چۆن بە جوانەمەرگی مردن ؟!🤣💙


دکتۆرێک ئەڵێت: (میوە) بخۆن.
دکتۆریک ئەڵێت: (میوە) مەخۆن.
.
دکتۆرێک ئەڵێت: (دووگ) بخۆن.
دکتۆریک ئەڵێت: (دووگ) مەخۆن.
.
دکتۆرێک ئەڵێت: (خوێ) بخۆن.
دکتۆریک ئەڵێت: (خوێ) مەخۆن.
.
دکتۆرێک ئەڵێت: (ڕۆنی کوردی) بخۆن.
دکتۆریک ئەڵێت: (ڕۆنی کوردی) مەخۆن.

دکتۆرێک
دکتۆرێک
.
باپیرەم کە نەخۆش دەکەوت، دەچوو بۆ لای ژیرەکێک هەندێک گوڵ و گیای کوڵاوی بۆ دادەنا بەسکی ناشتا بیخوات.
نەنکم جوابی دەنارد بۆ سەلمەخان ئەیووت چی بخۆم بۆ فڵان نەخۆشی باشە؟!
تا وەڵامەکەی بۆ دەهاتەوە خۆی چاک دەبویەوە.
.
باپیرەم و نەنکم لە تەنیا ژورێکدا دەژیان و کۆژیڵێک مناڵیان بە خێوکرد.
تا مردن جگەرەی زەلیان دەکێشا، 
ڕۆنی خۆماڵیان بە جام هەڵدەقوڕاند، 
دۆینەی چاڵیان بە کاڵی و کوڵاوی، دەخوارد.
دوکەڵی سۆپا، شەو تا بەیانی قانگی دەدان.
.
نەنکم جلی نوستنی شەوانی نەبوو،
باپیرەم لە بری فرچە و مەعجوون دانەکانی سیواک دەکرد.
.
نەنکم نە بۆتۆکسی کرد و نە فیللەر.
باپیرەم تا مرد ڤیاگرای نەناسی 🥰
ماشەڵای لێ بێت، کە مردیش لە گێڕ کوژایەوە.
.
باشترین عەتری نەنکم، سمڵ و مێخەکێکی کۆن بوو.
باپیرەم لە بری مەرهەم  کە چاوی دێشا سەرگوڵە چای تێدەکرد!
.
باپیرەم تا مرد، درەوی بە داس دەکرد و هۆرەی دەکرد 😪😪😪

نەنکم لە ڕێگای شێخی بیارەوە خوای دەناسی..
باپیرەم کە نوێژی دەکرد، قەت گەڵی بڵاو نەکردەوەو دەستی لە سەر سنگ نەدەگرت.
نەنکم نە حیجابی بینی، نە مانتۆ، نە (تاجی گەوجاندن) ی کردە سەر.
نەنکم سەرپۆشی نەدەدا
فێسێکی لە سەر دەکرد هەندێک پارەی زیوی پیا داکوترا بوو.

باپیرەم/ سوێندی گەورەی، بە خۆرە زەردەی خۆر ئاوا و پاکی ئاگر بوە
نەنکم /سوێندی گەورەی، بە ڕیشی موبارەکی شێخ عومەری بیارە بوو!
باپیرەم قەت کەسی تەکفیر نەکرد
نەنکم ئەیووت زەمی کەس مەکەن خودا خۆی دەزانێت کێ ئیمانی چۆنە!

بۆیە بەدبەختانە، زۆر تەمەنیان نەکرد و بە جوانەمەرگی  😢😢 پاش هەشتا ساڵ مردن 😢

سەردار مەحمو
لاهای

وێنەکە مالمۆکورد لە فەیسبوکەوە وەریگرتوە.
به‌روار:  08/02/2024
309   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   273
کۆی سه‌ردان:   30493248