مەرگی فاروق ڕەفیق، پێی وتین: شەیتانێکی زۆر ناشیرین لە کۆنەستی ئێمەدا بوونی هەیە.
مەرگی فاروق ڕەفیق، پێی وتین: شەیتانێکی زۆر ناشیرین لە کۆنەستی ئێمەدا بوونی هەیە.

پیاوێک زۆری بە دونیای پڕئازاری ئێمە بەخشی و دەنگی وشەکانی لە سەرتاسەری بواری هزر و بیرکردنەوە و نەریتی ئەم کۆمەڵگایە دێت.

کاتێک ئەو هەموو پەلامارە دەبینم شۆک دەبم، هێشتا ئێمە لە کوێ و لە چ قۆناغێکی لێوانلێو لە مەترسیدا دەژین.

فاروق ڕەفیق چی وتووە و چی نووسیوە، بەشێکی دانەبڕاوی کۆی بیرکردنەوەی کۆمەڵگای ئێمەیە.

سەرەڕای جیاوازییەکان لە بیرکردنەوە و تێڕوانینمان، دەبێت بە شکۆوە لە نووسینەکانی بڕوانین و ڕێگە نەدەین جەستەی بکرێتە کەرەستەی شکاندنی مرۆڤ و جیاوازیی بیرکردنەوە.

ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە زەنگی ئەو مەترسییە قووڵە نەریتییەیە کە دەکرێ دوای مردنی هەریەکەمان لێ بدرێت.

لە مێژە دەوترێ کە مرۆڤ دەمرێت، شەیتانیش وازی لێ دێنێت، بەڵام دیارە شەیتان لە ناخی جنێوفرۆشەکاندا نامرێت.

مانگێک پێش ئێستا لەگەڵ گەنجێکی سۆشیاڵ میدیا گفتوگۆم دەکرد و پێی وتم: چاڵێنجی کەسێکی دی بکەم بۆ گفتوگۆ. بە ئەوپەڕی ڕاشکاوییەوە پێم وت: با کاک فاروق ڕەفیق بێت و بە زمان و شێوازی خۆی پێمان بڵێت: لە گەمژەیی خۆتاندا بژین.

بەڕاستی کاتێک ئەم هەموو جنێوە دەبینم، دەگەمە ئەو بڕوایەی کە لە گەمژەییەکی قووڵدا دەژین.

گیانی فاروق ڕەفیقی دونیای نووسین و فەلسەفە و کتێب و دەنگهەڵبڕینەکان شاد بێت و دەست و بیری جنێوفرۆشەکان خامۆش بێت.

د. ئەحمەد میرە
سەرنووسەری لڤین
به‌روار:  28/04/2026
105   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   418
کۆی سه‌ردان:   31335548