سامانی پیرەمێرد شەش پەنجایی بووە

کۆچی دوایی 1950.6.19

پیرەمێردی شاعیری گەورەی کورد  خاوەنی سروودی نەورۆز ، کە موتەسەریفی ئەماسیە بووە لە تورکیا و دەرچووی بەشی یاسا بووە، ژنە تورکیەکەی و مناڵەکانی بۆ نیشتمان بەجێهێشتووە و بەچاپخانەی ژین خزمەتی گەورەی بەئەدەب و ڕۆشنبیری کردووە ، کە کۆچی دوایی کردووە تەنیا شەش پەنجایی لێبەجێماوە.
ئەمە دەقی وەسێتەکەی پێش مردنیەتی:

ئەمجارە دەمرم، لە مردن ناترسم، ژیانێکی باش و عومرێکی درێژم ڕابوورد، گەلێ شاران و وڵاتان گەڕاوم، گەورە و پادشاھانم دیوە، تاڵی و سوێری زۆرم چەشتووە، بە نیوە خوێندەواری لە سلێمانی دەرچووم و خوێندنێکی بەرزم ھێنایەوە، بە سەربەرزیی دەزانم کە لە ڕێی باوەڕی خۆمدا حەپس و زیندانێکی زۆرم دیوە. لەم وڵاتەدا دوو چاوم ھەبووە، یەکێ (زانستی) و یەکێ (ژین)، ئێستا کە ئیتر لەوانەیە کەڵکی خزمەتم پێوە نەمێنێ و ببم بە بار بەسەر خەڵکەوە، ڕوو دەکەمە قاپی ئەبەدی، ڕوو دەکەمە قاپی ئەبەدی بەبێ ئەوەی کە ماڵی کەسم خواردبێ، موحتاجی کەس بووبێتم، ھیچم پاشەکەوت نەکردووە، ھیچیشم لە دوا بەجێ نەماوە، چاوم لە دوای خۆم نییە، خۆم بە ئاخر خێر دەزانم، ھەرچەندە یەکانە ھیوام ئەوە بوو کە ببینم قەوم و میللەتەکەم پلەیەک لەمە بەرزتر و خوێندەوارتر و پێگەشتووتربن، بوو بەگرێ و لەدڵما و نەمدی، لەگەڵ ئەوەشدا بەختیارم، چونکە بۆم دەرکەوت کە قەوم و میللەتەکەم لە پێشکەوتنان و ھەموو جۆرە توانا و قابیلییەتێکیان تێدایە، ئامۆژگاریم ئەوەیە بخوێنن، کوڕ و کچ تا خوێندەوار نەبن بێسوودە، ھەموو شت بە عیلم و فەنەوەیە وەکو وتومە:
«لای من بە خوێندەوارییە، ئاە خوێندەوارییە/ ھەر میللەتێ کە فەنی نەبێ دەردی کارییە/ ئاخ خۆزگە خوێندنیش وەک من ئارەزوو ئەکەم/ بیبینم و نەبێتە گرێی قورسی کفنەکەم»

ئامۆژگاریم ئەوەیە بە شوێن ماددە مەکەون، دنیا زۆر بە گران مەگرن، تا دەتوانن خزمەتی ڕاست و بێ موقابیلی قەوم و زمان و وڵاتەکەتان بکەن و دەستی داماوان بگرن و لە دین لامەدەن، خوا و پێغەمبەری خۆتان بناسن و ڕەوشتتان پاک و خاوێن بێ. ئامۆژگاریم ئەوەیە چاپخانەکە مەفەوتێنن، ئەم قەلەندەرخانەیە تێکمەدەن، ئەو یەک دوو کەسانەی ئەم بەینە لەم قەلەندەرخانەیەدا خۆیان داوەتە پەنای من، بێ نازیان مەکەن حەقیان بەسەرمەوەیە. ڕۆژنامەکەش لەدەست مەدەن، چاپخانەکە ئیش پێبکەن، چونکە لەلایەکەوە ناکوژێتەوە و خزمەتی پێ دەکرێت، لەلایەکی تریشەوە ئەو جیھەتەی من یارمەتیم داون، بەڵکو بەھۆی ئیشکردنی چاپخانەکەوە ئەو یارمەتییەیان لێ نەبڕێت. ئامۆژگاریم ئەوەیە کە شیعر و نووسینەکانم کۆکرایەوە مەیفەوتێنن، ئیستیفادەی لێ دەکرێت، ئامۆژگاریم ئەوەیە لە گردی مامەیارە بمنێژن، بۆم مەگرین، ئەگەر زۆر بیرتان کردم جارجارە سەرم لێدەن، فائق ئەم ئامۆژگاریانەم بۆ تۆیە و بۆ ئەو کەسانەیە کە بە تەنگمەوەن.

ژیاننامەی پیرەمێردی مەزن لەم لینکەدایە:

کلیکی ئێرە بکە

 

به‌روار:  23/03/2026
44   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   156
کۆی سه‌ردان:   31206188