|
ئێمە و مردن" کۆماری سێدارەی ئیسلامی
لەسێدارەدانی
شیرین عەلەم هولی ، فەرزاد کەمانگەر، فەرزاد وەکیلی، عەلی حەیدەری، مەهدی ئیسلامیان
زیندانی ئێڤین
تاران/ 2010.5.9
تیرۆرکردن و لەسێدارەدان دوو مەدالیا و پێناسەى ئەمڕۆی رووناکبیران و گەنجانی ئەم کوردستانەن
ئەو پێناسەیەى، کە دیکتاتۆرەکان بۆ دواجار ئەیدەن لە سینگ و بەرۆکى قوربانییەکانیان
ئەوان گوایە بۆ ئەوەى بێدەنگمان بکەن و بمانترسێنن و بمانگەڕێننەوە
ئێمەیش بۆ ئەوەى ئەو پێناسەیە بە دیوە جوانەکەیا بکەینە ملمان
و بە قەڵەمی رووناکی تاریکیى ئەوان بکوژێنینەوە و و بنووسین
لای ئێمە لەم جۆرە مەرگانەوە ژیان دەستپیئەکاتەوە و
لەسەر ئەم سێدارانەوە سەرمان هەڵدەسێتەوە و شەوق ئەدەنەوە
تیرۆریستانى سۆرانى مامە حەمە و سەردەشت عوسمان لێرە و تەورەکانی کۆماری ئیسلامی لەو لا
هەر دوولایان لە دوو ڕێیانى مردن و تاریکییا یەکئەگرنەوە
لە راستیا ئێمە ژیانین و گەنجەکانمان ئایندەن و نابڕێینەوە
ئێمە چیاین ناگوێزرێینەوە
ئێمە شێعرین وەشک ناکەین
باهۆزین نانوشتێینەوە
زاوزێى ئازادی و گەلین
کۆتایمان هەر بۆ نییە و
ئێمە ژیان خۆیین
ناتوێینەوە
دە پێم بڵێن
لەم رۆژهەڵاتەوە تا رۆژئاوا
لە سەرەوە بۆ خوارەوەى ئەم وڵاتانە
لە کۆنەوە تا ئێستا سێدارەکان چییان لە ئێمەدا کوشت
توانییان چی لە هاوارى شۆڕش و ئازادیمان کەم بکەنەوە
سێدارەکان توانییان شاهۆ بترسێنن؟
توانییان دەریاچەى وان و ورمێ بێدەنگ بکەن؟
توانییان چۆک بە پیرە مەگرون دابدەن؟
ئەوەى تا ئێستا سێدارەکان کردوویانە هەمیشە پێچەوانەکەى هاتووەنە دی
کاروانمان درێژتر بوەتەوە و دەنگمان زوڵاڵتر و ئاپوورەمان چڕوپڕتر و و گەورەتر
سێدارەکان ترساون
لە کورد ترساون
سێدارەکان بەزیون و ئێمە هەر ماوین
کۆماری سێدارەى ئیسلامیى ئێران پیر پیر بووە، بەڵام ورەی ئێمە هەر گەنج
کۆماری سێدارەى ئیسلامی خوارخوار بووەتەوە،
بەڵام ئێمە تازە وا خەریکین لە ملەى بەرزەوە دەست بۆ خۆر بەرین و دایگرینە سەر عەرز
لەم بەیانییەوە شەقامی هەرە گەورەی سنە بوو بە فەرزاد کەمانگەر
لەم بەیانییەوە گەورەترین باخچەى مەهاباد بوو بە شیرین عەلەم هولی
لە کازیوەى ئەمڕۆوە هەموو ئەو مناڵانەى لە دایکبوون ناوی فەرهادی وەکیلی-یان لێنرا
لەمڕۆوە
لە یەکەم گزنگی دەمەوە بەیانەوە مەهدی ئیسلامییان بوو بە گۆمی وان
لە شەفەقی ئەمڕۆوە عەلی حەیدەریان بوو بە تاقەوسانى کرماشان
دە فەرمون سنە لەسێدارە بدەن
مەهاباد سەربڕن
دە فەرمون مەهێڵن مناڵانى ئێمە لە دایک بن
دە فەرمون مەهێڵن باران ببارێ و مەهێڵن گیا سەوز بێ و مەهێڵن زەوی بژی
من ئیتر لەمڕۆوە عاشقی چاوانى شیرین عەلەم هولیم
لەمڕۆوە هەرچی شێعرم هەیە ئەیانکەم بە گوڵی گۆرانى، بۆ باڵاى شیرین عەلەم هولی
لە ئێستەوە من تاڵێ لە قژی ئەوم
لە ئێستەوە من نینۆکی پەنجەى ئەوم
لە ئێستەوە من ئیتر ئەبمە ئەو جووتە پێڵاوەى، کە دواجار لە پێى کرد و پێى چووە سەر سێدارە
لە ئێستەوە من بازنەى بەجێماوی دەستى شیرین عەلەم هولیم
کۆماری سێدارەى ئیسلامى چیى لەسێدارە نەدا
لە خەنەوە بۆ شێعر، لە شێعرەوە بۆ ژن، لە ژنەوە بۆ نان و بۆ ئاو و بۆ گوڵ و بۆ کانی…
کۆماری سێدارەى ئیسلامى ئەوەى ناتوانێ، هەرگیز هەرگیز
لەسێدارەى بدا
ئایندەیە و ئازادی
شێرکۆ بێکەس
بهروار: 10/05/2026
44 جار خوێندراوهتهوه
|