کەڵەشێری ناوەخت🐓

کەڵەشێر وەک دیارە و سرووشتی وایە لە بەرەبەیانەوە دەخوێنێت تا وەختی تاوپەڕ، جاران بڕوا وا بووە، ئەگەر کەڵەشێر لە دوای خۆرئاوابوونەوە واتە لە شەودا بخوێنێت ئەوە شوومیی و وەی بە دەمەوەیە و نوقڵانەی خراپ لێ دەدات. لە هەندێک جێ؛ دەیانوت ئەوە لە عومری یەکێک دەخوێنێت، واتە جاڕی مردنی یەکێک لێ دەدات. بۆیە هەر ئازا کەڵەشێرەکەیان سەردەبڕی، دەیانوت سەری خۆی خواردووە.
((کەڵەشێری ناوەخت سەری خۆی دەخوات))

لە هەندێک جێی تر، بڕوا وا بووە کەڵەشێر کە لەناوەختدا بخوێنێت. شەڕوئاژاوە ڕوو دەکاتە ماڵی خێوەکەی و ژنومێردی ئەوماڵە؛ لێیان دەبێتە ناکۆکیی و زیزبوون و تۆران. ئەمیش دیسان هەر سەری بە بەبڕین دەچوو!
وتراویشە خوێندنی کەڵەشێر لە نیوەشەودا، بۆیە پێی دەڵێن ژن زیزان، ژن تۆران، پیرێژن تۆران.
چونکە ئەو ژنانەی کە لە ماڵی مێردیان تۆراون؛ تا ئەوکاتە بە هیوان مێردیان بێتەوە بە شوێنیاندا و لەوە بەدوا بێئومێد دەبن لەوەی بێنەوە بە شوێنیدا.
بە شێوەی دەگمەنیش هەیە مریشک؛ وەک کەڵەشێر دەخوێنێت. 
ئەوەیان بە دژوەستانەوەی سرووشتی خۆ؛ داناوە و وتوویانە ئەمە لە بونیەتی خۆی لایداوە و دەبێت سەری بە بڕین بچێت!

ئەم سەرۆکە ناوەختە جیهانی بە چ دەردێک بردووە بۆ دۆلار و نەوت.
گەر لە کۆڵ جیهان نەبێتەوە جەنگی جیهانی سێیەم  لەسەر دەستی ئەم شومەدادەگیرسێت و سەری مرۆڤایەتی دەخوات.
به‌روار:  07/03/2026
38   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   84
کۆی سه‌ردان:   31163253