|
ئاخیر فیشەک و نامەکەی شەهید کۆچەر
هەینی: 1985.5.17
پاش ئەوەی لە سەر بڕیاری حزبی شیوعی، بەنهێنی دەگەڕێتەوە ناو شاری هەولێر، بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکی حزبی، سیخوڕ و بەکرێگیراوەکانی بەعس هەواڵی بوونی هاوڕێ مامۆستا کۆچەر، بە ئەمنی هەولێر دەگەیەنن.
لە نیوە شەوی 17ی ئایاری 1985جاش و ئەمن و ئیستخبارات، لەناوجەرگەی شاری هەولێر چوار دەوری ئەو ماڵە دەگرن کە مامۆستا کۆچەری تێدایەو داوای خۆ بە دەستەوەدانی دەکەن.
بەڵام مامۆستا کۆچەر، بەڵێن دەدات خۆی ڕادەست نەکات، بەدەمانچەکەی ڕووبەڕووی هێزەکەی دوژمن دەبێتەوەو دوای شەڕێکی قارەمانانەی چەند کاتژمێری و کوشتنی چەند دڕندەیەکی بەعس، دواجار بەگوللەی دەمانچەکەی، خۆی شەهید دەکات.
بەڵام بەر لەوەی خۆی شەهید بکات نامەیەک دەنوسێ بۆ ماڵەوە ،
دەقی نامەکە وەک خۆی ....
برام دکتۆر چاوە ڕەشەکانت ماچ دەکەم ..
خۆشەویستم ئەوجارە دەمرم و ، هیچ ناترسم . بۆیە بەوپەڕی مەعنەویەت و ، هۆشەوە ئەو شتانە دەنوسم ...
چاوی منداڵەکان ماچ دەکەم ، ئومێدەوارم لەمەودوا تۆ مام و ، براو ، باوک بیت بۆ منداڵەکان ...
دەستی دایک و ، باوکم ماچ دەکەم ،
ئومێدەوارم خزمەتیان بکەی ، من تاوانبارم بەرامبەریان ، هەست بەتاوان دەکەم بەرامبەر بە هەموتان ،
هەست بە تاوان دەکەم بەرامبەر منداڵەکانم کە نەمتوانی ژیانی خۆشیان بۆ دابین بکەم ..
ملکەچی خێزانی بەوەفاو دەست ڕەنگینی دایکی ڕزگارم ، ملکەچی تۆی ماندو بلیمەت و ڕەنگ زەردم ...
تۆی جگە لە خەفەتی من و ، دایک و ، باوک و، منداڵەکان زیاتر هیچمان نەبووە بۆت ...
بەڵام من سەربەرزم بەوەی خیانەتم لە گەلەکەم نەکردوو ، شەرەفی شیوعیەتیم پاراست ...
من هیچ ماڵ و ، سامانێکم بۆ ئێوە بەجێ نەهێشتووە ، جگە لە خەفەت و ، فرمێسک ...بەڵام لە هەمان کاتدا سەربەرزی و ، پاکیم بەجێ هێشتووە ..
من موتەئەکیدم ئەوانەی نزیکی منن ، بۆ تۆ شوێنی منن ، بەتایبەتی مامۆستا گۆران و ، هاوڕێ سەفەر ..
ئومێدەوارم منداڵەکان پەروەردە بکەیت و ، نەهێڵی هەست بەبێ باوکی بکەن ...
بۆ ئاگاداری هاوڕێیان من هەموو وەرەقەو ، ناوو ، پارەم سوتاند ..
جگە لەو پارچە کاغەزە ، ئەگەر بەدەستت گەیشت هیچی ترم بەجێ نەهێشتووە ..
چاوەکانت ماچ دەکەم و ، کاتژمێریش
19ــ3 دەقیقەی شەوە ، لە 21ــ 3 دەقیقە ئاخیر فیشەک بۆ خۆمە ..
ئیتر دوبارە چاوەکانت ماچ دەکەم ..
کۆچەر
1985.5.17
نامەکەی لە کۆمێنتە:
بهروار: 17/05/2026
73 جار خوێندراوهتهوه
|