|
تەنگەی هورمز، خاڵی بەهێزی ئێرانە!
تەنگەی هورمز، دەراوێکی ستراتیجیی ئاوییە، کە کەنداوی پارس بە کەنداوی عومانەوە دەبەستێتەوە. بەرینی گەرووەکە لە بەرینترین شوێنی، ٩٦ کیلۆمەترە، تا تەسکترین شوێن کە تەنیا ٣٩ کیلۆمەترە. لە شوێنە هەرە تەسکەکەیدا، بەهۆی کۆبوونەوەی سروشتیی لم و لیتە لە کەنارەکانی دیوی عومان، کەشتیە زەبەللاحە نەوتکێشەکان، تا لە قوڕ و لیتەی بنی دەریا نەچەقن، ناچارن تا بەناو بەشە ئاوی ئێراندا تێبپەڕن.
گیرانی تەنگەبەرە ئاوییەکە، پێویستی تەنیا بە بەلەم\زەورەقێکی تیژڕەوی ماسیگرتن و دوو خۆبەخش هەیە، کە هەڵگری ڕاکێتی دژە زرێی کۆرنێت بن. ئەوان بەو دەستە کەم و کەم تێچووەیان، بە ئاسانیی و خێرایی دەتوانن خۆیان بگەیەننە نەوتهەڵگرێکی زەبەللاح و بەو ڕاکێتە، کە ئێران زۆری هەیە، کون لە کەشتیەکە بکەن و ئاگری تێبەربدەن.
گەرووی هورمز، بەو ئەندازەیەش کاریگەر نیە، چونکە عارەبستانی سعودیی، بەشی هەرە زۆری نەوتی خۆی، بە بۆڕی دەگەیەنێتە کەنارەکانی دەریای سوور. ئیماراتی عارەبییش، بە بۆڕیەک، بەشێکی نەوتی خۆی، لە ڕێگای عومانەوە گەیاندۆتە دەریای عارەب. عێراقییش بەشێکی نەوتەکەی دەگەیەنێتە بەندەری جەیهان. ئەوانەی زیانی گورچکبڕیان پێدەکەوێت، جگە لە ئێران خۆی، کوەیت و بەحرێن و قەتەرن، کە دڵۆپێک نەوتیان ناگاتە بازاڕ. هەروەک فرۆشتنی گازە زۆرەکەی قەتەریش ڕاگیراوە.
ڕاگەیاندنە عارەبییەکانی کەنداو، ئاماژە بەوە دەکەن، کە هێزێکی کۆماندۆی مارینزی ئەمریکیی، بۆ کۆنترۆلکردنی گەرووی هورمز و کردنەوەی بەڕووی کەشتیڕانیی، بەنیازن دوورگەی (خارگ) داگیر بکەن!
من وایدەبینم ئەمە بەشێک بێت لە شاردنەوەی تەکتیکی جەنگیی، دەنا خارک لە دوور و نزیکەوە پەیوەندی بە تەنگەی هورمزەوە نیە. دوورگەکە بنکەی سەرەکی کۆکردنەوە و بەڕێکردنی نەوتی خاوی ئێرانە، بۆ فرۆشتن، بۆیە بایەخێکی ئابوریی گەورەی هەیە، بەڵام لە گەرووی هورمز دوورە.
نزیکترین ئەو دوورگانەی، کە دەتواندرێت لێیانەوە دەست بەسەر گەرووەکەدا بگیرێت، بریتین لە دوورگەی (قەشم)، ئینجا دوورگەکانی هورمز، هەنگام و لارەک. دواتریش دوورگەی دوورتری (کیش).
ئەگەر هێزەکانی ئەمریکا لەو دوورگانەشەوە هێز دابەزێنێت، ئەوا دیسان کۆماندۆی خۆبەخشی ئێرانیی، بە هەمان شێوەی بەکارهێنانی زەورەقی خێراوە، لە کەنارەکانی خوارتری شاری (بەندەرعەباس)، دەتوانن ڕێ لە کەشتییەکان بگرن و زیانیان پێبگەیەنن.
هێز دابەزاندنیش لە ناو شاری بەندەرعەباس و کەناراوەکانی، بە زیانی گیانی زۆر کۆتایی دێت، کە ئەمریکییەکان ئامادە نین، ئەم باجە بدەن.
هەرچەند دوورنیە هێزەکانی ئەمریکا، خارک و دوورگەکانی تەنگەی هورمزیش داگیر بکەن، بەڵام دیسان تەنیا ڕێگایەک بۆ بەکراوەیی هێشتنەوەی دەراوە ئاوییەکە، بریتییە لە تەنگاوکردنی ئێران و لێدان لە بنکە ئابووریی و سەربازییەکانی، تا ناچار بێت، بە مەرجەکانی شەڕ ڕاگرتن ڕازی بێت. دیارە ئەم ئەگەرەش وا بە ئاسانی نایەتە دەست. ڕژێمی جمهوریی ئیسلامیی، تەنیا کاتێک مل کەچ دەکات، کە بزانێت خەریکە دەستەڵاتی لە دەست دەردەچێت.
شاسوار هەرشەمی
ستۆکهۆڵم
بهروار: 23/03/2026
42 جار خوێندراوهتهوه
|