ئەرکی پەکەکە زۆر قورستر بووە
لەسەر گۆڕی مارکس، وتەیەکی بەناووبانگی نوسراوە کە دەڵێ: <<فەیلەسوفەکان بە ڕێگای جۆراوجۆر تا ئێستا تەنها تەفسیری دونیایان کردوە، بەڵام خاڵی گرنگ ئەوەیە کە دونیا بگۆڕیت.>>

بە هەمان ئەو رۆحییەتە، ئۆجەلان لە وتارێکیدا بۆ گۆڤاری کۆمیناڵ ئامۆژگاریی لایەنگرانی دەکا و دەڵێ: <<بێگومان هەوڵدان بۆ بنیادنانی چوارچێوەیەکی بەهێزی تیۆریی گرنگە، بەڵام پێویستیی سەردەمی نوێ ئەوەیە کە قورسایی بخرێتە سەر بابەتەکانی ڕێکخستنی پراکتیکیی و لە ڕووی کارەکانی بنیادنانی کۆمەڵایەتییەوە ببێتە هێزی ڕێنیشاندەر چونکە سەردەمی نوێ دەبێتە سەردەمی هەڵمەتی کۆمۆناڵیزم.>>

یەکێک لە کێشەکانی پەکەکە، یان هەر هێزێکی دیکەی شۆڕشگێڕ کە خاوەنی ئایدیۆلۆژیایەکی بەهێز و قوڵە، پرسی جێبەجێکردنی تیۆرەکانە. لەڕوی تیۆرییەوە، کۆی شتەکان جوان دەردەکەون، بەڵام چۆن لە واقیعی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوریدا جێبەجێببن. 

لە یاداشتەکانی دیداری ئاشتیدا لە ٢٠١٣-٢٠١٥، لە شوێنێک -بیرم نییە لەگەڵ دەمیرتاشە یا ئەوانیتر- ئۆجەلان ئامۆژگارییان دەکا و توڕە دەبێ کە پێیوایە ئەگەر ئەوان نەتوانن کار بۆ گەنجان بدۆزنەوە، بەجێدەمێنن. پێیان دەڵێ ئەگەر ئەو بومایە خاکی بەپیتی رۆحا بەس بو بۆ ئەوەی گەلێکی پێ بژێنێت.

لە وتارەکەدا ئۆجەلان زۆر بەڕونی باس لە قۆناغێکی نوێ دەکات کە ئیتر شەڕ نییە بۆ کوردبون، چونکە پەکەکە ئەو شەڕەی بردەوە و راستینەی کوردبون دانی پێدانرا، بەڵکو لەمەودوا خەباتی کورد دەبێ بۆ ئەوە بێ چ کوردبونێک، چ ئازادییەک، چ بونێک و چ ژیانێک و چ حوکمڕانی و رێکخستنی سیاسیی.

بۆیە دەنوسێ: <<ئیتر ئەو ڕاستینەیەی هەمووان دان بە گەلی کورددا بنێێن بەدەست هاتووە؛ بەڵام سەلماندنی بوون بە واتای پێکهاتنی تەواوەتیی ژیانی ئازاد نایەت. بەڵێ کورد هەیە، بەڵام ئەم کوردە چۆن دەژی؟ نیشانەی بوونی لەناو ژیاندا چۆن دەبێت، چۆن خۆی ڕێک دەخات و بنیاد دەنێت؟ ئەم کێشە و کەموکوڕییانە هێشتا بەردەوامن. واتە لەگەڵ پەکەکەدا بووە خاوەنی بوون، بەڵام ئازادیی هێشتا چاوەڕێی پێکهاتنە.>>

بە رای من، ٥٠ ساڵی رابردوی پەکەکە ٥٠ ساڵی هەرە قورس نەبوە، بەڵکو داهاتو رۆژ و حەفتە و مانگ و ساڵ و دەیە و سەدەی هەرە قورسی پەکەکەن کە چۆن بتوانن ئەو تیۆری و بانگەشە و مێژو و خەباتە لە واقیعدا پراکتیزە بکەن و بیخەنە خزمەتی خەڵک. لە ئەزمونی باشورەوە فێردەبین کە تەنها قوربانیدان و ئازایەتی و تیۆری بەس نین، بۆیە ئەرکی پەکەکە زۆر قورستر بوە نەک کۆتایی هاتبێ.
کەمال چۆمانی
لایپزیک
به‌روار:  05/07/2026
63   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   234
کۆی سه‌ردان:   31540183