ماکەری لوبنانی و جاشی ئیسرائیلی
ماکەرەکەی پورێ  

بەسەرهاتێکی ڕاستەقینەیە، لەگوندی کفرکەلای خوارووی لوبنان ڕوویداوە و لە  دەفتەری نەتەوە یەکگرتووەکانیش تۆمارکراوە.

ڕۆژێک لە ڕۆژانی ساڵی1962 ، کە هێشتا ئیسرائیل شورەی لەنێوان سنوری خۆی و لوبنان دورست نەکردبوو، ماکەرەکەی پورێ  ڕێی لێ وون دەبێ و دەچێتە ناو خاکی فەلەستینی داگیرکراو ، لەوێ شوون بزر دەبێ ، و پۆرێ و مێردەکەشی لەترسی تەقەی سەربازە ئیسرائیلەکان ، ناوێرن  شوێنی ماکەرەکەیان بکەون وبڕیار دەدەن وازی لێ بێنن.

دوای ساڵێک وون بوون، لەناکاو ماکەرەکە بەعارەبانەی پڕ هەڵوژە و خۆخی دوایەوە دەگەڕێتەوە سەر سکەی خۆی لە کفر کەلا و منداڵانی گوندیش لەخۆشیان بەهەلهەلە لێدان بەدوایەوە بوون.
خۆشی گەڕانەوەی ماکەرەکە زۆر ناخایەنی، پاش چەند کاتژمێرێک، پۆلیسی لوبنانی بەیاوەری موختاری گوندی و هێزی لەناکاوی نەتەوەیەکگرتووەکان بەسەر ماڵی پورێ دادەدەن و داوای ڕادەستکردنەوەی ماکەرەکەیان لێدەکەن.

 بۆ گەڕاندنەوەی بۆ ئیسرائیل، دەڵێن ماکەرەکە لە نێرەکەرێکی ئیسرائیلی ئاوس بووە. پاش بینە و بگرە و بەردەیەکی زۆر و ناڕازیبوون، ئاستی توڕەبونەکە بەرز دەبیتەوەو خەڵکی گوندەکەش خۆیان لەمەسەلەکە هەردەقوتێنن  و دەکەونە هاوار و ئەڵێن ماکەر ماکەری خۆمانە ، وون بوو وگەڕاوە لای خۆمان.

پاش چەند کاژمێرێک لە دانوسان لەگەل سوپای ئیسرائیلی داگیرکەر وبەناوبژیوانی هێزی نەتەوە یەکگرتووەکان هەردوولا لەسەر ئەوە ڕێکدەکەون، کە ماکەرەکە بگێڕدرێتەوە ئیسرائیل تا لەوێ بزێ و جاشکەکەی بۆ ئیسرائیل بێ و ماکەرەکەش بەتەنها لەڕێگەی هێزی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پورێ بگێڕدرێتەوە، بەئامادەبوونی نەتەوە یەکگرتووەکان هەرسێ لا ڕێککەوتنەکە واژۆدەکەن.

پاش سێ مانگ وبێ هیچ هاوئاهنگی ئەمنی ، ماکەرەکە لە ئیسرائیل هەڵدێ و بەخۆی و عارەبانەی پشتی و جاشکی دوایەوە دەگەڕێنەوە ماڵی پورێ. ئەمجارەش کاتژمێرێکی پێناچێ، پۆلیس و شارەوانی و موختار ونەتەوەیەکگرتووەکان دەگەنە ماڵی پورێ و داوای لێدەکەن بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە دەبێ جاشکەکە ڕادەستی هێزەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بکەن، تا ئەوانیش ڕادەستی ئیسرائیلیەکانی بکەنەوە.

بەلام ئەوجارە جاشکەکە دەغەزرێ وقەبوڵناکات لەدایکی جیابکرێتەوە و پێداگری لەمانەوەی لەلوبنان دەکا. وخۆ دەگرمخێنی(مماطلة) لەڕادەستکردنەوەی بە پۆلیس، بۆیە ناچار داوای هاتنی هێزی زیاتری پۆلیس دەکەن وئەوانیش دێن و دەوری شوێنەکە دەدەن، جاشکەکە بەبەستراوی دەخەنە ناو بارهەڵگرێکی سەربازی و دەیگەیێننە بنکەی چاودێری لە ناقورە ، لەوێشڕا جاشکەکە بە یەخسیری ودڵی شکاو و چاوی پڕ فرمێسک و بەزۆر لەدایک دابڕێنراو ، دەیگەڕێننەوە ئیسرائیل.

ڕووداوی ماکەرەکەی پورێ حەقیقەتی دانوسکاری ئیسرائیلیمان بۆ دەردەخا، کە ئەوەندە لامل و پشوو درێژن ومکوڕن تا ڕادەی دەسبەردارنەوبونی جاشکێک، کە لەماکەرێکی لوبنانی ونێرەکەرێکی ئیسرائیلی پەیدابووە. ئیتر چۆن ئەم دانوسکارە ئیسرائیلیانە بۆ دانوسکاری فەلەستینی دەسبەرداری قودس و کەناری ڕۆژئاوا وئاسمانی فەلەستین و مزگەفتی ئەقسا دەبن، کە بە کێوی پەیکەری سولەیمانی دەزانن؟!

ئەو دانوسکارە ئیسرائیلیەی دەسبەرداری جاشکێک نەبێ ، چۆن دەسبەرداری لە60  ٪ خاکی کەناری ڕۆژئاوا دەبێ، کە دەیان هەزار خانووی تێدا دورستکردیە سەدان هەزار جوولەکەی توندڕەویان لێ نیشتەجێ کردیە؟!

کەچی دانوسکاری کوردیش بەدوو بەڵێنی  هەوایی نیوەی خاکی کوردستانی کردە کێشە لەسەر .

وەرگیراوە
به‌روار:  28/04/2026
34   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   278
کۆی سه‌ردان:   31331097