مانەوەی ڕۆژئاوای کوردستان

ڕوخانی ڕژێمی  "بەشار ئەسەد" ی عەلەوی ، کۆتایی بە هەژموونی زلهێزێکی گەورەی  وەکو ڕوسیا و ئێرانێکی ئەو کات بەهێزی  لە شام هێنا.
هاواری ئێمە و مانان بۆ ڕووخانی ڕژێمی دیکتاتۆری بەعسی سوریا بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بوو ، کە پێشبینی هەرەس‌ و کۆتایی دەسەڵاتی هەسەدە و یەپەگەی بە ڕوونی پێوە دیار بوو.

گەر خۆپیشاندانە گەورەکانی ڕەوەندی کوردستانی هەندەران و  و هەرێمی کوردستان لە زستانی ئیمساڵ و ئیرادەی " ناکەی " هەولێری مەزڵوم عەبدی نەبوایە، ئێستا  دەبوا بەدیار خۆڵەمێشی تەرمی هەزاران شەڕڤانی ڕۆژئاواوە بگرینایه، و ڕەنگە جەنڕاڵەکەی ئێمە لە ئیمڕاڵی تورکی- سوری زیندانی بوایە.

ڕوخانی دەسەڵاتی ئێستای  شیعەی ئێرانیش
ئەردۆغان و تورکیا دەکات بە هێزی یەکەم و بێ ڕکابەری هەرێمی، دیارە  ئەوەی نایەڵێت خەباتی کورد لە هیچ کوردستانێک بگاتە ئامانجەکانی " دەوڵەتی تور.کە"
وەکو خۆم دەمێکە ئەو قەناعەتەم لا ساخ بۆتەوە کورد یەک دوژمنی هەیه" ئەنقەرە" یە

ئەم تێکستە کە لە مانگی ئاداری پار پۆستمان کرد ، بۆ دۆخی ئێستای ڕۆژئاوای کوردستانیش گونجاوە:

مفاوەزات و پە**کە***کە
 دێسەمبەری 1983

کە یەکێتی شەڕی حکومەتی ئێراقی ڕاگرت و مفاوەزات دەستی پێکرد ،بارەگای ئێمە لە گوندی چنگیانی شارباژێر بوو.
من ئەو کاتە تەمەنم " 18ساڵ" بوو، زۆر بە توندی دژی مفاوەزات بووم و بە خراپی قسەم لەسەر دەکرد.
شەوێکیان " کاک ئاراسی حەمەلاو" کە فەرماندەی کەرتەکەمان بوو ، ڕوویکردە من و ووتی:
ئەوەی دژی مفاوەزاتە کڵاشینکۆفەکەی پێیەتی بۆ خۆی و با ئەو بە شاخەوە بێ و شەڕ بکات.

ساڵی 1984 ماوەیەک لە گوندی کاژاوی لای بەرزنجە بووم و، کاک " عومەری حاجی حسێن" کە ژوورێکی دابومێ و زۆر پیاو بوون لە گەڵمدا، شەوێک تەڵاقی خوارد کە جارێکی تر " یەکێتی فیشەک نانێ بە بەعسەوە" ، و لەسەر " هەزار دینار" گرەومان کرد.

ئێستا کە " پارتی کرێکارانی کوردستان" 
پاش تێپەڕینی قۆناخی حاشا و نکوڵی کردن  لە
" کورد بوون" و  ،  لە بەر چەندین فاکتەری نوێی  هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی پاش " 50" ساڵ بەرخۆدان و  جەنگێکی نابەرامبەر بەرامبەر دوژمنێکی دڕ و پڕ چەکی ناتۆ ،  شێوازی خەباتی خۆی گۆڕیوە.
 زۆربەی ئەو هەموو فاڵەی بۆ ئەم مەسەلەیە  دەگرنەوە ناچێتە خانەی عەقڵ و لۆژیکەوە.

قسە لەسەر نەیارەکان نیە ، چونکە ئەگەر پەک دەوڵەتی کوردیش ڕابگەینێت ، ئەوان شایەتمانی پێ ناهێنن، جگە لەو دڵەڕاوکێ و ترس و مەراقەی کە زۆربەمان بەرامبەر نێتی"دەوڵەتی تور.ک" هەمانە ، کەسانێک هەن کۆمێنت و خوێندنەوەکانیان " خەیاڵ پڵاوی و قسەی زل و بەردی گەورە "نەبێ هیچی تر نیە.

پیاو کە سەیری سەر و سمێڵی سپی فەرماندە پاڵەوانەکانی گەریلا دەکات   کە لەم کۆنگرەیەدا بەشدار بوون و تەمەنی جوانیان بەخشی بە شۆڕش و شاخ گریانی دێت .
یان  هەزاران کچ و گەنجی گەریلا نەک بێبەشن لە ژیانی ئاسایی و ئەو هەموو تەکنیک و تەکنەلۆژیایەی کە ئێستا بەردەستە ، ڕەنگە ئەوان نەشتوانن " ڕادیۆ" ش بەکاربێنن.  

هێشتا هەموو شتێک وەکو خۆیەتی و قورسە بزانرێت چی ڕوودەدا ، ئەو هەموو توانج و پلار و ڕەخنە زبر و بێتامانەی ئێستا  لە کوێوە دێت ؟

ئەو پارتیزانانەی فەیسبوک و تیک تۆک کە لە پۆستی ئاربیجاویدا و بە ووشەی گڕدار خەریکی جەندرمە کوشتنن ، گەر قەندیل چۆڵکرا ، دەتوانن خەباتی مۆبایل و لاپتۆپ بگوێزنەوە بۆ ناو ئەشکەوت و تونێلەکان؟؟

ڕەحمەت لە پێشینانی کورد کە فەرموویانە:
ئەوەی لە شەڕ نەبێ شیری تیژە.

وێنەکە چنگیانە ساڵی 1984
لە ڕاستەوە:
کاک عەلی و مامە قالە و شێرزاد و مولازم دڵشاد و مامۆستا سەردار و شەهید ئاسۆ عەزیز

شێرزاد عەزیز
مالمۆ
به‌روار:  25/08/2026
62   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   34
کۆی سه‌ردان:   31687601