لە تەپ و تۆزی ئەم کەم و کورتیەدا، ساتێك بە ئەدەب
هەناوێكی پڕ، لە بەرانبەری دانیشتم وتم ڕۆژانێك هەن هەتا دەستی ڕاستی پڕ میکرۆبم بەسەر دەرووندا دەگرم، دەبینم جەستە لە دەستی چەپکراوم هەڵدێت!.
نازانم دەردی نەزانیە، ئاوڕدانەوە لە ڕابردوو یان نزایەکی ناهەقی ئەوە، ملی منی شکاندوە؟
پرسیم ئەمە منم بەوجۆرە دەستەودامێن گیرۆدەی ئازارێك؟ یان هەر خۆمم و ئازارێکم لە جەستەدا بە دیل گرتوە؟ 
هەمووجار کە لێم دێتە وڕك و بیانو، ئیدی نازانم چۆن و بۆ کوێ سەر هەڵگرم. دەڵێی لەش بۆتە داڵدەری خاشەی سەر و سەریش بە سستی، شل و شڕی ئەم لەشە قایل نیە. من بەدرێژایی تەمەن تەنها یەکجار گازندەم کرد. بە دەنگی گەورەیەك وتم ئازاری من مناڵێکە، کەچی هەموو بە تیزێکەوە گوتیان کە گەورەبوویت لەبیرت دەچێتەوە. 

ئیدی ئەو چاوێکی لێ کزکردم سەر بۆ خوار. وتی: (دەردی سەر، بە دەرمانی بەر دەکرێت). بە قاچی ڕاستی گوژمی دایە کورسیەکەی و خۆی بەروپێشم خشاند. 
ئەژنۆی چەپی بووە بەربەستێك لەنێوان مانەوەی من و هەڵاتنی ترپەکانی دڵم. خڕەی ڕەوڕەوکانی وەك ئەو ئاگرە بوو کە دایکم هەموو بەیانی هەینیەك دەینا بە ژێر گەرماوی ماڵەوە. وتی: “دەزانی مرۆڤ نازانێت چۆن حەکیمی گیانی خۆی بێت؟ من و تۆیش و هەموو ئەوانی دیش پەروەردەی خۆبەخشین و زەبوونی هەمیشەیی کراوین. تەنانەت ناوێرین لە دڵی خۆیشمانا گۆرانیەك بە ڕەنگی عەشقی منداڵیەوە بڵێنەوە. گەر دەستمان بڕۆیشتایە، بە پول، بە خوێن یان بە زەبری تۆقاندن و شەرم، نهێنیەکانمان لە یادەوەری سێبەری خۆیشمان دەسڕیەوە. بیرمان ئەچێت هێڵێك بەسەر جێبەجێ کراوەکاندا بهێنین، تا نیگەرانیەکان دەرکەون و جێگەیان بگرنەوە. چاوەکانی پڕ بوو لە ڕیشاڵی زەعفەران و وتی، من بەش بەحاڵی خۆم ئەو ڕۆژە شکۆم لە قوڕنا کە نەمتوانی (غەزالێك) 🕊️ لە هەمێزی مردن بسەنمەوە”. 

وەلێ ئەو هەناسەیەی کە بەدرێژایی قسەکانی ئەو گرتبووم، سینەی گرژ و گوشراوم بەڕەڵای کردوو و دامەوە. ئەو چینێکی دی لێم هاتە پێش و دەستە خاوێنە، گەرم و دەماراویەکانی خستە سەر شوێنی ژان گرتووم. هەستم کرد وردە وردە پێیەکانم وەك ئەرزی گەرماوەکەمان داغ دەبن. هێندەی نەمابوو لە بەرگی خۆم بێمە دەر.  
ئەو لەو ڕۆژەوە نەك تەنها ملم، بەڵکو ڕۆحیشمی تێکشکاند. من چیدی نە بەرانبەر ئەو دانیشتمەوە و نە لە ئاوێنەی کولانەکەشمدا پرچی شڵەژاوم بە زەبری شە ئارام کردەوە. 

هبە فەیسەڵ
دانیمارک
به‌روار:  22/04/2026
32   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   25
کۆی سه‌ردان:   31318792