پیاوی ئایینی بە جل و بەرگ ناناسرێت!!
لە ژێر سێبەری وشە پیرۆزەکاندا، زۆر جار هاوارێکی بێدەنگ لە ناخی بێتاواناندا دەکوژرێت؛ هاوارێک کە نە گوێی مرۆڤ دەیبیستێت و نە دیواری مزگەوت و مینبەرەکان.دەتوانن ئەو  دەنگە کپکراوە ئەو دەنگە ترسێنراوە بگەیەنن. ئەو هاوارە لە نێوان قەدەغەکراوی ترس و شکستی متمانەدا ون دەبێت، وەک فرمێسکێک کە لە تاریکی شەودا بێدەنگ دەڕژێت.

هەندێک کەس ناوی دین دەکەنە جلوبەرگی خۆیان، بەڵام لە ژێر ئەو بەرگانەدا گورگێکی برسی و پڕ شەھوەتن. گورگێک کە چاوەکانی بڕیوەتە سەر پاکی و سادەیی کچانی کوردو لە شوێنی پاراستندا، بە چنگی ئارەزووە تاریکەکانیان گیانی متمانە دەشکێنن.

وا دەنوێنن کە ڕێنمای ڕووناکین و.... خزمەتکاری خودان، بەڵام دڵیان پڕە لە تاریکی. لە ژێر جلە سپییەکاندا دڵێکی ڕەش و پڕ بوغزو پیسی دەشارنەوە؛ شەھوەت و ئارەزووی ناپاکی ئەوانە کە هیچ پەردەیەک ناتوانێت هەتاهەتایە بیانشارێتەوە.

کچە سادە و بێگەردەکان، بە دڵێکی پڕ لە باوەڕو چاوێکی پڕ لە خەون، دەستیان بۆ ئەو کەسانە درێژ کردووە کە خۆیان بە نوێنەری پیرۆزی دەناسێنن. بەڵام هەندێک لەوانە، لەبری ئەوەی دەستی پاراستن و ئارامبەخشن بن، چنگی قاپاندن و شکاندنیان بووە؛ چنگێک کە گوڵی متمانەی پێش ئەوەی بگاتە بەهار، لە بنەڕەتەوە وشک دەکات.

متمانە گوڵێکی ناسکە؛ بە ڕاستگۆیی دەڕوێت و بە درۆ دەمرێت. کاتێک ئەو گوڵە لەلایەن ئەوانەوە پێشێل بکرێت کە خۆیان بە خزمەتکاری دین دەزانن، برینەکە تەنها برینی دڵ نییە؛ بەڵکو شکاندنی باوەڕو کوشتنی هیوای پاک و تێکدانی جیهانێکی جوانە کە لە ناخی بێتاوانێکدا بنیاد نراوە.

پیاوی ئایینی بە ڕیش و جلوبەرگ ناناسرێت؛ بە کردار و مرۆڤایەتی دەناسرێت. چونکە ڕاستی لە قووڵایی کرداردا دەژی، نە لە درێژی ڕیش و بەرزی دەنگ. ئەوەی دڵی پاکی پاراست، پیرۆزە؛ ئەوەی متمانەی بێتاوانێکی شکاند، هەرچەند ناوی پیرۆزی لەسەر خۆی بنووسێت، لە ناخی خۆیدا تاوانبارە.

ئەوەی ناوی خودا و پیرۆزی دەکاتە پرد بۆ گەیشتن بە ئارەزووە تاریکەکانی، پێش هەر شتێک خۆی لە بەردەم ویژدانی خۆیدا دەڕووخێنێت. چونکە ڕووناکی هەرگیز لە دڵێکی تاریکدا ناژی، و پیرۆزی لە زماندا ناوەستێت ئەگەر کردارەکان پیسی بکەن.

کاتێک ڕاستی سەرهەڵدەدات، هەموو ماسکەکان وەک گەڵای پاییز دەکەونە خوارەوەو  ڕووە ڕاستەقینەکان ئاشکرا دەبن. ئەوکات مێژوو تەنها ناوی قوربانییە بێتاوانەکان نانووسێت، بەڵکو ناوی ئەوانەش بە شەرمەزاری تۆمار دەکات کە بە ناوی پیرۆزی، خیانەتیان بە پیرۆزی کرد.

دڵی پاک ئەگەرچی دەشکێت، بەڵام نابەزێت؛ وەک گوڵێک کە باو زریان لقەکانی دەشکێنن، بەڵام ڕەگ و بنچینەکەی لە خاکدا دەمێنێت. لە کۆتایی هەموو شتێکدا، درۆ وەک تەمێکی بەیانی لەبەر خۆر دەتوێتەوە، بەڵام ڕاستی وەک خۆر خۆی هەڵدەدات. تاریکی هەرچەند درێژ بێت، سەرئەنجام (شەوەتاریکەکان) بەسەر دەچن بەڵام ڕووناکی بەردەوامی ژیانەو مێژوو هەمیشە لە کۆتاییدا  ئەم ڕستەیە دەنووسێت: «ئەوەی بە ناوی پیرۆزی فریوی خەڵکی دا، لەبیر دەچێت؛ بەر نەفرەتی خواو خەڵک دەکەوێت، بەڵام ئەوەی قوربانیی ڕاستی بوو، لە دڵی کاتدا هەتاهەتایە دەمێنێتەوە.

حەمە کاکەڕەش
ستۆکهۆڵم
به‌روار:  22/06/2026
30   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   85
کۆی سه‌ردان:   31474719