ڕۆژی جیهانی کتێب📖

کتێب وەک گوللـەیەک وایە کە دەینێین بە تاریکییەوە و نازانین بەر کێ دەکەوێت. 
(...)خوێندنەوە هەمیشە نوقمبوونە لە گۆمێکی تاریکدا، کە کتێبێک دەکەینەوە نازانین چی تێدایە، هەڵدانەوەی بەرگی کتێبێک، هەڵدانەوەی سەری جیهانێکی تاریک و نادیارە. کاتێک دەست بە خوێندنەوە دەکەین، کەسمان بۆ شتێکی دیاریکراو ناگەڕێین، بەڵام جوانترین شتێک بۆ هەندێک خوێنەر ئەوەیە لەو نوقمبوونەدا بەشێک لە خۆی بدۆزێتەوە. خۆدۆزینەوە بەو مانایەی بڵێیت «منیش لە هەمان جێگادا و لە هەمان هەلومەرجدا، هەمان ڕەفتارم دەکرد»، «منیش گەر لەو هەڵوێستەدا بوومایە، هەمان هەستم دەبوو».  بۆ نمونە من کاتێک هاملێت یان مادام بۆفاری دەخوێنمەوە دەڵێم «منیش بام، بە هەمان ڕێگادا دەڕۆیشتم». 

واتە لە ڕوانگەیەکی لاکانییەوە سەیربکەین، کتێب وەک ئاوێنە وایە، مرۆڤ لەگەڵ کتێبدا زۆرجار ئەزموونی منداڵی خۆی لەگەڵ ئاوێنەدا دووبارەدەکاتەوە، ئەو وێنە ئیدیالەی تێدا دەبینێت کە لە دڵەوە ئارەزوودەکات و دەڵێت، خۆزگە ئەوە وێنەی ڕاستەقینەی من بایە. زۆرجار ئەو هەستەمان هەیە بڵێین، ئەگەر من بگەیشتمایەتە پلەی نمونەیی و ئیدیالی خۆم دەشیا وەک ئەو پاڵەوانە بوومایە. 

زۆر کەس تەنیا دەخوێننەوە بۆ ئەوەی شەیتان و فریشتەکانی ناو ناخی خۆیان لە کتێبدا بدۆزنەوە، ڕۆمان دەتوانێت شێوە و ڕوخسار بدات بەو تارماییە بێ شێوە و بێ ناو و بێ ڕوخسارانەی لە ناوماندان دەژین. ئەم پرۆسەیە پرۆسەیەکی زۆر سوودبەخشە لە تێگەیشتن و چێژوەرگرتندا لە تێکست، بە مەرجێک نەگاتە پلەی نەخۆشی و شێوەی دەردەنیشانێکی شیزۆفرینی وەرنەگرێت کە مرۆڤ چیتر کاراکتەری خۆی نەناسێتەوە.

بەختیار عەلی
 
به‌روار:  23/04/2026
29   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   23
کۆی سه‌ردان:   31318785