ڕۆیتەرز: قەیرانی ئێران لە دەست ترەمپ دەردەچێت
ڕۆیتەرز: 
سێ هەفتە دوای دەستپێکردنی جەنگ، قەیرانی ئێران لە دەستی ترەمپ دەردەچێت

سێ هەفتە بەسەر دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێراندا تێدەپەڕێت، نیشانەکان دەریدەخەن کە ئەم جەنگە نەک هەر نەگەیشتووەتە ئەو ئامانجانەی واشنتۆن دەیویست، بەڵکو بووەتە قەیرانێک کە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتەکەی دۆناڵد ترەمپ دەردەچێت. 

لە کاتێکدا کۆشکی سپی لە سەرەتاوە وای نیشان دەدا کە ئەمە ئۆپەراسیۆنێکی کورتخایەن و سنووردار دەبێت، بەڵام ئێستا ڕاستییەکی جیاواز لە ئارادایە: نرخی وزە لە جیهاندا بە خێرایی بەرز دەبێتەوە، ئەمریکا لە ناو هاوپەیمانەکانیدا گۆشەگیر بووە، هێزی زیاتر ڕەوانەی ناوچەکە دەکرێت و هیچ ئاسۆیەکی ڕوونیش بۆ کۆتاییهاتنی جەنگ نابینرێت.

گەرووی هورمز بە کردەیی داخراوە یان تووشی پەککەوتنی توند بووە. بەهۆی نەمانی نزیکەی ٢٠ ملیۆن بەرمیل نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا، نرخی نەوت بە شێوەیەکی مەترسیدار یاری دەکات.

ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکدا لە واشنتۆنەوە دەنووسێت کە ترەمپ ئێستا لە ناو قەیرانێکدا گیری خواردووە کە لە ڕووی سەربازی، سیاسی و ڕاگەیاندنەوە کۆنترۆڵکردنی بۆی ئەستەم بووە. ئەو ڕۆژی هەینی بە تۆنێکی بەرگرییانە، هاوپەیمانەکانی ناتۆی بە "ترسنۆک" ناوبرد، چونکە ئامادە نین بەشداریی پاراستنی ئاسایشی گەرووی هورمز بکەن. ترەمپ سوورە لەسەر ئەوەی کە کارەکان بەپێی پلان دەڕۆن، بەڵام ڕاستییەکانی سەر زەوی شتێکی تر دەڵێن: ئێران سەرەڕای هێرشە قورسەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، هێشتا بەردەوامە لە بەرگری، ڕێڕەوی نەوت و غازی لە کەنداو تێکداوە و هێرشە موشەکییەکانی بۆ سەرانسەری ناوچەکە فراوان کردووە.

ئارۆن دەیڤید میلەر، شیکەرەوەی باڵا و دانوستانکاری پێشووی ئەمریکا، دەڵێت: ترەمپ لە ناو "سندوقێکدا بە ناوی جەنگی ئێران" گیری خواردووە و نازانێت چۆن لێی بێتە دەرەوە. ئەو ڕەخنە لەوە دەگرێت کە دەوڵەتی ترەمپ هیچ "پلانی دووەم" یان ستراتیژییەکی ڕوونی بۆ چوونە دەرەوە لەم قەیرانە نییە.

ئەم دۆخە بۆ ترەمپ کە بە دروشمی "دوورکەوتنەوە لە جەنگە گەمژانەکان" گەڕایەوە سەر دەسەڵات، بووەتە دژایەتییەکی گەورە. ئێستا نە ئەنجامی جەنگ و نە گێڕانەوە سیاسییەکەی لە ژێر دەستی ئەودا نین. شیکەرەوەکان دەڵێن نەبوونی ڕێگەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە ناوبانگی سیاسی ترەمپ و لاوازکردنی پێگەی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێسدا.

لە بەرامبەردا، بەرپرسێکی کۆشکی سپی ئەم قسانە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت جەنگەکە سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە، چونکە ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە باڵاکانی ئێران کوژراون و زۆربەی هێزی دەریایی و توانای موشەکی ئەو وڵاتە لەناوچووە. بەڵام تەنانەت ئەگەر ئەمەش ڕاست بێت، واقیعی گۆڕەپانەکە ئەوەیە کە ئێران هێشتا دەتوانێت هاوکێشە ناوچەییەکان و بازاڕی وزە تێک بدات.

ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرز ئاماژە بەوە دەکات کە هاوپەیمانە نەریتییەکانی ئەمریکا، بەتایبەت ئەوروپییەکان، ئامادە نین هێزی دەریایی بنێرن بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز. ئەمەش نیشانەی تێکچوونی پەیوەندییەکانی ئەمریکایە لەگەڵ دۆستە کۆنەکانی لەسەردەمی ترەمپدا.

لە ناو کۆشکی سپیشدا نیگەرانی هەیە. هەندێک ڕاوێژکار داوا لە ترەمپ دەکەن ڕێگەیەک بۆ "خروجێکی بەڕێزانە" بدۆزێتەوە، بەڵام ترەمپ لەسەر دووڕیانێکی سەختە:
١. یان دەبێت جەنگەکە فراوانتر بکات و هێرش بکاتە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئێران و هێزی زەمینی بنێرێت، کە ئەمەش ئەمریکا دەخاتە ناو جەنگێکی درێژخایەن کە خەڵکی ئەمریکا نایانەوێت.
٢. یان دەبێت بەبێ ڕێککەوتن ڕایبگەیەنێت کە سەرکەوتووە و لە جەنگەکە بکشێتەوە، کە ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی هاوپەیمانە عەرەبەکانی لەبەردەم ئێرانێکی بریندار و توڕەدا بە تەنیا جێبهێڵێت.

هەروەها بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە ناوخۆی ئەمریکا (تا ٥٠ سەنت بۆ هەر گالۆنێک) بووەتە هۆی ئەوەی لایەنگرانی ترەمپیش (MAGA) نیگەران بن. خەڵک دەپرسن بۆچی دەبێت باجی جەنگێک بدەن کە ژیانی ڕۆژانەیانی گران کردووە.

لە کۆتاییدا، ڕاپۆرتەکە دەڵێت گەورەترین هەڵەی ترەمپ ئەوە بوو کە بەرگری و کاردانەوەی ئێرانی بە کەم سەیر کرد. ئێران ئەم جەنگە وەک مەترسی لەسەر "مان و نەمان" دەبینێت و هەموو هێزی خۆی بۆ تێکدانی هاوکێشەکان بەکار دەهێنێت. ترەمپ ئێستا نەک هەر لە مەیدانی جەنگ، بەڵکو لە شەڕی میدیاییشدا خەریکە سەرکەوتن لەدەست دەدات و بە توڕەییەوە هێرش دەکاتە سەر ئەو میدیایانەی کە ڕاستییەکان بڵاو دەکەنەوە.
توانا نوری
به‌روار:  22/03/2026
24   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   214
کۆی سه‌ردان:   31200665