|
هاوپەیمانیی حیزبەکانی کوردستانی بندەستی ئێرانێ
:
هەوری تاریکیی و بێئومێدیی
وەلانان و لێئەستاندنەوەی مافی ئەندامێتیی لە پژاك لە کۆنگرەی ئازادیی ئێرانێ خەتایێکی ستراتیژییە لە دژی سەرخستنی هاوپەیمانیی حیزبەکانی کوردستانی بندەستی ئێرانێ.
ئەو ڕەفتارە، جارێکی دیکە سەرشکستی سیاسەتیی کوردیی و سووك نیشان دانی دۆزی نەتەوەیی وەبیر داگیرکەران دێنێتەوە. چونکە، هەر دوای مانگێك و سێ ڕۆژ لە تەمەنی ئەو هاوپەیمانییە کە ئومێدێکی ڕۆشنی ئاسۆی خەباتی نیشتیمانیی نیشان دا، جارەکی تر میللەت لەو بەشەی مەملەکەت بێئومێد کرا.
ئەگەر ئەو هاوپەیمانێتییە لەسەر بنەمای ستراتیژیی نیشتیمانیی و لەناو چارچێوەی بەرپرسیارێتیی ڕەوشتیی ــ مێژوویی دامەزرابێ، نابێ نەك هەر وەها زوو، بەڵکو نابێ لەژێر هیچ گوشارێك ئەندامانی ئەو هاوپەیمانێتییە پشت لە ئێکتری بکەن. هیچ هۆکارێك پاساوی ئەو ڕەفتارە نانیشتیمانییە نادا.
لە کۆتایی، لە کاتێك کە هیچ پێوەندێکم بە پژاك یان هیچ ڕێکخراوێکی ڕاویاریی هیچ بەشێکی کوردستانێ نیە، داخوازییم لەو حیزبانەی کە لە پشت ئەو بڕیارە بوونە ئەوەیە: با بۆخاتری خوێن و خاکی پیرۆزی سەر گۆڕی پێشەوا، خوێن و خاکی سەر گۆرگەلی سلێمانی موعینیی، خەلیل شەوباش، مەلا ئاوارە، دوکتور قاسملو، دوکتور شەڕەفکەندیی، فوئادی مستەفا سوڵتانیی، تەواوی شەهیدانی ئەو بەشەی بندەستی ئێرانێ و شەهیدانی کوردستانا مەزن، هەڵوێستەیێکی نیشتیمانیی لەسەر ئەو بڕیارە بکەن و پێش ئەوەی درەنگی بەسەردا بێ، ئەو خەتایە ڕاست بکەنەوە و هاوسەنگەریی دەنێو ئەو هاوپەیمانێتییە پتەوتر بکەنەوە بە جۆرێك کە هیچ داگیرکەرێك یان هیچ هێزێکی ناحەزی دەرەکی یان نێوخۆیی تر نەتانی لێکی بترازێنی.
بە ئومێدی ئێکڕێزیی و سەقامگیریی زێتری هاوپەیمانی حیزبەکانی کوردستانی بندەستی ئێرانێ.
کرمانج گوندیی
ناشڤیل
بهروار: 29/03/2026
26 جار خوێندراوهتهوه
|