|
نامەکەی سەلاحی موهەندیس
ساڵیادی شەهید بوون 1982.7.25
ساڵی 1979/ 1980 تەمەنم چواردە پانزە ساڵێک بوو بۆ جاری چوارەم ڕامکردەوە بۆ شارباژێر.
کاک "ئەبوبەکری حاجی ئەوڕەحمانی " دوکانداری بزەینان ووتی:
مەوەستە خێرا بڕۆ بۆ عازەبان ، کاک سەلاح لەوێیە و چەکی تازەشیان بۆ هاتووە.
ئێوارەیەکی درەنگ بوو، کۆمەڵێ پێشمەرگە لەبەردەم مزگەوتەکە وەستا بوون و ووتم:
کەرتی کاک سەلاحن؟
کاک سەلاح ووتی:
کوڕەکەی حاجی عەزیزیت؟
شەو چوونە ناو ڕەزەکانی پشتی عازەبان و لەگەڵ شەهید هاوڕێ جەبار پێکەوە خەوتین.
بۆ نیوەڕۆ " دەروێش عەلی" بزەینان سەر و پێی بۆ هێنان و کاک سەلاح خۆی لێی بەش کردن و دوا کەسیش خۆی خواردی.
گومان لێکراوێکیان پێ بوو" س.س" و بە کەفالەتی
" ساڵح ئاغای وێڵە" دایانەوە دەست دایکی.
کاک سەلاح هەڕەشەی لێکرد و ووتی:
شێرزاد خزمی خۆمە بۆ لای من هاتووە، هەرچی لێ بێت تۆیت.
بۆ عەسرەکەی من لە مزگەوتەکەی بزەینان خەوم لێکەوتبوو، ئەوان ڕۆشتبوون.
ساڵی 1982 " کاک عەلی حەیدەری " خزممان لە خراجیان بینیەوە و ووتی:
شێرزاد کە" کاک سەلاح" گوێزارەیەوە بۆ فەرماندەی تیپی 47 ی پیرەمەگروون، نامەیەکی بۆ نووسیت کە بچیت بۆ پێشمەرگایەتی لای خۆی و دای بە من، بەڵام حەزم نەکرد و بۆم نەناردی.
کاک سەلاحی موهەندیس وەکو خێزان دەوڵەمەند و خۆشی ئەندازیار بوو ، ژیانی شار و پارەی بە جێهێشت ، و لە بەرگەڵوو شەهید بوو.
لەسەر وەسێتی خۆی کوردستان هەر کوردستانە له کوێ شەهید بووم لەوێ بمنێژن، گۆڕەکەی تائێستاش لە گوندی مالومە و لای " شەهید جەمالی عەلی باپیرەوەیە.
دواتر تەرمی شەهید جەمال گوێزرایەوە بۆ گردی شەهیدانی شاری سلێمانی.
بە زانیاری ئێمە خێزانەکەی" شەهید سەلاحی موهەندیس" یەک دیناری مووچەی شەهیدانەکەیان وەرنەگرتووە و نەیان ویستووە.
جاران شۆڕش و کوردایەتی ئاوا دەکرا، زۆربەی ئەوانەی پێشمەرگایەتیان کرد بۆ شەهید بوون چوبوون.
نەفرەتی مێژوو لەوانەی خیانەتیان لە کوردایەتی کرد و خوێنی "شەهید سەلاحی موهەندیس" و هەزاران شەهیدیان کرد بە دەفتەرە دۆلار و باڵەخانە و شەوە سوورەکانی ناو باخ و ڤێلای دزراوی قووتی خەڵک.
شێرزاد عەزیز
مالمۆ
وێنەکە/ ِمالومە
ڕۆژی 2024.9.27
بهروار: 24/07/2026
202 جار خوێندراوهتهوه
|