|
نیعمەتی کتێب 📖
سەرەتا لەوەوە دەست پێدەکەم کە دەڵێم عەمری ئەو کتێبە نەمێنێ کە یاخیت ناکاو ناتکات بە کەسێک لامل و عاسی یەک ڕوو . عەمری ئەو کتێبە نەمێنێ کە یاخیت ناکات لە دینی مێگەل و سیاسەتی مێگەل و عورف و کلتوری مێگەلی و سواربوون و سێکسێ مێگەلی !
هەر لاپەڕەیەکی کتێب گەر دەمارێکی یاخیبوون و خۆبوونی لە مێشکدا نەچاند ئەوە بۆ توڕدان و زبڵدان و شەڕەشەق و تەوالێتی ئاودەست باشە ،چوونکە پێچەوانەکەی دەتکات بە کۆیلەیەکی زیرەکتر و زمانپاراوتر !
یاخیبوونی باجی زۆر و قوربانی زۆری دەوێت ،بەڵام چێژو حەلاواتێکی هەیە کە هەرگیز تەبیعەت دێزەو کۆیلەو کەوش شۆرەکان تێی ناگەن !
تۆ لەدەرەوە وەک قوربانی و نەگبەت و ئاخر شەڕ دەبینرێیت ،بەڵام لە ناخەوە فەراحەت و خۆشیەکت هەیە کە هەرگیز ئەوانی تر پێی ناگەن . ئەوان زۆر هەنگاوی ڕووکەشی دەنێن ، بەڵام لە بچوکترین تاسەی ژیان سەرشۆڕ دەکەن و دەبنە جزمەی دڕاو !
تۆ خۆتیت بەڵام ئەوانی تر هەر ڕۆژەو شتێکن ،هەر ڕۆژەو کەوش و کڵاشی ڕەنگێکن ،هەر ڕۆژەو لە مەعبەدێک دەچەمێنەوە و عەبدێکن !
عاسی و یاخی بە لەو کچانەی کە وادەزانن سمت و سینگی سلیکۆنی دەتوانێت ئەهلی کتێبش و قەڵەم وەک ئەهلی پارەو پلەو نەجمەو داڵ بەچۆکدا بدات ، دەی عەمری ئەو کتێبە نەمێنێ کە فێرت ناکات عیزەت و شکۆی خۆت لە گەڵ و گوانی کچێک خۆشتر بوێت !
جوانیەکانی کتێب یەکجار زۆرن ، هەر ئەوەی من و هەزارانی وەک ئێوەی بەیەک ناساندووەو تاکە لینیکی نێوانمان جگە لە نووسین و کتێب هیچی تر نیە ،
ئەوە سەرمایەیەکە کە قەرەبووی هەموو ئەو شەقانە دەکاتەوە کە لە پاڵ کتێبدا لێ دراوە.
هەر ئەوەی کاکی حیزبی ڕیکلامی دنیا دەکات بۆ ئەوەی دوو کەس شتی بخوێننەوە ، بەڵام هەمیشە ڕیسواو تڕۆکراون لەلایەن خەڵکەوە ، منێکی کوڕە هەژارش کە هیچم نیە پێتان بدەم بەڵام هەزارەها پیاوی بەڕێزی وەک ئێوەی بۆناردم ، ئەوە شانازیەکە بەهیچ شتی ناگۆڕمەوە !
شانازیەکە کە هەموو کەلاوە کۆنەی حیزبە تەقلیدی و بەسەرچوەکان بگەڕێی نایدۆزیتەوە .
کتێب و نیعمەتەکانی کتێب ئەوەندە زۆرن هەرگیز ناتوانم بە نووسینێکی فیسبووک هەقی بدەم ، هەر ئەوەندە بەسە خوداش لە ڕێی کتێبەوە قسەمان لەگەڵ دەکات ، ئەوە شایەدیەکی ئاسمانیە بۆ بەرزی و جوانی کتێب !
هەر ئەوەی کتێب وای کردووە لە کۆمەڵگایەکی سەقەت و وێرانەدا لە مێگەل و گامێشە دوو پێیەکان دوور بین ئەوە بەسە بببن بە هاوڕێی کتێب و شانازی بە هاوڕێیەتیەکەیەوە بکەین . هەر ئەوەی سەربەرزی کردووی و کردووتی بە ڕەقەمێکی جیاواز ئەوە بەسە سووپاسگواری کتێب بیت .
کەواتە
بخوێنەوە بۆئەوەی بتخوێنەوە ، بخوێنەوە بۆ ئەوەی بیانخوێنیتەوە !
بەشدار ڕەفیق
بهروار: 23/04/2026
30 جار خوێندراوهتهوه
|