|
سەوادی کوردییم نیە!
زمان نیشتیمانە
(بەبۆنەی ڕۆژی زمانی زگماک، یان دایک، سێیەم بابەت لە سێ بابەتدا)
پاییزێکی درەنگی ساڵی ١٩٨١ز بوو. زۆر نەبوو لە دروستکردنی هۆڵێکی گەورەی کۆبوونەوەکان ببووینەوە، کە ڕێک دەکەوتە بەردەم بارەگای ناوەندیی کۆمەڵە، لە بەرزاییەکەی (نێوزەنگ)، لە پشت کێوی بەرزی مامەندە، کە دوو دیوی سەردەشت و پشدەر لێکجیادەکاتەوە.
لەگەڵ من، وەستا جەلال، جەلال جەوهەری دەرچووی بیرکاری، قادری حاجی عەلی، دەرچووی جیۆلۆجی، کاکە عەبەی دەرچووی زانستی ژمێریاری و کاریکاتیریست و زۆری دیش، کرێکاری خۆبەخشی دروستکردنی هۆڵەکە بووین. ببورن کە ناوی هەمووتانم تۆمار نەکردووە.
لەکاتی تەخت کردنی ناو هۆڵەکە، بۆ دانانی کورسی خۆماڵیی، بەردێکمان هەڵکەند و کانیاوێک لە ژێری دەربوو، بۆیە ناچار بووین بە پەلە کونێک لە دیوار بکەین و بە جۆگەڵەیەکی باریک و قووڵ، ئاوەکەی لێ ببەینە دەرەوە. ئیدی بە دانانی چەند تاسەیەکی ئاوخواردنەوە، بە درێژایی جۆگەی کانیاوەکە، کێشەی ئاوگێڕانیشمان، لە کاتی کۆڕ و کۆبوونەواندا نەما.
ئێوارەیەکی سەربەتەمی ڕۆژی ٢١/١١/١٩٨١ز، هەلێک بوو تا یەکەمین چالاکی لەو هۆڵەدا ڕێکبخرێت. ئەو ڕۆژە، یادی پێنج ساڵەی لە سێدارەدانی (خاڵە شیهابی کوڕی شێخ نوری شێخ سالحی شاعیر، مامۆستا جەعفەری مامۆستای ئینگلیزیمان و برای هونەرمەند خالید دلێر، ئەنوەر زۆرابی نووسەر و کرێکاری کەرکوکیی) بوو.
بۆ ئەو یادکردنەوەیە، سەرکردەکانی کۆمەڵە و یەکیەتیی، لەگەڵ سەرکردایەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان (ڕۆژهەڵات)، ئالاڕزگاری، کاوە، لە (باکور). حیزبی ڕەنجبەرانی ئێران و دەستەی دیش بانگ کرابوون.
هۆڵەکە لە پێشمەرگەی هەموو پارچەکان جمەی دەهات. هاوڕێیانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان، تازە بە تازە شەیدای بە ئێرانێدا پان بوونەوە ببوون. هێشتا چ فارسێک، یان کەسانی دی سەر بە نەتەوەیەکی دی ئێرانیی نەهاتبوونە ڕیزەکانیان. هەبوو نەبوو، کوڕێکی گەنجی (عەجەم)یان لابوو، کە پێیاندەگوت (مەجید). ئەوان بۆ تۆخ کردنەوەی ئێرانیی بوونیان، بۆ هەرکوێیەک چووبان، مەجیدیشیان لەگەڵ خۆیان دەبرد. واتا پاروی مەجید کەوتبووە ڕۆنەوە. ئەو ئێوارەیەش، مەجید لەوێ بوو.
نۆرەی کاک عەبدولای موهتەدی هات، تا بێتە سەر سەکۆو گوتەیەک بە یادی ئەو سێ تێکۆشەرە پێشکەش بکات. هەموو چاوەڕوان بووین داخۆ چی دەڵێت. کاک عەبدوللا هاتە پێش و پوختەو جوان دەستی کرد بە فارسی گوتار دان. چ فارسیەکی ڕەوان بۆ ئەو خەڵکەیە دەدوا، کە ڕەنگە جگە لە چەند دانەیەکی، وەک سیامەند شاسواریی سەقزیی، ئەوەی دی وایانزانیبێت گوێزیان بۆ دەژمێرێت. باش بوو لە کورتی بڕیەوە.
دوای کۆتایی هاتنی بۆنەکە، لە هۆڵ هاتینە دەرێ. کاک عەبدوللا لە نزیکم ڕاوەستابوو. ئیدی نەمتوانی لەو کارە نەگونجاوەی بێدەنگ بم. چوومە پێشی و سڵاوم لێکرد، ئینجا بە کوردی لێمپرسی کە چۆن بوو بە فارسی دوای، لە کاتێکدا کوردیەکەت هیچ کێشەیەکی نیە؟
وەڵامەکەی حەپەساندمی. گوتی: حەزم لێبوو گوتارێک بە کوردیی بخوێنمەوە، بەڵام سەوادی کوردییم نیە!!.
لای من سەواد نەبوون، واتا نەخوێندەواریی. باشە کاک عەولا نەخوێندەوار نیە، ئەی بۆ وا وەڵامی دامەوە. دواتر هەمان دەربڕینی (سەوادی کوردییم نیە)م، لە زۆر کەسی دیش، لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بیستەوە و بە گوێچکەکانم ئاشنابوو. واتا ناتوانم کوردی بخوێنمەوە.
بێگومان دوای تەمەنێک لە باشور مانەوە، نەک هەر کاک عەبدوللای موهتەدی، بگرە مەجیدەکانیش، سەوادی کوردییان شان لە شانی فارسییەکە دەدات. هەندێکیان لەوەش باشتر کوردیی فێر بوون. تەنانەت کاتێک کە کاک عەبدوللاکان، لە کەنالە فارسییەکاندا، بە فارسییش دەدوێن، لەکنەی کوردیی بە زمانیانەوە شۆڕبۆتەوە و لێیان نابێتەوە.
شاسوار هەرشەمی
ستۆکهۆڵم
بهروار: 23/02/2026
47 جار خوێندراوهتهوه
|