|
فاتم ئەو ژنە چەمچەماڵیەی بۆ 2 مانگا شەهید بوو.
ڕۆژی 1991.4.1
مانگی ئۆکتۆبەری 2024 سەردانی گۆڕی " شەهید ئاسۆ ی برام و شەهید شێرکۆ عەبدوڵا" م کرد کە چلەمین ساڵیادیان بوو.
پاشان چوومە ئەو گۆڕستانەی بەرامبەر گۆڕستانی سەیوانە و گۆڕهەڵکەنێکی لێیە، ووتم:
پرسیارێکی قۆڕ بکەم؟
ووتی: بەس با زۆر قۆڕ نەبێ.
کە چیرۆکەکەم بە کورتی گێڕایەوە ، ئەو ووتی:
من گۆڕی باپیرەی خۆم بە زەحمەت دەدۆزمەوە، جا تۆ لێرەوە فاتیحایەکی بۆ بخوێنە پێی دەگات.
چیرۆکەکە:
ڕۆژی 1991.4.1 خەڵکی بەختیاری لە مزگەوتی حاجی حەسەنی لۆکە ، بە دیار تەرمی " شەهید شیروانی کاک شەوکەتی دوکاندار" ەوە بووین کە دەشۆرا و لە چیمەن شەهید بوو بوو.
تەرمی ژنێکیان هێنا کە کوڕێکی لەگەڵدا بوو.
تەرمی ژنەکەش برا بۆ گۆڕستان و بە جل و بەرگەوە نێژرا.
شەو کوڕەکە لە ماڵی ئێمە بوو، ووتی:
ئێمە خێزانێکی ئەنفالین و لە چەمچەماڵین و دایکم " فاتم" ی ناوە.
کە کەرکوک گیرایەوە پێکەوە بەرەو سلێمانی هەڵاتین.
دوو مانگامان هەبوو، لە ڕێگا کە کۆپتەر کەوتە بۆردومان کردن، ووتم دایکە مانگاکان بە جێبهێڵە با نەکوژرێیت.
دایکم ووتی: کوڕم ئێمە بەم دوو مانگایە دەژین چۆنی بە جێبهێڵم.
کە کۆپتەرەکە گەڕایەوە سەرمان من دوورە جادە بووم و دایکم بەرکەوت.
کوڕەکە زۆر ماندوو بوو ، هەر ئێوارە خەوی لێکەوت.
بۆ شەوەکەی کۆڕەو دەستی پێکرد ، ماڵی ئێمە بە گەڵابەکەی " کاک ئیسماعیل" ی ڕەحمەتی خەزوورم هەڵاتین و کوڕەکەش تا عەربەت لەگەڵمان بوو.
پێش جیا بوونەوە،باوکم ووتی:
ئەمەی بدەرێ ئەو داماوە لەوە ناچێت هیچی پێ بێت.
زۆربەی جاران لە سەردانەکەی کوردستان کەسەردانی گۆڕەکانی خۆمان دەکەم ، دەچمەوە نزیک گۆڕەکەی" فاتم چەمچەماڵی" و ناشزانم کامە گۆڕه ، بەڵام فاتیحایەکی بۆ دەخوێنم.
من هەمیشە لە یادی کۆڕەودا " مەلا شیروان و فاتم چەمچەماڵی " دێنەوە بیرەوەریم و هەمیشە له یادمن.
وێنەکە: شەهید مەلا شیروانی کاک شەوکەتی دوکاندار و ژنە ئەنفالێکی گەرمیان و خۆم لە نزیک گۆڕەکەی فاتم چەمچەماڵیەوە.
شێرزاد عەزیز
مالمۆ
https://www.malmokurd.com/News-45838-6
بهروار: 28/03/2026
84 جار خوێندراوهتهوه
|