۆمان ناوچە کوردییەکانی رۆژاڤا هێڵی سورەو دەیپارێزین، سازشی لەسەر ناكەین.
- دەمانەوێت رۆژاڤای کوردستان بەڕێوەبردنێکی خۆێیی هەبێت و تایبەتمەندی خۆی پارێزراو بێت، ئێمە خۆمان ئیدارەی خۆمان دەکەین و نایەەڵین کەسانی تر بێن و لە جێگەی گەلی ئێمە بەڕێوەی بەرن.
- دەمانەوێت، وەکو کورد لەناو پەرلەمان و حکومەتی سوریادا جێگەی خۆمان بگرین.
- هێشتا كێشەو ئاریشەی زۆر ماوەو ئێمەش بە پشودرێژی گفتوگۆ دەكەین لەسەر مافەكانی گەلی خۆمان، ئێمە رێككەوتنمان هەیەو سازش لەسەر مافەكانمان ناكەین، ئێستا ناوچە كوردییەكان شوناس و تایبەتمەندی خۆی هەیەو خۆمان بەڕێوەی دەبەین.
- لە ئێستادا دەمانەوێت هێزەكانمان لەناو وەزارەتی بەرگری سوریادا جێگەی خۆیان بگرن، بەڵام ئەوان رازی نین هێزی ژنان لەناو وەزارەتی بەرگریدابن و تەقەبولی ناكەن، بەڵام ئەو كێشەیە چارەسەر دەكەین و لەناو هێزەكانی ناوخۆ جێگەیان دەكەینەوە. 
ئەم قسانە بەشێكی كەمن لە وەڵامی ئەو پرسیار و گفتوگۆیانەی نێوانمان، لە دانیشتنەکەمان  لەگەڵ مەزڵوم كۆبانی.
...............
ئەڤین ئیبراهیم هاوسەرۆكی (یەکێتی راگەیاندنی ئازاد) لە رۆژاڤای کوردستان كە لە دانیشتنەكە لەگەڵمان بوو وتی: هەڤاڵ مەزڵوم ئەمساڵ ئێمە خەڵاتی شەهید (مەزڵوم باكؤك)مان بەخشی بەرۆژنامەنوس (محەمەد رەئوف)، رۆژنامەنوسێكی سەربەخۆی باشوری كوردستانەو لەسەردەمی سەفەربەری (شەڕی رۆژئاوای كوردستان) لە رۆژئاوا رۆڵی گەورەی گێڕا.
- مەزڵوم عەبدی: گەلەك كەیف خۆشم و پیرۆزبایی گەرمتان لێدەكەم ئێوە لەو رۆژانەدا رۆڵی گەورەتان گێرا (كارەكی پڕ مەزنتان)كرد بۆ رۆژئاواو گەیاندنی دەنگی رۆژاڤا بە گەلی خۆمان لە باشور و جیهان، یەكێتی راگەیاندنی ئازاد لە رۆژئاوا، كارێكی باشتان كردووە خەڵاتی رێزلێنانیان پێبەخشیوە. 

ئیدریس حەنان هاوسەرۆكی (یەکێتی راگەیاندنی ئازاد) لە رۆژاڤای کوردستان كە لە دانیشتنەكە لەگەڵمان بوو وتی: لەگەڵ سەنتەری میترۆ كە دامەزراوەیەكی گرنگی بەرگرییە لە رۆژنامەنووسان لە باشوری كوردستان، یاداشتی لێكتێگەیشتن واژۆ دەكەین بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكان و ئاڵوگۆڕی تواناكانمان.
- مەزڵوم عەبدی: زۆر كارێكی باش دەكەن كە ئەو یاداشتە لە نێوانتان واژۆ دەكەن و پێكەوە كار دەكەن، ئێمە زۆر پێویستمان بەبەهێزكردنی پەیوەندییە جڤاكیەكانمانە لە نێوان باشور و رۆژئاوا، زۆر گرنگە پەیوەندییەكان لەسەر ئاستی میدیایی و رۆژنامەگەری و مەدەنی بەهێزبكرێن و خزمەت بە تواناكانی یەكتری بكەن.
محەمەد ڕەئوف
به‌روار:  29/04/2026
37   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   413
کۆی سه‌ردان:   31335535