|
بۆ مەرگی "شاسۆ" 🇺🇸
بۆ مەرگی "شاسۆ" 🇺🇸
"شیوەنمە یاران"
ئەستێرەکەی هیوای ژینم،
لەو رۆژەوە تۆی نەدیوە سۆمای چاوم،
ئەژنۆکانم لە باوەشمە و کزۆڵە
لە چاوەڕوانیتا هەڵکورماوم…
چاوەڕوانم، بە کۆڵەپشتەکەتەوە،
وەکو جاران خرینگەی کلیلەکانت،
دەرگاکەی ماڵ ئاوەڵاکا،
ئاخر خۆ تۆ باسی کۆچت نەکردبوو!
نەتگوت ئیتر نایەمەوە و
بەرەو گزنگی خۆر ئەڕۆم،
بۆیە ئاوا، لە چاوەڕوانیتا،
بە لەرزۆکی دۆشداماوم…
کوڕە خۆشەویستەکەم،
بەندی جگەر و توێی دڵم…
بیری شەوشاد و باوەشەکانت ئەکەم،
بیری زەردەخەنە و قسە خۆشەکانت ئەکەم..
بیری شەترەنج و هێرش و وردە کشەکانت ئەکەم…
بیری بۆنی عەترئاسای لامل و سەرشانت ئەکەم…
(شاسۆ)ی گیانم،
بە کۆچی تۆ،
ئەم بەهارە خەزانێکە و پڕ لە خارە…
کە خونچەی ژینی تۆ ژاکا،
ئیتر گوڵزاریش بێ بۆن و خاکەسارە…
گلێنەکەم،
لەو ساتەوە هەواڵی ئەم کۆچەت
چزا بە هەستما،
هەنسک بەربینم بەرنایا و
هەتا فرمێسک سینە و باوەشم تەڕ نەکا، نەمزانیوە چەندە بە کوڵ بۆت گریاوم….
گەنجینەکەم،
نۆزدە ساڵی تەمەنی تۆ،
بۆ من باخی ئیرەمێ بوو،
بۆ دایکت و خوشکەکانت،
جەننەتی پڕ نەعیمێ بوو،
ئێستای بێ تۆ،
هەر ناڵینی پێداریە و سوێ و ئازاری
دابڕانەکەی تۆیە…
پڕ لە گریە و ئاخ و ژان و هەناسەی
پڕ لە بۆسۆیە…
جوانەمەرگە نازارەکەم،
ئێستای تەمەنی بێ تۆیم،
بارێکی یەکجار گرانە بەکۆڵمەوە و
ئەژنۆکانم لەرزۆک ئەکا،
بەتاڵ ترم لە بۆشایی ئاسمان و
خۆزگەکانم بەرەو سەراب
تاوم ئەدا…
لەو رۆژەوە
بەگڕکانی ناخمەوە ئەتلێمەوە،
لەو ڕۆژەوە هێدی هێدی ئەتوێمەوە و
وەکو بەفری بەر خۆرەتاوم،
ئەوەی ماومە بۆ دیدارت،
دەرونێکی تینووی ڕوخسارەکەی تۆیە،
ئەوەی ماومە،
ڕواڵەتێکی پەرێشان و پەشێومە و
جەستەیەکی هەزار پارچەی تێکشکاوم…
ماردین محەمەد جەژنی
" شاسۆ ماردین جەژنی" تاقانەکەی خێزانەکەی بوو کە لە ڕۆژی2026.3.8
بەکارەساتێکی دڵتەزێن لە ناکسڤێل گیانی سپارد، و تەمەنی 19 ساڵ و خەڵکی شاری سلێمانی ە.
ڕەوانی شاد و ئارام
بهروار: 22/03/2026
23 جار خوێندراوهتهوه
|