|
"ڕۆژی جومعە ئێران دەڕوخێت"
١٠ ڕۆژە ئەمریکا و ئیسرائیل دەڵێن "ئێران سەکۆی مووشەکی نەماوە و ٩٠%یمان تێکشکاندووە." لەمسەرەوە ئێرانییەکان ڕێبەڕ و سەرە گەورەکانیان کوژراوە، تا ئەم ساتە ١٢١٠ ئامانج بە سەربازیی و نەوت و غازەوە لە ئێراندا پێکراوە. کەچی هێشتا ئێران دوای ٢٣ ڕۆژ شەڕ، جگە لەوەی گەرووی هورمزی بەسەر ٢٢ وڵاتدا داخستووە، سرەواندویەتییە ١١ دەوڵەت و دوێنێشەو و ئەم ئێوارەیەش بینیمان پێچ قوبەی بەرگری ئاسمانی شکاند و مووشەکی وێرانکەری نا بەناوجەرگەی ئیسرائیلەوە! ئێستا ئەگەر کۆگا و سەکۆ و مووشەکی نەمابێت، قابیلە ئەوەی بە قۆچەقانی هەڵدابێت!
من یەکەم ڕۆژی جەنگەکە نووسیم "ئێران تیکەیەکی ئەوەندە ئاسان نییە." ڕای بەشی زۆری هاوڕێیان پێچەوانەی من بوون و تێیاندا بوو نووسیبووی "وەڵا ئێران ناگاتە جومعە دەڕوخێ"!
سەرئەنجام بۆ تێگەیشتن لە توانای هەرلایەکیان نابێ گوێ لە میدیاکەیان بگریت. ئێرانییەکان پشوودرێژ و عیناد و کەللـەڕەقن، لە جەنگی ئێران_عێراق دا ٤٠ دەوڵەت یارمەتی دارایی و هەواڵگریی و سەربازیی عێراقیان دەدا، ئێران نەکەوت. ئێستا کە یارمەتی هەواڵگری لە ڕووسیا و چینیش وەردەگرن، کە شەڕەکە بە شەڕی ڕاستەوخۆی ئیسلام و کافر دەزانن، لەوەناچێ هی ئەوەبن گرەوی ئەم جومعە و ئەو جومعەیان لەسەر بکەیت.
ئیسرائیل و ئەمریکا، ئێرانیان بۆ ناڕوخێ و خۆتان دەیبینن ترەمپ و ناتانیاهۆ بەم دەست و بەو دەست لە وڵاتانی تر دەپارێنەوە بێنە نێو جەنگەکەوە. ئێستا هەڕەشەی ئەوە لە ئێران دەکەن ئەمڕۆ و بەیانی لە وێستگەکانی کارەبای وڵاتەکە بدەن، ئەویش هەڕەشە تاریککردنی هەموو ناوچەکە دەکات. ئەو لە کارەبای ئێرانیان نەدابوو ئێمە لە بازاڕدا چرامان دەست نەدەکەوت، لە کارەباکەیان بدەن، ئەمانخەنەوە ساڵی هەشتاکان و ئەبێ بەدوای پیلی وەسەتدا بگەڕێین بۆ ڕادیۆ.
بەکورتی ئێران وا بە ئاسانی و زوویی ناڕوخێ و نەگبەتییەکەشی بۆ ئێمەیە.
توانا ئەمین
بهروار: 22/03/2026
37 جار خوێندراوهتهوه
|