جان دۆست و کنوت هامسون

ڕووداوەکانی چەند هەفتەی ڕابردوو لە ڕۆژئاوای کوردستان، نەتەوەی ئێمەی ڕاچڵەکاند، لە خەوێکی سەدساڵە بە ئاگای هێناین. کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان و لە هەندەران، هەمووان پێکەوە رابوون.

ئێستا ئەو ئەگاییە نەتەوەییە، خەریکە شۆڕدەبێتەوە بۆ جومگە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەکان.

بایکۆتکردنی کتێبەکانی نووسەری کوردی ڕۆژئاوا، جان دۆست، بەهۆی بەشداری لە پێشانگای کتێب لە دیمەشق، بە ئامادەبونی سەرۆکی ڕاگوزەری سوریا، ئەبو محەمەد جولانی (ئەحمەد شەرع)، هەنگاوێکی ئاگایانەی نووسەران و خوێنەرانی کوردە.
جان دۆست ساڵانێکی زۆرە لە ژێر ناوی دژایەتیکردنی قەندیل و حیزبە دەسەڵاتدارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان وەستاوە، ئەمەش مافی خۆیەتی، نابێت هیچ نووسەرێک بە هۆی هەڵوێستی سیاسییەوە سزا بدرێت.
بەڵام کاتێک هەڵوێستەکان سنووری حیزب و سیاسەتی ناوخۆ تێدەپەڕێنن و دڕ بە هێڵە سوورە نەتەوەییەکان دەدەن، پێویستە هەموان بڵێین، بوەستە!

نووسەری بە ناوبانگی نەرویجی کنوت هامسون، ساڵی ١٩٢٠ خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی پێ بەخشراوە, بەڵام لە جەنگی دووەمی جیهانی، ئاشنایی لەگەڵ ئادۆلف هیتلەر پەیدا دەکات و دوو جار هیتلەر دەبینێت.
دوای جەنگی جیهانی دووەم، نەرویجییەکان لەسەر هەردوو ئاستی حکومەت و نەتەوە، بایکۆتی هامسون دەکەن. لە هەشتا ساڵی ڕابردوودا چەندین حیزبی سیاسی، بە چەپ و ڕاستەوە، حکومەتیان پێکهێناوە، بەڵام هیچ حکومەتێک ئامەدە نەبووە، تەنیا کۆڵانێکی بچووکیش بکات بە ناوی کنوت هامسونەوە. خۆ گەر هەر حکومەتێک بیر لە هەڵەیەکی وا بکاتەوە، دەکەوێتە بەر نەفرەتی گەلی نەرویج.

ئەوەی ئێستا لە باشووری کوردستان ڕوودەدات رێگا درووستەکەیە.
بایکۆتکردنی جان دۆست، بۆ ئەوە نییە ئێمە نووسەرەکانی خۆمان فڕێدەینە باوەشی نەیارەکانمانەوە، بەڵکو بۆ ئەوەیە بە ئاگا بێنەوە و بە خۆیاندا بچنەوە و بگەڕێنەوە ناو گەلی خۆیان.

شوان حەمە
ئۆسڵۆ 2026.2.14
به‌روار:  14/02/2026
25   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   41
کۆی سه‌ردان:   31115661