کارەساتێکی کاریگەر😪😪

من ناوم "ئازاد" ە خاڵی ھەردوو جوانەمەرگی شەھید
 " سۆزان و بەھمەن " م کەھەردوکیان قوربانی تۆپ بارانەکەی سلێمانی بوون لەقوتابخانەی ئاسۆی شەھیدان ...

ڕۆژی شەممە  1987.1.17 بوو
 کات 12:00 نیوەڕۆ ،
 ئەو ڕۆژە دەوامیان دوای نیوەڕۆ بوو لەماڵی ئێمە بوون کەماڵمان لەشوقەکانی کارێزەووشک بوو ،ئەوان واتە ماڵی خوشکم ماڵیان لەمامۆستایان بوو بەحوکمی ئەوەی کە باوکیان پێشمەرگە بوو "شەھید خالید مەحمود حەسەن ژاژڵەیی کە ناسراو بوو بە خالیدی مالیە" .
زۆرتر لەماڵی ئێمە بوون دایکی ڕەحمەتیم ھەردوکیانی بەپاس برد بۆ مەکتەبەکەیان.

 ئەمانی لای مەکتەب داناو دایکم بەڕێوە بوو بۆ ماڵەوە، دیار بوو ھێشتا دەوامی بەیانیان تەواو نەبوو نەھاتبونە دەرێ ،ئەمان لە بەردەرگای قوتابخانەکە چاوەڕێیان ئەکرد.
 ئەوکات منیش خوێندکار بووم لەئامادەیی سەلاحەدین لای فولکەی دکتۆر دارا بووین.

 لەگەڵ چەن ھاوڕێیەک گوێمان لەدەنگێکی گەورە بوو کەھەموو سلێمانی ھەژان ئەوە بوو یەکەم تۆپ دابووی لەبەردەرگای خوێندنگاکەیان من لای فولکەی دکتۆر دارا تەماشای ئەو ئوتومبێلانەم ئەکرد کە شەھیدوو بریندارەکانی ئەگواستەوە، بەڵام من نەمزانی ھەردوو خوشکەزا خێر لەخۆنەدیوەکانی منی تیایە .
 ئەوە بوو من گەڕامەوە ماڵەوە چونکە ئەو ڕۆژە دەوامی مەکتەبمان نەکرد بەڵام کە گەیشتمە ماڵەوە خوشکەکەم لەبەر دەرگا وەستا بوو ووتی:
 دایکم مناڵەکانی بردووە بۆ قوتابخانەو نەگەڕاونەتەوە، من یەکسەر دڵم شتێکی خراپی پێ ووتم، چونکە من شەوەکەی خەوێکی زۆر ناخۆشم پێوە بینیبوون .

یەکسەر بەڕاکردن بەرەو لای قوتابخانەکەیان چووم چونکە نەپاس ھەبوو نەتەکسی ،بەڵام کە گەیشتمە لای مەکتەبەکەیان توشی شۆک بووم ئەو ماڵانەی دەوری قوتابخانەکەیان چۆڵیان کردبوو ، ئەوناوە زۆر چۆڵ بوو.
 یەکسەر چاووم چووە سەر جانتا و کتێب و خوێن و مێشکی پژاو لەوکاتەدا جانتاو کتێبەکەی "سۆزان" م بینی، یەکسەر زانیم ئەوان پێوە بوون .
لەو کاتەدا ماتۆڕێک ھات و لێی پاڕامەوە کە بمگەیەنێتە نەخۆشخانە ئەو کات نەخۆشخانەی ئێمێرجێنسی لە نەخۆشخانەی مناڵ بوونی ئێستە بوو.

 کەچووم" بەھمەن"ی  ڕەحمەتیم بینی لەسەر بێدی نەخۆشخانە،  باوکم ئەوکات لەنەخۆشخانە کاری ئەکرد لەلای "بەھمەن" بوو بەسەریەوە ئەگریا و ووتی:
 کوا "سۆزان" ؟
من یەکسەر زانیم کە "سۆزان"  نەماوە.
 ووتم:  لەماڵەوەیە .

دوای ئەوە یەکسەر ڕامکرد بۆ توبی عەدلی. کەچوومە ژوورەوە قاچی "سۆزان"م بینی ویستم بچمە پێشەوە لێی بەڵام بینیم کەتۆپەکە دەم و چاوی بردووە.
 ئیتر نەمتوانی سەیری بکەم بەڕاستی ئەم حاڵەتانەی کەئەیگێڕمەوە زۆر بۆ ئێمە زەحمەت بوو .
"سۆزان" شەھید بوو بەھمەنیش پارچەیەک چووبوە ناو فەقەراتی و توشی ئیفلیجی کردبوو ھەروەھا پارچەیەکیش ئەنیشکی دەستی ڕاستی بردبوو .

 لەوە سەختر بۆ ئێمە ئەوە بوو لەمانگی چواری ھەمان ساڵ باوکیشیان لەشانەخسێ شەھید بوو .

 بەھمەن بەو برینەوە ناڵاندی ھەتا ساڵی 1992 بەداخەوە ئەویش ماڵ ئاوایی کرد .
دروود بۆ ڕۆحی پاکیان
ئازاد نەبی
https://www.malmokurd.com/News-35386-6
به‌روار:  13/05/2026
45   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   56
کۆی سه‌ردان:   31374064