مەرگی عەدنان خەیڕوڵا و دوکانەکەی من.

پێنج شەممە: 1989.5.4
ساڵانی هەشتاکان ژمارەیەک کوڕە ئازاکانی ئیبراهیم پاشا ڕێکخستنی " کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان" بوون و ژمارەیەکیان بوونە پێشمەرگەی قارەمان و شەهیدیشیان زۆر بوو.

ساڵی 1979 حکومەتی بەعس بڕیاری شەقامی  30 مەتری دا، ماڵی" ئێمە و ماڵی مامە عومەر"م بەر جادەکە دەکەوت ، کە ئێستا ڕێک گۆزەکانی ئیبراهیم پاشایه.
شەوان لە کۆڕی گەورەکان گوێ بیستی ئەوە دەبووین، کەئەم شەقامە وەکو سیاسەتی ئیسرائیلە کە گەمارۆی فەلەستینیەکان دەدات.
ئەوکاتە پێشمەرگە و شۆڕشی نوێ دەبوژانەوە.

من و شیروانی خاڵم چووین ژمارەیەک پەڕەی خورشیدی و چەند کاربۆن " قۆپیە" مان کڕی.
من خەتم خۆش بوو ، چەندین پەڕەم نووسی وەکو بانگەواز کە خەڵک خانوەکانیان چۆڵ نەکەن و مەهێڵن شەقامی 30 مەتری دروست بکرێ.
پاش " بانگەواز یان ئاگاداری" نوسیم:
ئێراق= ئیسرائیل
کورد= فەلەستین
سیکۆتینمان بۆ کڕی و پێکەوە بە دیواری مزگەوتی سەیوانی دووەم و حەمزەئاغا و قوتابخانەی مەحوی و کۆڵانەکان هەڵمان دەواسی.
جارێکیان " حاجی حەمەومینی کاتب و عەریزە نووس"ی ڕەحمەتی ئێمەی بینی کە نوسراوەکە هەڵدەواسین، بە باپیرەم" بابە ئەحمەد" ی ڕەحمەتیمی وتبوو:
فریایان بکەوە و مەهێڵە، بیانگرن ئیعدامیان دەکەن.

جارانی تریش پێکەوە دەچووین بۆیەی پەمپمان لە دوکانی" کاک عوسمانی ساڵح کۆڵەبی" ڕەحمەتی لە سابونکەران دەکڕی و شەوان دیوارەکانی برایم پاشامان دەنووسی.
جارێکیان دیواری" قوتابخانەی ڕەفیق حیلمی" دەنووسی ، نەجدەیەکی ڕەش لە خەستەخانەی شیرەکەوە هاتن، بە کۆڵانەکە ڕامانکرد، دوامان نەکەوتن.

مەرگی عەدنان خەیڕوڵا
ڕۆژی 1989.5.4
ئەو ڕۆژەی کۆپتەرەکەی عەدنان خەیڕوڵا کەوتە خوارەوە من " فیرار" بووم و لەبەردەکی سەرا ئەم وێنەیەم گرت.
پاش نیوەڕۆیەکی درەنگ بوو بە خۆڵبارینێک و دنیا سوور بوو، بۆ شەوەکەی هەواڵی مردنەکەی لە تەلەفیزیۆنی ئێراقەوە بڵاو بوەوە.
ئەو کاتە من لە پشتی " ناوەندی ئەحمەدی خانی" لە گەڕەکی بەختیاری دوکانێکی بچکۆلەی ناو حەوشەی ماڵەوەم هەبوو.
چووم بۆ لای بەڕێوبەری "خوێندگاکە" و داوام کرد کە مۆڵەتم دەدەن لەسەر پشتی دیواری ئەحمەدی خانی " ڕیکلام " و شێعرێک بنووسم، ئەوان ڕەتیان کردەوە.
بە خەیاڵی خۆم ووتم گەر پەسەندی بکەن ،وەکو دیوارەکەی " خالید زامدار" ی ڕەحمەتی جارجار شێعرێکی جوانی لەسەر بنووسم.

چووم لە سابونکەران " ئازادی کاک سەعیدی تەنەکەچی" م هێنا کە خۆش نووس بوو، لەسەر دیواری پێشەوەی دوکانەکە هەندێ وێنە و ڕیکلامی " ساردەمەنی فریزۆ" ی بۆ نووسیم.
لەناو دوکانەکەش ئەم هۆنراوەیەی شێرکۆی مەزنی نووسی:
ئەوەی ئەمڕۆ پێی ناز دەنێ بەسەر زەمینا
سبەی وا لە زەمینا  ،وا لە ڕزینا.
بۆ ڕیکلام و هۆنراوەکە " 10" دیناری سویسریم دایە.

بۆ ئێوارە کە باوکم لە بازاڕ گەڕایەوە و هۆنراوەکەی بینی ووتی:
عەدنان خەیڕوڵا مردووە و تۆش ئەم شێعرە جوانەت لەم کاتەیە نووسیووە ، بۆ ماڵمان کاول ناکەیت ، و خانوەکەمان بەسەرا بڕوخێنن؟
بۆ بەیانی چوو " ئازاد" ی هێنایەوە و سڕیەوە و بۆیەی کردەوە، و نازانم چەندی دابویه؟

ئەوەندەم حەز لە نووسین بوو ، مامۆستای ئینگلیزی " خانەی مامۆستایان" م کە کە موسڵاوی بوو ، هەر دوو دەفتەرەکەی ئینگلیزی بردم و پیشانی هەموو پۆلەکانیشی برد و ووتی وەکو دیاری لای خۆم هەڵیدەگرم.
پێنج نمرەی موعەدەلی بۆ زیاد کردم کە دەیکردە "20" نمرە.

ئەو کاتانەی بانگەوازمان هەڵدەواسی و دیوارەکانمان دەنووسی تەمەنم" 14" ساڵان بوو ، یەکەمجاریش کە ڕامکرد بۆ پێشمەرگایەتی زستانی حەفتاو نۆ بوو.

بۆ ئەو بەڕێزانەشی کە دەڵێن بۆ کێتان کرد؟
ئێمەش وەکو دڵسۆزانی تر  هەر بۆ کوردایەتمان کرد ،بەڵام سەدان " مولازم و نەقیب و ڕائید" ی خانەنشینی پێشمەرگە هەیە کە بە چارەکی چارەکی ئێمەی نەکردووە و پلەکەی زۆر بەرزترە ،یان هەشە هەر علوج و فەلی دوای ڕاپەڕینە و ئەمانە دەیخۆن و بۆ ئەمانەمان کرد.

شێرزاد عەزیز
مالمۆ
https://www.malmokurd.com/News-46094-6
به‌روار:  13/05/2026
14   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   140
کۆی سه‌ردان:   31375158