بکوژەکەی خواناس هاوڕێی فەیسبوکیەتی
کوژرانی گەنجێکی تەمەن 22 ساڵ لە قەزای چەمچەماڵ بەناوی (خواناس وریا) کاردانەوەی زۆری لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لێکەوتەوە و قائیمقامی قەزاکەش لەوبارەیەوە رایدەگەیەنێت، "ئەو کوڕە بۆچونی جیاوازی هەبوە و لەفەیسبوکەکەی رەخنەی لە ئاینی ئیسلام گرتوە، بکوژەکەشی هاوڕێی خۆیەتی بەبۆچونەکانیان لەگەڵ یەکتر ناکۆک بون".

رەمک رەمەزان قائیمقامی چەمچەماڵ ئەمڕۆ هەینی لەلێدوانێکدا بە خەندان-ی راگەیاند، "ئەو کەسەی ئێوارەی دوێنێ لەناو بازاڕی چەمچەماڵ تەقەی لە گەنجێک بەناوی خواناس وریا کرد، ناسراوەتەوە و شوێنی نیشتەجێبونیشی دەزانرێت، بەڵام تا ئێستا دەستگیرنەکراوە، لەبەرئەوەی هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش چونەتە ماڵەکەی، بەڵام دیارە هەڵاتوە و خۆی حەشارداوە".
سەبارەت بەهۆکاری روداوەکە، رەمک رەمەزان وتی، "هەستدەکەین بابەتەکە سیاسی بێت، بەڵام ماڵی باوکی کوژراوەکە نەهاتون، لەئاسایش سکاڵا تۆماربکەن و تەنها لە پۆلیس سکاڵایان تۆمارکردوە، کاری یاساییش کراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوە کراوەتەوە، شێوازی کوشتنەکەشی پلان بۆ داڕێژراو و بەئەنقەست بوە و بکوژەکەش هاوڕێی خۆی بوە، هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش چەندجار چونەتە سەر ماڵەکەی و لەماڵەوە نیە".

رەمک رەمەزان دەشڵێت، "لەڕێگەی مام و باوک و کەسوکارەکەیەوە، هەوڵمانداوە بکوژەکەوە رادەستبکرێت و شوێنەکەی بدۆزینەوە،  بەڵام تا ئێستا ئەوەیان ماوە".
سەبارەت بەکاردانەوەکان لەسەر کوژرانی خواناس وریا، قائیمقامی چەمچەماڵ وتی، "ئەو گەنج لەسەر فکرە و بابەتی ئایدۆلۆژیای جیاواز بوە، ئازادی پێوە دیاربوە و بۆچونی جیاوازی هەبوە، بەجۆرێک بەشێوازێکی مۆدێرنانە قسەی کردوە و رەخنەی لەئاینی ئیسلام گرتوە، ئەمەش پێچەوانەی بۆچونی بکوژکەی بو، بۆیە داوامان لەباوکی کوژراوەکە کرد، ئەگەر مەبەستێتی وەک لایەن سیاسی دۆسیەکەی وەربگیرێت لەئاسایش سکاڵا تۆماربکات، بەڵام باوکی هاوکار نەبوە و بەڵام وتویەتی نەخێر من تەنها لە لای پۆلیس سکاڵا تۆماردەکەم".

بەگوێرەی زانیاریەكان، خواناس وریا شانۆکار و ئەکتەر و وێنەکێش بوە، لەگەڵ بكوژەكەیدا كە لەفەیسبوك هاوڕێی یەكترن، پێشتر ناكۆكی هەبوە و هەریەكەیان بۆچونی جیاوازیان لەسەر ئاینی ئیسلام هەبوە، كە بكوژەكەش دانیشتوی قەزای چەمچەماڵە و باكگراوندێكی ئاینی هەیە.

تاوەكو ئێستا نازانرێت بەرلە روداوەكە، هیچ پەیوەندیەكی تەلەفۆنی لەنێوان خواناس و بكوژەكەیدا هەبوە یان نا، بەڵام ئەوەی زانراوە خواناس بەرلەوەی تەقەی لێبكرێت لەهۆڵی پرۆڤەكردنی شانۆگەریەكەوە چوەتە ناو بازاڕی چەمچەماڵ.

ئێوارەی دوێنێ خواناس وریا لەدایکبوی ساڵی 2001 کە کاری شانۆیی دەکرد، لەناو قەزای چەمچەماڵ لەلایەن کەسێکەوە کە لەسەر ماتۆڕسکیلێک بو بەچەکی جۆری دەمانچە کوژرا، بەرلەوەی بگەیەندرێتە نەخۆشخانەش گیانی لەدەستدا، ئەمەش کاردانەوەی زۆری لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لێکەوتەوە

خەندان

2023

به‌روار:  22/06/2026
514   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   80
کۆی سه‌ردان:   31474510