وتاره‌كان
دەوڵەتی کوردی و (تاکۆس-بەڵامەکان)!
 کامیل ژیر

                                               
سەری خۆم نائێشێنم بە بەکرێگیراوان و ناپاکانەوە. ئەوانە بۆ رازیکردنی ئاغاکانیان ، هەرئەبێ دژی دەوڵەتی کوردیبن، بەزستان جارێک ئەوترێ سارد. ئەم مێزگردە بۆئەوانەیە کەپاکن و پڕبەدڵ خوازیاری دەوڵەتی کوردین، کەچی یەکی (تاکۆس-بەڵام)ێکیان بەدەستەوەیەو ئەیخەنە بەر رەورەوەی سەربەخۆیی کوردستان!. فەرمون ئێوەو مێزگردەکە:
یەکەم:من باوەڕم بەدەوڵەتی کوردی هەیە، بەڵام ئێستە کاتی نیە.
مێزگێڕ:بەخێرێ کەی کاتی دێ!؟ لەتێکچونی دەوڵەتی مادەوە تائێستە هەر کاتی نەهات!؟
دوەم:گەرچی مافی چارەنوس بۆهەمو نەتەوەیەکە، بەڵام ئەبێ ئێمە پلەبەپلە بۆیبچین، وەک: پلەی یەکەم مافی رۆشنبیری، دوەم ئۆتۆنۆمی، سێیەم فیدرالی، چوارەم کۆنفیدراڵی، پلەی پێنجەم سەربەخۆیی.
مێزگێڕ:پەیژەیە! بۆچی ئەبێ ئەم پلەوملەیە هەر بەباڵای کوردا بڕابێ؟ کوا کام لەنەتەوەکانی دنیا بەو پلانەدا چونەتە سەربانی سەربەخۆیی؟ ئنجا ئاخۆ هەر پلەیەک چەن سەدەی ئەوێ!؟
سێیەم:سەربەخۆیی رەوایە، بەڵام باجارێ گشتپرسییەک بۆناوچەدابڕاوەکان بکەین، دواییش گشتپرسییەک بۆخۆمان و ....
مێزگێڕ:تۆ تازە ئەمانگێڕتەوە بۆ مادەی بەدناوی 140!؟ ئەو مادەیە لە 2007ەوە تۆپیوە. گرەو لەسەر ئەسپی تۆپیو ناکرێ! پێشمەرگەی قارەمان جۆگەیەک خوێنی رشت تا دەستیگرت بەسەر ئەو ناوچانەدا!! ئەگەر دوربا بەچەقەنەی بەرپرسێکی گەندەڵ کە لەسایسێبەردا پاڵیداوەتەوەو لرفیلێئەدا، لەو ناوچانە بکشێنەوە، ئەوە دڵنیابن بەر غەزەبی نەتەوە ئەکەون!.. گشتپرسیش قومارە، یائەیبەیتەوە یائەیدۆڕێنی! ئنجا ئاخۆ کەسی ژیر، قومار لەسەر مافی خۆی ئەکا!؟ ئەگەر چاوێکیش بەمێژودا بگێڕینەوە، لە سێوچوار نەتەوە زیاتر نابینین لەڕێی گشتپرسییەوە دەوڵەتی خۆی راگەیاندبێ. بۆچی چاو لە(210)دەوڵەت بنوقێنین و تەنیا چاو لەچواریان بکەین!؟
چوارەم:سەربەخۆیی مافی هەمو نەتەوەیەکە، بەڵام ئەبێ جارێ ئێمە ئارام و خاوەن سەروەری و خاوەن تواناو داهاتبین و لەژێر هەژمون و گوشارو سێبەری هیچ دەوڵەتێکدا نەبین و ...
مێزگێڕ:کۆمەڵێ مەرجی چاکە لەکولەکەی خەیاڵدا!. پرسیار ئەوەیە: لەسەر کام ئەستێرە!؟ ئەگەر لەسەر زەویبێ، مەگەر ئەو مەرجانە لە ولایەتەکانی ئەمریکادا هەبن بۆ سەربەخۆییان ئەگەر بیانەوێ! ئنجا ئاخۆ ئەو هەمو دەوڵەتانەی دنیا، پێشەکی ئەو هەمو مەرجانەیان دەستەبەرکردبو پێش سەبەخۆییان!؟ پرسیاری دوەم: تا سەربەخۆییەکی رێژەیی دەستەبەر نەکەین، تەنانەت لەشارێکیشدا، چۆن ئەبینە خاوەن سەروەری و تواناو داهات و چۆن ئارامئەبین؟ پرسیاری سێیەم: ئێستە جگە لە ئەمریکا، چ دەوڵەتێکیتر لەژێر هەژمون و گوشارو سێبەری هیچ دەوڵەتێکیتردا نیە؟؟ ئێمە ئەگەر نەشبوینە خاوەن دەوڵەتێکی سەربەخۆی رەها، نابێ دەوڵەتێکی ژێر سێبەریش رەتکەینەوە لەبابەتی ئەو دەوڵەتانەی سەرەتا لەژێر سێبەری نێودەوڵەتیدابون.
پێنجەم:من تا سەر ئێسقان لەگەڵ سەربەخۆییدام. بەڵام ئەمانە موچەیان پێدابینناکرێ، گەندەڵییان بۆ بنەبڕناکرێ چونکە خۆیان گەندەڵن..ئاخر ئەگەر لەدەوڵەتی سەربەخۆشدا هەر ئەم گەندەڵانە فەرمانڕەوابن، ئەو دەوڵەتە بۆچیچاکە!؟ درۆئەکەن، هەر بۆ موزایەدەیە! چاوەڕوانی هێلکە لە بەراز ناکرێ..
مێزگێڕ:لەسەرخۆ کاکە لەسەرخۆ! هێلکە بەدورمەبینە لەبەرازیش. ئەوە بەرازە بەراز!! کەکردی ئەیکا. دەساودەسکردنی دەسەڵات و چآکسازی و نەهێشتنی گەندەڵی و دابینکردنی خۆشگوزەرانیش، هەمیشە لەدەوڵەتێکی سەربەخۆدا باشترو ئاسانتر ئەنجامئەدرێن. ئنجا تۆ لێیانگەڕێ، ئەمە ئەزمونە بۆیان، ئەگەر هەر موزایەدەبو، ئەوا دڵنیابە ئەو موزایەدەیە ئەبێ بەپاچی گۆڕهەڵکەندن بۆیان. ئێستە میللەت کاغەزی سپی ئەخوێنێتەوە!.
شەشەم:دەوڵەتی کوردی دروستە، بەڵام ئەوە خەونی شاعیرانە، دورە لەویستی سیستمی بەڕێوەبەرایەتیی جیهانەوە، جارێ ئەبێ مۆڵەت یا تیشکی سەوز لەوان وەرگرین.. ئەها چییان بە بەهاری عەرەبیکرد چونکە لەویستی ئەوان لایاندابو!؟
مێزگێڕ:گەلێ خەونی شاعیران هاتۆتەدی. ئەو سیستمە ئەگەر هەشبێ، تائەمڕۆ مۆڵەتێکی لەوجۆرەی بەهیچ نەتەوەیەک نەداوە، ئەوسیستمە هەمیشە لەگەڵ باری سەپاو (ئەمری واقیع) مامەڵەیکردوە وەک بەنەخوێنەکەی مەلای مەزبورە!. بەگشتی ئەگەر بارە سەپاوەکە زیانی بۆ پەزەکەی ئەوان نەبێ، مێشێک میوانیان نابێ. ئەو داعشە کەللەپوتە ئەگەر تیرۆری بۆناوئەوان نەگواستایەتەوە، ئێستە لە (یو ئێن) تۆزیئەکرد. دەوڵەتی کوردی زیانێکی بۆئەوان نابێ، بەڵکو ئێستە لەبەرژەوەندیی ئەوانیشە. سەبارەت بەهاری عەرەبی، کورد ئەڵێ مریشک خۆی خۆڵ بەسەرخۆیا نەکا، کەس ناتوانێ خۆڵی بەسەرداکا. ئەو دەوڵەتانەو سەرۆکەکانیان توشی لوتبەرزیبون و خۆیان خۆڵیانکرد بەسەر خۆیانا.
هەوتەم(پێڕی تۆقیوەکان بەلەرزو هەنسکەوە):ئێمەش خوازیاری سەربەخۆیین ،بەڵام ئەترسین کۆمەڵکوژ بکرێین، یا بەلایەنی کەمەوە توشی ئابڵوقەی ئابوری ببین و هەمومان لەبرسانا بمرین! 
مێزگێڕ:مەترسن. لەمێژەوە بەئابڵوقەی ئابوری راهاتوین. ساڵانێک باپیرانمان بەبەڕوی شاخەکان ژیان. چەنجارێک ئابڵوقەی رژێمەکانی دەوروبەریشمان دی و سەرکەوتنیان بەدەسنەهێنا. سەری دنیاش بەپوش نەگیراوە.سەبارەت کۆمەڵکوژی،سەربەخۆییشمان رانەگەیاندبو، چەنجارێ کۆمەڵکوژ کراین! ئەو قوربانیانە بۆ سەربەخۆیی بونایە باشترنەبو!؟ ئنجا ئێوە بۆ وا لەسەربەخۆیی تۆقیون؟ بۆچی تا ئێستە بەبێ سەربەخۆییش، داگیرکەرانمان لێمانگەڕاون لەرەوشێکی ئارام و ژیانێکی بەختیاردابین!؟ کورد وتوێتی: پوشتی و سەلامەتی. ئاخر کە سەلامەت نەبین، پوشتێتی بۆ!؟ 
بەڕێزان:ماسیگرتن بەبێ پێتەڕبون نابێ. سەربەخۆییش قوربانیی ئەوێ. کە مردن هەر لەڕێمانبێ، شەهیدبون باشترنیە؟ دڵنیابن ئەو هەمو خوێنەی بۆئۆتۆنۆمی و خودموختاری و خۆسەری و دیموکراتیک رشتمان، بۆ سەربەخۆیی نیوئەوەندەی نەئەویست. تکایە ئیتر ئەوەندە ئەو (تاکۆس-بەڵام)انە مەخەنە بەر رەورەوەی دەولەتی کوردی. گریمان ئەو تاکۆس-بەڵامانەتان، زیویشبێ، بێدەنگیتان ئەبێتە زێڕ. دوریشنیە ئەو تاکۆسانە، لەئەنجامی خۆبەکەمزانینەوە بێ!! ئای چ دەردێکی کوشندەیە خۆبەکەمزانین!! نەخێر بەڕێزان، ئێمە کەمنین. ئێستە ئەو دنیایە بەدەس داعشەوە زەلالەتیەتی، داعشیش بەدەس ئێمەوە کونە مشکی لێبۆتە قەیسەری.ئێوە بڕواننە قارەمانێتییەکانی پێشمەرگەو گەریلاو شەڕڤانان و تاکۆس-بەڵامەکانتان توڕدەن. دەوڵەتی کوردی لەلولەی چەکدایە.


به‌روار:  29/05/2016
453   جار خوێندراوه‌ته‌وه
  وتاری زیاتر ...
پارێزەر: لوقمان مصطفی صالح
عەبدولڕەحمان مهابادی
پارێزەر: لوقمان مصطفی صالح
ئازاد حەمدی
ژماره‌ی بابه‌ت

سلێمان هەڵشۆیی خەریکی گوون فرۆشتنە

کوژرانی ئوم فەهد ژنە ناسراوی سۆسیال میدیا لە بەغداد

یەکەم کوردی ڕواندا گۆرانی بۆ کچان دەڵێ 🇰🇿

کەمپی پەنابەران لە ڕواندا 🇰🇿

ئەڵمانیا 27 پەنابەری کورد و ئێراقی دیپۆرت کردەوە

مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   1214
کۆی سه‌ردان:   29265857