نامەیەك بۆ بكوژەكەی خواناس


ناتناسم ، نازانم خەڵكی كوێیت و چ كارەیت ،نازانم ئاخۆ  ئەم نامەیەش دەبینیت یان نا ، بەڵام بەڕاستی بەداخم بۆت ، پێم ناخۆشە كەوتیتە نێو تەڵەی بازرگانەكانی دینەوە ، نیگەرانم بۆ خانەوادەكەت، بۆ دۆخی ئێستای خوشك و براكانت ،بۆ پرچی سپی دایك و ڕیشی سپی باوكت!

ئەو مەلا توندئاژۆیەی كە چارەنووسی تۆی ڕەشكرد و تۆی فریودا ، هیچ زیانێك ناكات و تەقەی سەری دێت ، ئەوەی مێشكی تۆی شۆردەوەو تۆی بەو ڕۆژە ڕەشە گەیاند، وەك بەرزەكی بانان بۆی دەردەچێت ، نەیاسا یەخەی دەگرێت و نەپۆلیسیش قۆڵبەستی دەكات، ئەو لەتەڕ ئەخوات و لە وشكیش دەنوێت، كەس پێی ناڵێت بۆ مێشكی ئەو گەنجەت شۆرییەوەو قوڕت كرد بەسەریدا ؟! تۆ دەزانیت كەس پێی ناڵێت بۆچی بەناوی خوداوە گەنچ فریو دەدەیت و ڕێگای خوێن و شمشێرو قەمەو فیشەكیان نیشان دەدەیت؟! كەس پێی ناڵێت بۆچی لە مینبەری مزگەوتەوە پەنجە تووتەت بەرزئەكەیتەوە و بەدەنگێكی گڕەوە جنێو بەدارو بەرد دەدەیت ؟! 

ئیتر لەمشەوەوە تۆ لەناو ژوورە تاریكەكانی زینداندا ڕۆژ ئەكەیتەوە ، ئیتر هەتا ئەو ڕۆژەی پیر ئەبیت و ددانەكانت ئەوەرێن ،لە ناو ژوورێكی دوو بەسێ ی شێداردا ڕۆژەكانی تەمەنت ئەسووتێنیت، ئیتر وەكو جاران تیشكی خۆرو نمەی باران نابینیتەوە ،ئیتر ناچیتەوە نێو هاووڕێكانت ،ئیتر وەكو جاران قاقا پێناكەنیت ، ئیتر جارێكیتر شنەی ئێوارانی پاییز لەڕوومەتت نادات ، ئیتر ناچیتەوە بۆ سەهۆڵەكەی سلێمانی و  شێخەڵای هەولێر ، ئیتر مۆبایل ناگریت بەدەستەوەو وەكو جاران بەدیار بەرنامەی تیڤییەكانەوە دانانیشیت ، ئیتر قۆڵ ناكەیت بەقۆڵی هاوڕێكەی مناڵیتاو كەسیش نایەت بۆ سەردانت!!

هەتا ئەو ڕۆژەی هەناسە دەدەیت ،بەدەم ئازاری ویژدانتەوە دەتلێیتەوە ، ئیتر ساتی گیانكێشانی( خواناس) خەو لەچاوەكانت ئەتۆرێنێت ، ئیتر وەكو جاران ناچیتە نێو پێخەفی خەوەوە و وەكو جاران بە سادەیی نانویت ،گریان و هەنسكی ڕامانی تەمەن سێ ساڵە،  خەوو خۆراكت لێ تێك ئەدات ، قیژەو گریان و قژڕنینی دایكی خواناس وەكو مۆتەكە بەدواتەوە دەبێت ، هەڵقرچانی جەرگی باوكی خوناس بڕستت لێ ئەبڕێت ، زیندان دەبێتە دۆزەخێكی هەمیشەیی بۆت ، دۆزەخی ڕۆژی پەسڵانیش چاوەڕێتە!!

ئەوەی لەو نێوەندەدا زیان دەكات و باجەكەی دەدات ، تەنها تۆ و خانەوادە بەستەزمانەكەی تۆیە ، تۆ ئەگەر نەكوژرێیتەوە تا كۆتایی ژیانت لە زینداندا دەمێنیتەوە، دایك و باوكە داماوەكەشت بۆ هەمیشە بە كزۆڵی دەژین و جارێكیتر ناتوانن پڕ بەدڵیان پێبكەنن ، خوشك و براكانیشت بەدەم هەڵكێشانی ئاخ و داخەوە، ڕۆژەكانی تەمەنیان دەژمێرن!!

عەتا شەمێرانی
به‌روار:  22/06/2026
44   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   80
کۆی سه‌ردان:   31474510