|
حەمید عوسمان دەڵێ: شەوێک برا لوسەکەی لەبری خوشکەکەی لام مایەوە
ئەگەر شیوعیەک لە دەست پۆلیسی نوری سەعید هەڵاتبا، خۆی بە هەر ماڵێکدا کردبا دەیانشاردەوە، بەخێویان دەکرد. کەس دڵی بڕوای نەدەدا بیانـداتە دەست دەوڵەت.
ئەندامیان لەو پەڕی فیداکاری و نەداری و بێنازییدا دەژیان. بە جلی شەڕ و نانی وشک قەناعەتیان دەکرد و شوکری ستالینیان دەبژارد.
بەڵام هەستم دەکرد کە لە ئاخـر و ئۆخریەکانی زەمانی نوری سەعیدا زۆر پیاوی دەوڵەتیان لەپاڵ هەڵکێشرابوو، جار جار ڕەفیق چالاکم لە دوکانی بەشیر موشیر دەبینی و، ترسم لێی بەسەر چووبوو ، وە قسەکانی ڕاست دەردەچوون.
بەڵام ئاخۆ مامۆستا پایە بەرزەکانیشیان لەژیانا وەکو بۆرە پیاوەکان بوون، دەیانگووت ئەوان زۆر خۆش دەژین.
چەند کەسێکیان کە دەبوایە خۆوەشێرن ماڵێکیان بۆ دەگێڕا. هەرچی پێداویستی ژیانە دەهاتە بەردەستیان. چەند کچ و ژنێکی شیوعیش خزمەتیان دەکردن و دەگەڵیان دەژیان، کە ناویان لێنابوو مایەی خۆشی مامۆستایان. ئەو خوشکە شیوعیانە مۆڵکی حیزب بوون، دەیانتوانی بیانبەخشن.
بۆ قەدرگرتنی مامۆستا موحەمەد تەوفیق وەردی، کە هەم شاعیر هەم نووسەر پتر لە پەنجا نامیلکەی نووسیوە و زۆر کورتەبالایەکی ناحەز بیفەساڵ بوو، یەکێک لەو ژنانەیان پێبەخشی بوو. دەگوت حۆری بەهەشتە. ژنەکە خوشکی ئەو عوسمان مەجید"ە بوو کە باسم کردووە. جارێک "مامۆستا تەوفیق وەردی" ناردراوەتە تاران، کە پەیام و کەلامی حیزب بە تودە بگەیەنێ و شتیان لێ فێر بێ.
وتبووی: براکان، ئەو ژنەم بە تەنیا لە بەغدا چۆن بژی؟
ئەوانیش وتوویانە: خەمت نەبێ، برایەکی حیزبی دەنێڕین ئاگای لێ بێ و ژیانیش دابینە. وەردی پاش دوو مانگ دەگەڕێتەوە. لە دەرگادا ژن سەردەر دەردێێێ. پێی دەڵێ: غەریبا، تۆ کێیت؟ ئەویش دەڵێ: چۆن کێی؟ هاتومەوە ماڵە خۆم.
ژنەکە پێی دەڵێ: پیاوەکە، وەرە دوو شەق دوو ڕووتە پوتە هەڵدە. برای حیزبی بە دارەوە بۆی دێ.
ژن نەما. وەردی وەخت بوو شێت و هار بێ.
ملی لە قەسیدە هۆنینەوەنا ، باسی هیجران و فیراق و ئەم قسە قۆڕانە. بەڵام دڵی بەرایی نەدەدا بڵێ شیوعی خراپیان دەگەڵ کردووم. هی وایان تێدایە زۆر باش لە لینین و لیوشاوشی نەگەیشتووە.
کابرای ژنەکەی وەردی بەرکەوتەبوو، ناوی عومەر حەمەشین. خەڵکی کۆیە بوو. دەمنـاسی لۆمەدم کرد کە ئەو زوڵمەی بۆ کردووە. وتی: کاکا، خۆت تەرح و دیداری وەردیت دیوە. لە مەیموون ناحەزترە. حیزب ئەو ژنەی پێبەخشیوە و ناچار بووە مێردی پێبکات، حیزب قەراری داوە لەوی بستێنێتەوە بیدا بە من. زوڵمی چی حەق و حسابی چی؟
من لام وا بوو زۆر لەو قسانە کە بە شیوعیانی عێراقی دەڵێن لە ڕووی غەرەزێکەوەیە. زیادیان بۆ وە سەر دەخەن.
پاش چەند ساڵێک لە شۆڕشی بارزانیدا، کە لە گوندی لێوژە بووم، "حەمید عوسمان" کە ماوەیەکی زۆر ڕەئیسی حیزبی شیوعی بوو، لێ کەوتە بوو. دەگەڵم هاومەنزڵ بوو. شەوێک زۆری خواردەوە. تەواو سەرخۆش بووبوو. نهێنی و سیاسەتی لەبیر نەما بوو. گرێی زمانی کراوە و باسی ڕۆژانی سەڵتەنەتی خۆی دەکرد، کە ئەوسا لە سەرۆکی دا، کە بە نهێنی لە خانوویەکی کەرکووک ژیاوە. دەگێڕایەوە گوتی:
هەر شەو هاوەڵان کچێکیان بۆ دەهێنام. شەوێک تازە کیژ هاتبوو، براکەی پێی گوتم: مامۆستا گیان، ئێمە لە ڕێگەی ئێوەدا سەرمان پێوە نییە. بەڵام دایک و بابم کۆنەپەرستن، بزانن ئەو کیژە دەستکاری کراوە سەری دەبڕن.
چاکەم لەگەڵ بکە خۆم لە جیاتی خوشکم لات دەمێنمەوە.
ئیتر دیتم کوڕەکە زۆرلوس و جوانترە لە خوشکی قبوڵم کرد.
جا کە دەڵێن قسەی ڕاست لە شێت ببیستە یان لە مناڵ،دەبوا بیانوتایە یان لەسەر خۆش.
لێم ڕوونە ئێستا ئەمە بە حەمید بڵێ گەر مابێ هەزار تەڵاق دەخوات کە نەمووتوە.
چێشتی مجەوەر
هەژار موکریانی
بهروار: 10/10/2026
1554 جار خوێندراوهتهوه
|