نامەکانی سامان شاسوار

ساڵی 1982

کە " کاک جەلالی مەلا مستەفا" بریندار‌ کرا، ڕێکخراوی سلێمانی کۆمەڵە لە ڕێگەی " گۆرانی حسەینە فەنی" منیان ڕووبەڕووی "کاک سامان شاسوار" کردەوە.

کاک سامان کۆمەڵێک نامەی هاوکاری هێنا بۆ پیتاک کۆکردنەوە لە دەوڵەمەند و کاسبکارانی سلێمانی.
نامەیەکیان " بۆ حەمە سەعید عەنبەری برای حەمە حەمە ساڵح عەنبەری" پارێزگاری کۆنی سلێمانی بوو، کە بڕی " 2000" دیناری سویسری بوو.
دەمانزانی ماڵی کاک حەمە سەعید لە عەقاریە ، بەڵام ڕێک نەماندەزانی له کوێیە؟
نامەکه بە من بوو، چوومە دوکانی " عەنبەر خاتوون" لە عەقاری کۆمەڵێ کەس دانیشتبوو.
پرسیم : ماڵی کاک حەمە سەعید  لە کوێیە؟
هەموو قڕوقەپیان کرد.
ووتم: تەنیا ئیشێکمان پێیەتی و نێتی خراپمان نیە.
پیاوێکی پیر بە تووڕە بوونەوە هەستا و ووتی منم.
ووتم:  بەڕێز تا دەرەوە وەرە بێ زەحمەت.
هەموو گەنجەکان شوێنم کەوتن.
ووتم: هیچ کێشەیەک نیه، تەنیا نامەیەکی بۆ هاتووە  و دەیدەمێ.
ماڵەکەی لەو بەر دوکانەکەوە بوو.
کە گەیشتینە بەردەم ماڵی خۆیان.
ووتم : نامەیەکی یەکێتیم بۆ هێناویت بۆ هاوکاری.
ووتی: یە کێتی ناناسم.
ووتم: نامەکەم هێناوە و دەشبێ وەریبگریت.
ئێمە لەم قسانەدا بووین، ئیڤایەک ئینزباتی عەسکەری لەبەردەم دوکانەکە وەستان.
سەیرێکی کاک سامانم کرد کە لەو بەرەوە چاودێری دەکردین ، و  بە ئیشارەت پێم ووت ڕابکەین؟
ئەو بە ئیشارەتی پەنجە ووتی ئۆکەیە و ڕامەکە.
نامەکەم دا بە کاک حەمە سەعید.
لەگەڵ کاک سامان دەگەڕاینەوە بۆ ناوبازاڕ.
کە نزیک  دایرەی ئەمنە کۆنەکە بووینەوە، کاک سامان هەندێ فیشەکی دەمانچەی دەرکرد و تەزبێحانەی پێدەکرد.

جارێکیان" کاک سامان" هات  بۆ ماڵمان و دەمانچەیەکی مەکاریۆفی لا بە جێهێشتم، لە کاتی فێرکردن و کردنەوەی دەمانچەکە  لە ژوورەکەی خۆم کە لە قاتی سەرەوە بوو، فیشەکێکی لە دەست دەرچوو،  بە لای سەرمدا گیزەی کرد و چووە ناو گەچی دیوارەکە .

ئەو کاتە بۆ گەورەکردنی ئەم شۆڕشە دەیان گەنجی سلێمانی بە ڕۆحی خۆیان سواڵ و پیتاکیان بۆ  کۆدەکردوه.
وەختێکیش بوه خاوەنی بودجە و نەوت و دابەشکردنی پۆست و پلە  و پایە، کەسیان بیر نەما.
هەزاران دەفتەرە دۆلاری چاوسەوزیان بۆ خۆیان و خزم و هاوڕێکانیان دزی .

شێرزاد عەزیز
مالمۆ
https://www.malmokurd.com/agadary-35811-3
به‌روار:  29/07/2026
143   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   190
کۆی سه‌ردان:   31624175