ئایا شکڵی من نوورانییە؟؟

هەرگیز دیوتە دوای نوێژی جەماعەت و سڵاو کردن بە چەپ و راست لە یەکتری، دوایی یەکێک لەوی تر پبرسێت کە ئایە بەڕێزی موسڵمانە یان گاور یا جووە⁉...ئاخۆ کەسی بەرامبەر ئەبێت کاردانەوەی چی و چۆن بێت؟؟ دیارە یان کەسەکە ناساغە لە رووی دەروونییەوە یا ئەوەتانێ نازانێ کە چی ئەگوزەرێ لەناو مزگەت و بە هەڵە هاتۆتە ئێرە؟..
جا موسڵمانە ئازیزەکانی ئەمەریکاش رێک بەم شێوەیەن کە سەر و شکڵم ئەبینن وا نورانییە وا ئەزانن کە ئامۆزای ئیمام عەلی و ئەبوو بەکر-م..

ئا بەم شیکڵە نوورانییە چووم بۆ دوکانێکی پێتزا فرۆشێکی بۆسنەیی، کە کوڕێکی باریکی سپیکەلانە بوو، کە منی بینی لە دوورەوە ( شوێنەکە زۆر قەرەباڵغ بوو)، هاواری لێ هەستا "وەرە پێشەوە برازەر" بەڕاستی خەجاڵەتی کردم، چونکە لە ئەمەریکا ئەبێت بە نۆرە بچیتە پێشەوە و مافی کەس نەخۆیت، کەچی ئەو هەر هاوار هاواری بوو" برازەر برازەر وەرە پێشەوە"، ناچاری کردم بچمە پێشەوە و ئەوەی ویستم داوام کرد، بەدەم ئیشکردنەوە هەر پرسیاری لێ ئەکردم، دڵم لەسەر لەپی دەستم بوو کە پرسیارە قورسەکەم لێنەکات، هەزار دوعام کرد کە ئەو پرسیارەم لێ نەکەت، وەڵلا ئەوەنەی نەبرد کردی ئەو پرسیارە
" ئایا بەڕێزت موسڵمانیت؟" 
جا بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە لەم کاتەدا دوو شت روو ئەدات، یان ئەبیتە خۆشەویستترین کەس لەلای بۆسنەییە یان ئەبیتە دوژمنی پلە یەکی ناو چێشخانەکەی، لە هەموو شوێنێک و لە هەموو کاتێدا وەڵامی من بەم شێوەیەیە" ئازیزم دایک و باوکم بە موسڵمانی مردن، بەڵام من کەسێکم باوەڕم بە هیچ دینێک  نیە و ئاتیستم ".

زۆربەی خەڵک لەم حاڵەتدا بە بەڵێ وەڵام ئەدەنەوە بەس دڵی کابرا خۆش بکات و خواردی بەلەزەتی بۆ ئامادە بکات، بەڵام ئەو چوزانێت کە تووشی بووە بە تووشی گوون رەشی خۆیەوە، هەر کە وتم من لە جەماعەتی م نیم، رووی لە وەرگێڕام و بە نابەدڵی پیتزاکەی دامە دەست و بە ئاسانی دەم و چاوییم ئەخوێندەوە کە ئاگری لێ ئەباری و زمان حاڵی وەک وابێت بڵێت" برازەر هەی لە قوونێت بەم و جارێکی تر روو نەکەیتە ئێرە".

جا ئێوە بڵێین چی، بۆ رۆژی دوایی چوومەوە بۆ لای بۆ پێشی پێشەوە، کەچی بێ ئەوەی وشەی برازەر بەکار بێنێت پێی وتم" بڕۆ ناو سەرەکەوە، عەیبە نۆرەبڕی ئەکەیت".
منیش پێم وت" برازەر تۆ زۆر گەوادیت".
دەستم کرد بە پێکەنین و بە فڕکان فڕکان شوێنەکەم بەجێ هێشت..

...........................................
هەر بەم سەر و شیکڵە نوورانییە چوومە چێشخانەیکی ترەوە، کچێکی لەچک بەسەری لێبوو یان خەڵکی سوماڵ بوو یان سودان، داوای خواردنێکم کرد، بە تیڵەی چاو سەیرێکی کردم و پرسیارە قورسەکەی لێکردم کە ئایا من موسڵمانم، ئەوانەی لە دەورم بوون بە باشی گوێیان لە پرسیارەکە بوو.
 وتم بۆ ؟
ئەویش وتی" ئەو خواردنەی داوای ئەکەیت لەسەدا یەک گۆشتی بەرازی تێدایە، لێی چوومە پێشەوە و لە دڵەوە سوپاسم کرد بۆ ئەو ئیشە باشەی کە کردی، بەڵام تکام لێکرد کە بەدەنگی نزم ئەو پرسیارە بکات لە موشتەری ئایندەی، خواردنەکەم داوا کرد و پێم وت،
 "من هەرگیز بەهەشتەکەت نابینم بەچاوی خۆم چونکە گۆشتی بەرازم خواردووە لەگەڵ میلیارەها مرۆڤی تر کە موسڵمان نین". سەیرێکی کردم، وا تێگەیشت کە لەوانەیە یەک قاپ ڤۆدگام خواردبێتەوە بەبێ مەزە..
...................................

وابزانم ئەو شیکڵە نوورانییە سەرم ئەکات بە قوونی خومەینیدا، لە کاتی ئیشدا بووم، کابرایەکی نا ئەمەریکیم تووش بوو، حەزی ئەکرد بزانێت کە ئایا ئەو رووەکە بۆ دەرەوە ئەشێت داینێن یان نا؟،
 وەڵام دایەوە کە بەڵێ ئەشێت، وامزانی مەسەلەکە لێرە تەواو ئەبێت، وەڵلا بەسەری برایەتیمان ئەویش پرسیارە قورسەکەی لێکردم، کە ئایا بەڕێزم لە جەماعەتی ئەوانم، کە زانی لە جەماعەتی ئەوان نیم، ئینجا پرسی سەر بەچی جەماعەتێکم، کە زانیم کابرا تورکە و خەڵکی شاری ئێسکی شەهیرە، پێم وت،
 "من نە تورکم نە موسڵمان، بەڵکوو جولەکەیەکی کوردم و لە ئایندەدا هەر چوار پارچەی کوردستان رزگار ئەکەین".
کابرا وا واقی وڕمابوو، هەر ئەتووت پەنجەیەکی بەردەرگای قاسەی پارە بەرکەوتووە و پەنەیەکی تریشی لە مەنگەنە دراوە، دەمی هێندەی دوو پێڵاوی 43  کرابوویەوە و نەیزانی ئایا من خەڵکی ئەم هەسارەیەم یان چی ⁉، 
بەدەم خۆیەوە هەر بڵمە بڵمی بوو، شەرەفسز، شەرەفسز، 
هەموو موسڵمانە ئازیزەکان کە دێن بۆ ئەمەریکا، زۆریان پێ سەیرە کە چۆن و بۆچی هەموو خەڵکی ئەمەریکا موسڵمان نین..

کاوە ڕوناک ڕۆمان
نیویۆرک
به‌روار:  23/04/2026
28   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   22
کۆی سه‌ردان:   31318784