|
ڕۆژی جیهانی پەنابەران 2026.6.20
بڕوانە سەروەرم، بڕوانە !
ئەوانە نەوڕەس نین ،کۆچ ئەکەن
ئەوانە کاروان نین، ڕێ ئەکەن
ئەوانە جۆگە، نین مل ئەنێن
ئەوانە ڕێبوار نین، بەگوڕ هەنگاو ئەنێن
ئەوانە گەڵا نین، ڕەشەبا ئەیانبات
ئەوانە ڕەشکەو پێشکەی
چاو نین ،تاریکی ئەیانخوات
ئەوانە ڕەشایی دار بەڕوو و گۆیژ نین بەو کێو و هەردەوە؛
تۆ بڕۆرە پێشێ ، ئەوانە دار سێو نین
بەو ڕەنگە زەردەوە
ئەوانە کۆڵبەرنین لەو چۆڵە
کۆڵی زۆر قورستر لەکۆڵیان لە کۆڵە
ئەوانە خۆری ئاڵاکەی مەهابادن
وەرە هەتا ئاوا نەبوون بیانبینە
وەرە بیبینە شەبەقی ئەم برینە
وەرە ببە بە شایەتی ئەم وەرینە
گەورەم دە هاوارێک بکە
بزانە بۆ، وا پشتیان کردە ئاوایی؟
بۆ ئەڕۆن بەرەو تەنهایی؟
بۆ نیشتیمانیان بۆت جێهێشت بەخۆڕایی ؟؟
گەورەم تۆ بتەوێ، دەنگت کەشکەلانی فەلەک ئەبڕێت
ئەگەر تۆ بتەوێت، دەستت فرمێسکی ملیۆنان ئەسڕێت
من ئەزانم تۆ ئەتوانیت
شایی خەڵکی بکەی بە شین
گۆڵیەخە بکەی بە برین
پێکەنین بکەی بە گرین
خۆ گەر بشتەوێ ئەتوانیت
پرسەش بکەیت بەهەڵپەڕین
وەرە ببە بە هەتوان و
ڕایگرە ئەم خوێنبەربوونە
بزانه ئەم هەموو دڵە
لەم خاکەدا بۆ هەپروونە؟
دەینی نیشتیمانت لە ملە ، وەرەو هاوار بکە
هاوارێ ، هەتا عەرشی مادیش لەخەو بێداربکە
میرنشینەکانیش
لەخەو هەڵبسێنه
ئەم تەمی غوربەتە
لە ڕوو بڕەوێنە!!
بزانە بۆ دڵشکاون ؟
ئەوانە نەوڕەس نین کۆچەکەن
هەریەکەو ئاگری هەناوی دایکێکن
بەو کێو و هەردەوە
هەر یەکەو ئومێدی باوکێکی کوردی خێر نەدیون
بەو ڕەنگە پەڕیو زەردەوە.
ڕەنج سەنگاوی
بهروار: 20/06/2026
35 جار خوێندراوهتهوه
|