|
کاتێک تەقوا دەبێتە ڕۆڵێکی گشتی نەک قەناعەتێکی ناوەکی، بانگەواز دەگۆڕێت بۆ شانۆ!
کاتێک تەقوا دەبێتە ڕۆڵێکی گشتی نەک قەناعەتێکی ناوەکی، بانگەواز دەگۆڕێت بۆ شانۆ!
لەبەردەم خەڵکدا وەستاوە و باسی جلوبەرگی ئافرەتان دەکات. ڕوونی دەکاتەوە کە حەرام و حەڵاڵ چییە. باسی ڕەوشت و شەرم و ئەخلاق دەکات. پەنجە ئاراستەی ژنان دەکات و جەستەیان دەکاتە گەورەترین کێشە لە کۆمەڵگادا.
قسەکردن لەسەر ئەخلاق ئاسانە کاتێک خۆت لەژێر ناونیشانێکی ئاینی بشاریتەوە. قسەکردن لەسەر گوناه ئاسانە کاتێک لە میمبەرەکانەوە ڕێگەت پێبدرێت. ئاسانە داوای گوێڕایەڵی لە ژنانی گەنج بکرێت، بەڵام مۆڵەت بە خۆی دەدات ئەو کارە بکات کە قەدەغەی دەکات لەوانی تر.
لە ماوەی چەندین ساڵدا جەستەی ئافرەت بووەتە مەیدانی لێکۆڵینەوە و دادگایی. قژی، جلەکانی، دەنگی، پێکەنینی و هەنگاوەکانی کراونەتە بابەتی وتار و فەتوا و ئامۆژگاری. وەک ئەوەی چارەنووسی کۆمەڵگا بەستراوەتەوە بە قژی کچێک یان بە درێژی جلێکی ژنێک.
بەڵام زۆرجار ئەو کەسانەی زۆرترین قسەیان لەسەر پاراستنی ئەخلاق کردووە، خۆیان لە تاقیکردنەوەی ئەخلاق سەرکەوتوو نەبوون. ئەوانەی بەردەوام چاویان لە ژنان بووە، کەمتر چاویان لەسنور و ئەخلاقیای خۆیان بووە. ئەوانەی زۆرترین گرنگییان بە جلوبەرگی ئافرەت داوە، کەمترین گرنگییان بە سنووری خۆیان داوە.
جۆرێکی تایبەتی دەسەڵات هەیە کە لەسەر بنەمای چەک و پارە و ئۆفیسی سیاسی نییە. لەسەر بنەمای متمانەی خەڵکە. لەسەر ئەو باوەڕە دامەزراوە کە ئەو کەسەی باس لە ڕاست و هەڵە دەکات، خۆی هەوڵ بدات لەسەر ئەو بنەمایانە بژی.
هەر بۆیە کۆمەڵگایەک دەلەرزێت کاتێک مامۆستایەکی ئاینی یان کەسێکی خاوەن دەسەڵاتی ڕۆحی، پێچەوانەی ئەرک و ئەخلاق و قسەکانیان ڕەفتار ئەکەن و پیشە و پێگەیان ئیستغلالیان بکەن.
کەواتە، بۆچی شەو و ڕۆژ باس لەوە دەکرێ کە ژنان چۆن هەڵسوکەوت بکەن، لە کاتێکدا خۆیان پێگە و نازناو و تەمەن و دەسەڵاتی ئایینی خۆیان بۆ بەدەستهێنانی ژنان و شەهوەتبازی بەکاردەهێنن؟
هەرگیز نەبینرا قژ و جل و بەرگی ژنان کۆمەڵگایەک وێران بکات، بەڵام خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و ناوبانگ دەیکات.
مێژوو پڕە لە کەسانێک کە باسی ماف و ئاینیان کردووە. بەڵام مەترسیدارترینیان هەرگیز ئەو کەسانە نەبوون کە بە ئاشکرا پێشێلکارییان کردووە. بەڵکو ئەوانە بوون کە دین و پێگەیان کردۆتە ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەوانی تر و ئارەزو بازی خۆیان.
ژوان قادر
بهروار: 20/06/2026
71 جار خوێندراوهتهوه
|