هێشتا کاتی ئەوە نەهاتبوو سوارچاکەکە لە ئەسپەکەی دابەزێت
باڤی وڵات 🖤
 هێشتا کاتی ئەوە نەهاتبوو سوارچاکەکە لە ئەسپەکەی دابەزێت.

لە ساتە دژوارەکاندا، مرۆڤ ساتە مرۆیی و سۆزدارییەکان دێنێتەوە یاد بۆ ئەوەی رۆحی لە برین و ئازاری ڕووداوە پڕئێشەکان بپارێزێت.. لە شوقەیەکدا لە قاهیرە ١١ کەس بووین... وەک ئۆردوگای دێدەوانەکان لە سێ ژووردا (خێوەت!!) دەخەوتین، ژووری چوارەمیش بۆ پێشوازیکردن بوو لە میوان. لەو ژووری پێشوازییەشدا، باڤی وڵات و ئەبو تەڵاڵ پێش هەمووان خەبەریان دەبۆوە.. ڕەجا ناسر هەڵدەستا بۆ ئەوەی پێش هەڵاتنی خۆر نوێژی بەیانی بکات، ساڵح موسلیم-یش لەپشت کۆمپیوتەرێکی لاپتۆپەوە دادەنیشت و، بەدواداچوونی بۆ هەواڵی هەموو هەڤاڵێک دەکرد لە دیمەشقەوە تا حەسەکە و کۆبانێ... ئەبو تەڵاڵ-یش نانی بەیانی ئامادە دەکرد. منیش لەگەڵ ئەبو مەجد (عەبدولعەزیز خەیر) دادەنیشتم و گفتوگۆمان لەبارەی دیدار و ژوانەکانی ئەو ڕۆژەمان دەکرد... ڕۆژێک باڵیۆزی ئەمریکا هات بۆ سەردانمان، شوێنەکە و هەڤاڵانی بینی، پاشان بە ئینگلیزی پێی گوتم: ئەمە بارەگاکەتانە لە قاهیرە؟؟؟ پێم گوت: سەرچاوەی دڵخۆشیمان ئەم پێکەوەبوونەیە، عەدنان وەهبە پزیشکێکی پسپۆڕە و بە بەتانییەک خۆی دادەپۆشێت و دەخەوێت کە نرخەکەی لە هەرزانترین نەشتەرگەریی کەمترە کە ئەنجامی دەدات.. ئەو ئەبو شەوارب ( ساڵح موسلیم)ە  لەپێناو ئازادی و کەرامەت بۆ هەموو سوورییەکان، کۆمپانیای ئارامکۆی جێهێشتوە.. ئەویش پێکەنی و گوتی کەس بانگهێشتی ئەم بارەگایەتان مەکەن... بەلای ئێمەوە ئەم دیمەنە شۆڕشگێڕە کووباییەکانمان بیردەخاتەوە، ئەمەش لە ڕوانگەی ئەمریکاوە شتێکی ڕادیکاڵییە.. منیش پێکەنیم و ئەبو وڵاتیش کە ئینگلیزییەکی باش دەزانی، پێکەنی.
لە ژیاندا هەندێک دیمەن هەن قەت ون نابن و ناکرێت لەبیربکرێن... لەوانەیە دیمەنی دووەم ئەو کاتە بووبێت کە ئەبو تەڵاڵ کوڕەکەی لەدەستدا، و لەدەستدانی عەدنان و ڕفاندنی عەبدولعەزیز خەیر، پاشان ڕفاندنی ڕەجا ناسر، و دواتریش شەهیدبوونی کوڕەکەی باڤی وڵات.. دوای دەمەقاڵێیەک لە مالاکۆڤ، ڕستەیەکی پێ گوتم: "هەڤاڵ، ئەوان یەک بە یەک ڕاومان دەکەن.. ئاگاداری خۆت بە، مەهێڵە تەنیا من بمێنمەوە و ببمە دوایین شایەتحاڵ.." چەندین جار ڕێک دەکەوتین و جیاوازیش دەبووین، لێ هاوڕێیەتی و پەیوەندییە مرۆییەکەمان بە جوانی و مەزنی مایەوە، ڕێک وەک ڕەوشتە بەرزەکانی "دایکی وڵات" ، کە هەمیشە و تا ئێستاش نموونەی ژنی سووری و ژنی تێکۆشەری کوردە..
بۆ من زۆر قورسە دوای لەدەستدانی ئازیزترین و ڕاستگۆترین خۆشەویستانم لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا، ئەمڕۆ باس لە هەستەکانم بکەم لەکاتێکدا هەواڵی لەدەستدانی باڤی وڵات دەبیستم... (ژیان بەرخۆدانە)، هەمیشە بێ ماندووبوون و بێزاربوون ئەمەی دووبارە دەکردەوە.. ڕاستە و بێگومانە... بەڵام ئەی ئازادی، چەندە ئازار و ئێشت تێدایە...

نوسینی: دکتور هەیسەم مناع العودات
نیاز برایم وەریگێڕاوە
سەرنج: لینکی وتارەکەی لە کۆمێنتە:
به‌روار:  14/03/2026
32   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   35
کۆی سه‌ردان:   31177050