زمانی تورکی
«من جوتیاربووم، جووتیار لە هەر کەس باشتر دەزانێت هەموو زمانێکی دونیا جوانە. بەیانییان دەچیتە سەر کێڵگەکەت و دەبینیت چۆلەکە بە زمانی خۆی دەخوێنێت، پشیلە بە زمانی خۆی دەمیاوێنێت، کەر بە زمانی خۆی دەزەڕێت، بەڵام تۆ ناتوانی بە زمانی خۆت گۆرانی بڵێیت، ئەو کاتە هەستدەکەیت تۆ چەند لە حەیوان نزمتر سەیرکراویت».
یەکەم قومی لە چاکەیدا و دەستیبرد سەری جامۆڵکەیەک ماستی لادا و نانێکی لەتکرد و گووتی «وەزیفەکەت لابە.. وەزیفەکەت لابە و وەرە جارێ بەرچاییەکەت بخۆ. ئا... کاتێک دەچیتە سەر کێڵگە و پاچ و خاکەناز هەڵدەگریت و لە ناکاو دەتەوێت گۆرانی بڵێیت و لە ترسی کۆمەڵێک ژەندرمە کە بەو ناوەدا دەڕۆن بێدەنگ دەبیت، ئەوسا تێدەگەیت کێشەکە ئەوە نییە زمانێک دەزانیت یان نایزانیت. کێشەکە ئەوە نییە دەزانی بە تورکی بە عەرد یان بە هەور دەڵێن چی و بە کوردی نایزانیت، بەڵکو ئەو کۆیلایەتییەیە شانت داوەتە بەری ... لە تۆ وایە ئەم تورکانەی هاتوونەتە سەر کێڵگە و ئاوی ئێمە، بە زەبری گوللـە و قامچی و لێدان و کوشتن زمانەکەیان لە بەچە و زارۆی کورد قەدەغەکردوە غەمی زمانی تورکییان بووە؟ نا بابە ... نا. ئەو زمانەی ئەوان بۆیان هێناوین هەر بۆئەوە بووە دەمێک شەقیان لێداین و پێیانگووتین "فاهیشەنن ئۆغلو" باش تێبگەین دەڵێن چی. دەمێک نەڕانیان بەسەرماندا "کەپە چەنەنی" ئیدی هیچ نەڵێین. ڕاستییەکەی ئەوان نایانەوێت نە تورکی، نە کوردی، نە هیچ زمانێکی تری دونیا قسەبکەین. کاتێک کوردییان لێ سەندوینەتەوە بۆ ئەوە نەبووە تورکیمان فێربکەن، بەڵکو بۆئەوە بووە بێدەنگیمان فێربکەن».
بەختیار عەلی
داگیرکردنی تاریکی
بهروار: 17/01/2025
32 جار خوێندراوهتهوه
|