هــــــۆ جەنەراڵ
پاریس 🇫🇷
تێڕمانی هەناسەت و وێنەکانت سڕیان کردووم
بیرو هۆشم
ڕۆح و لەشم
وەک ئەژدیها رادەچڵەکێن توڕە و هار و کەڕیان کردووم
هۆ جەنەراڵ
ناو و شێوەت
قسە و جوڵەت
وەک کوردێکی بێ ماڵ و جێ وردیان کردووم
هۆ جەنەراڵ
فەرماندەکەی بێ ئەستێرە و بێ شیر و داڵ
ئێستا کە کورد بەس تۆی هەیە
کەس ناتوانێت ترس و شکان یا دۆڕانی بداتە پاڵ
هۆ جەنەراڵ
رۆحم بۆتۆ چاوم بۆتۆ
دەتوخوا دەی بیپارێزە
گەلی کوردی بێ ماڵ و حاڵ
هۆ جەنەراڵ
پێمان ناڵێی تۆ لەکوێ بووی
بۆچی ونبووی ئەی بێ ویژدان
تۆ گەورەتری لە گیڤارا و جەنگیزخان و عومەر موختار
تۆ دەزانی ؟
چل ملیۆن کورد هاواردەکەن هۆ جەنەراڵ
رۆژی کوردت
لە رۆژئاوا توند گرتووە
باش بزانە مەزڵومێ مە
سەردەکەویت بەسەر تورک و کۆڵۆنیال و سوپای قاجار
هۆ جەنەڕاڵ
نە باشور و رۆژهەڵات و نە باکوری خاکی کوردان
وانامێنن رۆژێک هەر دێت ئازاد دەبن
ئەوکات بڵێ من مەزڵومم کوڕی بێشکەی خاکی کوردان
عەبدوڵڵا پەشێو
تشرینی یەکەمی 2019
فینلەند.
بهروار: 12/01/2025
20 جار خوێندراوهتهوه
|