ھاوڕێم! ساڵح موسلیم کاروانەکەت زوو جێ ھێشت

دوێنێ شەو، لەکاتێکدا چاوم لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان و ھەواڵەکان و بەرنامەکان نەدەتروکاند و ئاگری بێ ئامانی جەنگەکە،  زۆربەی شارەکانی ئێرانی وێرانکردووە و کوردستان و سەراپای ناوچەکەشی تەنیوەتەوە. ھێشتا ناخمان خەمباری ئەم ھەموو قوربانییەو شەھیدانی کوردستان بوو، لەپڕ ھەواڵی کۆستی کۆچی دوایی ساڵح موسلیمی ھاوڕێم، تاساندمی. 
  ھەڤاڵ ساڵح-م یەکەمینجار لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی، پێشوازیلێکرد. کۆبونەوەیەکی درێژی بیروڕا جیاواز، بەڵام سودبەخشمان لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان ھەبوو. زۆربەی بۆچوونەکانمان لەسەر ئاییندەی ڕۆژئاواو سوریاو کاردانەوەی تورکیا و ئەو ناکۆکییە ناوەختە دەسوڕایەوە، کە لەنێوان پەیەدە و پارتی ھەبوو. لەو دۆخەدا بەڕێز موسلیم لەسەر بڕیاری حزبەکەی و پابەندبوون بە ئایدۆلۆجییەکەی، داکۆکییەکی دەروێشانەی دەکرد! بەبێئەوەی لەم بارەوە ھەست و ھەڵوێستی بریندار بکەین، ئێمەش وەکو کارگێڕی مەکتەبی  سیاسی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان (عومەر فەتاح, حاکم قادر، مەلا بەختیار) دیوی تری دونیای ئیدارەو ئەرکەکانی دەسەڵات و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی دونیا و ڕۆژئاوامان جەختدەکردەوە. ھەر لەو سەفەرەدا کار ئاسانیمان بۆ کرد سەردانی بەغدا و تارانی کردو چەندین کۆبونەوەی گرنگی لەگەڵ سەفارەتەکان و لایەنە سیاسییەکان ئەنجامدا. دووەم و سێیەمجار، کە ھاتنەوە سلێمانی ھەر لەخزمەتیاندا بووین.
  کاتێک ئێمەش بانگھێشتی کۆنگرەی پەیەدە بووین لە قامیشلۆ، بەڕێزی لەسەر زێ پێشوازی لە بەندەو ھەڤاڵان ھەرێمی کەمال ئاغاو  جەمال یوسف کرد. ھەڤاڵ ھەڵۆ پێنجوێنیش لەوێ بوو. بۆ ھەموومان ئەمە ڕۆژێکی مێژویی بوو لەدیوی باشورەوە بە زێدا بپەڕینەوە بۆ دیوی ڕۆژئاوای ئازاد. دوور لەسەرباز و موخابەراتی بەعسییەکان. چرکەساتێکی سەربەرزی بوو. ھەستماندەکرد خەریکە ئاواتی شەھیدانمان و ڕەنجی نەتەوەکەمان لەم بەشەشدا دێتەدی. 
 ئەم دیدارانە لەگەڵ ھەڤاڵ موسلیم، پەیتا پەیتا  لە بەلجیکا، یۆنان و ھۆڵەنداش دووبارە دەبونەوە. لە ھۆڵەندا ھەڤاڵانی یەکێتی و پەکەکە و  پەیەدە لە شاری (ڕایسڤایک-ھۆڵەندا- 15/11/2014) ئاپۆرەترین کۆڕیان بۆ سازداین، تێکڕا ٧٢٦ کەس ئامادەبوون، پێکەوە چوینە ناوھۆڵەکە. تازە ئەستێرەی ساڵح موسلیم بەرز دەبوەوە، بەڕێزێکی بێڕادەوە پێشی خۆممخست و لە کۆڕەکەشدا پێشخۆم بوارمدا بابەتەکەی پێشکەش بکات. منیش بابەتێکم لەسەر چەمکەکانی سەلەفییەت و دیموکراسی پێشکەشکرد. وتم: ھەردوو چەمکەکە، ناوەڕۆکێکی نێونەتەوەییان ھەیە. چەمکی دیموکراسی لە خزمەتی پێشکەوتن و چەمکی سەلەفێتیش، گێڕانەوەمانە بۆ سەدەکانی ناوەڕاست.
 کۆڕەکە پڕ لە جۆشوخرۆشی ئامادەبووان، چەپڵەو وێنەگرتن و یادگارییەکی نەتەوەیی گەورەبوو.
     وەکو کوردی باشور، پێمانوابوو تاڕادەیەکی زۆر ھەرێمی کوردستان لەخەم ڕەخسیووە. بەڵام مەترسیمان ھەبوو ڕۆژئاوای کوردستان پیلانی گەورەی بسەپێنرێتە سەر! بۆیە ئەوپەڕی ھەوڵماندەدا لەناو سۆسیال ئینتەر ناسێۆنال و لە پەیوەندی دیپلۆماسی و لەناو تەواوی نەتەوەی کوردا، ڕۆژئاوا پشتیوانییەکی فراوان بکرێت و لە پیلانی پیلانگێڕان دەرباز بکرێت. 
  کاتێک ڕۆژئاواش کەوتە گەرمەی شەڕی ڕووبەڕووبونەوەی داعش و گەمارۆی کۆبانی، بەندە لە خانەقین، لەگەڵ فەرماندەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان. بە فەرماندەیی شێخ جەعفەر، ئینجا فەرماندەکانی میحوەری خانەقین، مەحمود سەنگاوی و عەدنانی حەمەی مینا و حامیدی حاجی غالی، ھەروەھا شەھید حسێن مەنسور و لیوا عومەر و مەردان چاوشین و عەلی شەھید شاسوار و، پاشان دژەتیرۆر بە فەرماندەیی بافڵی مام جەلال و لاھوری شێخ جەنگی، بەرامبەر بە داعش لە داقوقەوە ھەتا سەعدییە سەنگەرمان گرتبوو. ھەڤاڵ عەدنانی حەمەی مینا، ڕاستەوخۆ پەیوەندییەکان لەگەڵ ساڵح موسلیم و پەیەدە دەکرد بۆ ئەوەی بزانین، چۆن بەھانایانەوە بچین؟! کۆبانی لە کەوتنا بوو، ھەموو نەتەوەی کورد دەستی لەسەر دڵی بوو. داوایانکردبوو ھەرچی چۆنێک بێت فڕۆکە لە وڵاتێکەوە ھەستێت و داعشەکان بۆردومان بکات. ئێمەش پەیوەندیمان بە کۆماری ئیسلامی ئێران و قونسوڵیەتی فەڕەنساو ئەمریکا و بەریتانیا کرد. مەترسی کەوتنی کۆبانێمان خستە بەرچاویان، یەکەمین وڵات کۆماری ئیسلامی ئێران بەدەنگمانەوە ھات و سەردار سلێمانی، قەناعەتی بە بەشار ئەسەد کردبوو، کە فڕۆکەی جەنگی بنێرێت بۆ بۆردومانکردنی داعشەکان، ناردیان و بۆردومانیشیانکرد! ئەوە یەکەمین بۆردومان بوو، کە کاریگەری ھەبوو لەسەر داعشەکان. دوا بەدوای ئەوە ئەمریکا و فەڕەنسا و بەریتانیاش درێغیان نەکرد. 
  بۆ مێژوو نابێت ڕاستیەکی تر ھەیە باسی نەکەین، ھەر لەو ئانوکاتەدا بوو ھەڤاڵ لاھوری شێخ جەنگی پەیوەندیکردو وتی: تکایە پشتیوانی مەکتەبی سیاسیم بۆ دابین بکە، چونکە توانیومە فڕۆکەیەک ئامادە بکەم و لەگەڵ بەڕێز سەرۆکی ھەرێم و حکومەتی ھەرێمیش  ڕێککەوتوین، کە  کۆمەکێکی باش بۆ ڕۆژئاوا بنێرین.
دەستبەجێ ئەم ئەرکەشمان جێبەجێکرد. ئەوکات ھەڤاڵ ساڵیح موسلیم، ھاوسەرۆکی کارامەی پەیەدە بوو، ھەڤاڵ مەزڵوم عەبدیش فەرماندەی ھێزەکان بوو، دەنگو باسی قارەمانێتی و لێوەشاوەیمان دەبیست. کۆمەکەکەی ھەڤاڵ لاھور گەیشت و فڕۆکەکانیش داعشیان شڕ کرد. بەڕێز سەرۆکی ھەرێمیش (مەسعود بارزانی) ھێزێکی کاریگەری ھاوبەشی یەکێتی و پارتی نارد بەھانای کۆبانێ-وە. ئەم بڕیارەش و گەیشتنی ھێزە ھاوبەشەکە بۆ کۆبانێ، وێڕای ئەو پشتیوانییە نێودەوڵەتییەی کۆبانێ بەدیھێنا، پێکڕا و تێکڕا، بێ سنور ھەستی نەتەوایەتی کوردیان بەرز کردەوە و کوردایەتیان گەیاندە ترۆپکی سەربەرزی. 
 ئێستا، کە ئەم یادەوەریانە دەنوسین، بەشی زۆری شانازییەکان بۆ شەڕڤان و پەیەدەو قارەمانێتی گەلەکەمان بۆ ڕۆژئاوا دەگەڕێتەوە. ئێمە تەنھا خزمەتکاریان بووین. ھەڤاڵ ساڵح موسلیم-یش ڕابەری ھاوسەرۆکی ئەو ڕۆژگارە پڕ لەسەربەرزییە بوو. 
 بەداخەوە، کاروان ھێشتا زۆری ماوە بگاتە مەنزڵ. ساڵح موسلیم ئەستێرەکەی ئاوا بوو، بەشبەحاڵی خۆم تەسکینی دەروونم بەوە دەدەمەوە، ڕاستە موسلیم نەخۆش بوو، بەڵام کاتێک لەڕۆژئاوا، خەریک بوو جارێکیتر کۆستی نەتەوەکەمان لەوبەشە خاکەشماندا بکەوێت، باشبوو سەرکردایەتی سیاسی باشوری کوردستان، بەتایبەتی ئەو کۆبونەوەی بەڕێز بارزانی و مەزڵوم و تۆم باراک و، سەراپا نەتەوەی کورد و ھەرێم، ھەروەھا پشتیوانی نێودەوڵەتی، ڕۆژئاوای کوردستانیان لە ھەڵدێرێکی ترسناک ڕزگارکرد، دڵخۆشم، کە موسلیم بەناکامی سەری نەنایەوە. ئێستا پارێزگاری حەسەکە شەڕڤانێکە. جێگری وەزیری بەرگری سوریا شەڕەڤانە. ساڵح موسلیم-یش لەباوەشی میھرەبانی ھەرێمی کوردستان بێ درێغ خزمەتکراوەو ئیدی بەویژدانێکی ئاسودەوە چاوی نەمری لێکنا. 
  چەند سەربەرزییە، تێکۆشەرێک ٥٠ ساڵی ڕەبەق لەسەنگەری نەتەوەکەیی و ڕزگاریی و دیموکراسیدا بێت، بەبێئەوەی ڕۆژێک لە ڕۆژان خیانەتی کردبێت، یان پەڵەی گەندەڵی لەگەڵ خۆیدا بردبێتە گڵکۆی ژیانئاوایی.
مەلا بەختیار  2026.3.12
به‌روار:  13/03/2026
51   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   70
کۆی سه‌ردان:   31174991