هەمیشە لە یادماندای بابە گیان

باوکم دەگێڕیتەوە: 
من لەبەر ئەوەی بە کەفیل بەردرابووم، ئازادی تەواوم نەبوو، لە ڕۆژی .1961.9.12 کەفیلەکەم  هاتە دوام گوتی:
 "لە ئەمن پێیان گوتوم ئەگەر قادر شۆڕش نەهێننەوە تۆ دەگرین". 
گوتم، "باشە کاکە، هیچ غەمت نەبێ، تۆ بڕۆوە، من دەچم بۆ دائیرەی ئەمن". 

نانم خوارد و دوو بەتانی و بالیفێکم هەڵگرت، بەرەو سەرا کەوتمەڕێ، کە چووم دیتم دەپازدە کەس لەبەر دەرگای ئەمن وەستابوون. چاویان پێم کەوت گوتیان :
"ئەو نوێنانەت بۆ هێناوە!؟"
 گوتم: "بۆ بەندینخانەم هێناوە!"
 گوتیان ":بۆ دەمانگرن، ئێمە چیمان کردووە؟!" گوتم :"وا شەڕ لەگەڵ پارتییە و ئێمەش پارتین بۆیە دەمانگرن!" 
زۆری پێ نەچوو گوتیان: "کاکە فەرموون بۆ ژووری بەندینخانە". لە ژوورەوە دانیشتین، زۆریان لە برادەران و خەڵکی تریش گرت و هێنایان، بۆ بەیانی ڕۆژی دواتر وای لێهات جێگەمان نەدەبۆوە. هەندێک لە گیراوەکان خەڵکی کۆیە بوون، کاکە زیادی کۆیەشیان لەگەڵدا بوو". 

ڕۆژی 1961.9.14 سەد  کەسیان جیاکردەوە و بردنیان بۆ وێستگەی شەمەندەفەر. لەوێ کەلەپچەیان لە دەست کردین، پاشان دوو دوو بەیەکەوەیان بەستین و لە کورسیەکانی شەمەندەفەر تووندیان کردین. 
کاکە زیاد بە تەنیا مایەوە، بە زنجیرێک لە پەنجەرەی شەمەندەفەریان گرێدا. سریەیەک پۆلیسی چەکداریان لەگەڵ داناین، شەمەندەفەر کەوتە جووڵە. شەو کە دەمانوویست بۆ ئاودەست بچین دەستیان نەدەکردینەوە، دەبووایە یەکێکمان لەبەر دەرگا بووەستین و یەکێکیشمان بچینە ژوورەوە. 
هەندێک لە بەندەکان لە ڕکان بۆ ئاودەست نەدەچوون و تووڕەیی خۆیان بەرامبەر بە پۆلیسەکانی قاسم دەردەبڕی. 

بەیانی زوو گەیشتینە بەغدا بۆ مەوقفی سەرایان بردین. مەئمور مەرکەزێکی زۆر ناپیاو و خراپی لێ بوو ناوی "مەحمود "بوو. زۆری جوێن پێمان دا، یەک دوو زلەشی لە هەندێکمان دا.  هەموو ژوورەکانی بەندیخانە پڕبوون لە گیراو، کە زۆربەیان کورد بوون. 
جێگا بۆ ئێمە نەبوو، بۆیە ئێمەیان لە کۆڵانێکی پشت مەوقفی سەرا خڕکردەوە و دانا. پۆلیس لە بەرامبەرمان وەستان. ئەو ڕۆژە تا ئێوارە هیچمان نەخوارد. لای ئێوارە دیتمان کابرایەک پەقرەجێک و فەردەیەک سەمونی بەدەستەوە بوو و بەرەو لای ئێمە هات. 
ئەو کابرایە بۆ 77 کەس یەک نیووە پەقرەج شلەی باینجانی بۆمان هێنابوو. شلەکەش ئاوێکی ڕەش و هیچیترنا، لەگەڵ هەر یەکە و سەمونێک بەبێ کەوچک.
 ئێمە سەمونەکەمان وەرگرت و گوتمان ئەو شلەیە ناخۆین. کابرا تووڕە بوو و گوتی:
 "چۆن نایخۆن! ئەوە بڕیاری حکومەتە کە ئێواران شلە بۆ بەندەکان دەهێنم". 
گوتمان: "یابە قاپ و کەوچکمان پێ نییە و بۆ خۆت بیبە، هیچ گلەییمان نییە و خواحافیزت بێت". 
یابەی نەفام هەر قسەی دەکرد و پرتە و پۆرەی بوو. کاک ساڵح شێرەش کە لەگەڵمان گیرابوو، ڕووی قسەی لە کابرا کرد و گوتی: "یابەی سەگباب خۆ وراغ نین سەر لە ناو پەقرەجەکە بنێین، خۆ لە لاچکە کورتەکیشمان ناکەین تا بەسەرماندا بڕژێ و هەموو ئاڵاتمان بسووتێ!" یابە گوتی :"ئەوە چی دەلێت؟" 
ئێمەش بە عارەبی یابەمان تێگەیاند. یابە بە تووڕەییەوە ڕۆیشت و وازی لێهێناین.

شاخەوان شۆڕش
کۆپنهاگن
به‌روار:  12/06/2026
35   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   106
کۆی سه‌ردان:   31450759