ئەمریکا🇺🇸 ئەژدیهای زەبەللاحی سەربازی جیهان
 
گرتنەبەری فیدراڵیەت لە ئەمریكا بڕیاری هەموو ئەمریكیەكان نەبووە، بەڵكو زۆرێك لە ویلایەتەكان بەزۆر خراونەتە ناو یەكێتییەكەوە ، ئەوەتا كالیفۆڕنیاو تەكساس كە دوو ویلایەتی دەوڵەمەندو گەورەن، دەیانەوێت لە فیدراڵیەتی ئەمریكا جیا ببنەوە بەبیانووی ئەوەی كە ئەوان پارەیەكی زۆر ئەدەن بە ناوەندو بەرامبەر ئەو پارەیە ئەوەندە وەرناگرنەوە.

 هەندێكیش لە ویلایەتەكان بەپارە كڕاون، وەك هەرێمی لویزیانای فەڕەنسی كە ئەمریكا لە ساڵی (١٨٠٣) لە فەڕەنسای سەردەمی ناپلیۆنی كڕیوەتەوە كەلە رۆژگاری ئەمڕۆدا بۆتە پانزە ویلایەت، هەروەها ویلایەتی فلۆریداش لە ئیسپانیا كڕاوەتەوە، ئالاسكاش لە روسیا كڕاوەتەوە ، بەڵام تەكساس بەزۆر لە مەكسیك  سەندراوەو لە ساڵی ( ١٨٤٥ ) داگیركراوە كە بۆتە هۆكاری هەڵگیرسانی  شەڕی نێوان ئەمركاو مەكسیك لە ساڵی ( ١٨٤٦ )دا، كە بەهۆی سەركەوتنی ئەمریكا و بەزینی مەكسیكەوە، ئەمریكا دەستی گرت بەسەر هەردوو ویلایەتی تەكساس و نیومەكسیكۆدا.

لە ئێستادا پیاوە هەرە مەترسیدارەكەی جیهان و سەرتۆپی پۆپۆلیستیەت، تەماحی لە وڵاتی كەنەداش هەیە و پێیوتوون وەرن ببنە ویلایەتی پەنجاو یەكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ، هەروەها داوای گەورەترین دورگەی جیهان كە گرینلاندە دەكات، كە دانیمارك بەشەرعی و یاسایی خاوەنیەتی، لەداهاتوشدا وەكو ئەڵێن  بە خۆشی بێت یان بە ترشی  ئەمریكا دەست دەگرێت بەسەر گرینلاندا بە بیانووی ئەوەی كەروسیا چین داگیری دەكەن، هەروەها ئەمریكا تموحی لە داگیركردنی جەمسەری باكوری زەویش هەیە، ئەوەش بەبیانووی ئەوەی كە روسیا ئوستوڵی بەحری زیاد كردووەو تەنانەت بنكە كۆنەكانی سەردەمی یەكێتی  سۆڤیەتیشی ئاوەدان كردۆتەوە، چونكە بەحوكمی گۆرانی كەشوهەوا لە جیهاندا، لە ئێستادا لە جەمسەری باكوری زەوی باران دەبارێت، كەئەوە شتێكی دەگمەنەو هەمیشە جەمسەری باكوربەفرو بەستەڵەكە، بیریشمان نەچێت  كە ئەو ناوچەیە زۆر دەوڵەمەندە بە نەوت و گازو لیسیۆم و چەندین كانزای بەنرخی تر، كە لەمەودوا  بەحوكمی گۆرانی كەشوهەوا ئەتوانرێ وەبەرهێنانی تیا بكرێت، هەر بۆیە ترەمپ هەر لە ئێستاوە لیك بەدەمیا دێتە خوارەوە . 

 دۆناڵد ترەمپ  شەڕی دراوی گۆڕیوە بۆ شەڕی درۆن، وتە بێژی حكومەتی چین دەڵێت: ئەمریكا دەوڵەتێكی شەڕەنگێزە، تەمەنی ئەم وڵاتە( ٢٤٠ )ساڵە، تەنیا شانزە ساڵ شەڕی نەكردووە ،   ( شەڕی عێراق و سوریا و  ئەفغانستان و لیبیاو لوبنان و فەلەستین و كوباو ڤەنزەوێلا و ڤێتنام و لاوس و كەمبۆدیاو سلڤادۆرو كۆڵۆمبیاو ژاپۆن و ئێران و دەیان شوێنی تری كردووە، بێجگە لە بەشداری كردنی لە هەردوو شەڕە جیهانیەكەدا، ئەوەی شایانی باسكردن بێت لەهەموو ئەم شەڕانەدا یەك فیشەك بەر وڵاتەكەی نەكەوتووە، بەهۆی دووری وڵاتەكەی لەو دیو زەریاكانەوە( ئاگرە سورە لەخۆم دوورە)،  ئەوەتا بۆسەو تەڵەیەكی حازر كردووە  كەبە چیندا بتەقێتەوە، هانی تایوان دەدات كە سەربەخۆیی رابگەیەنێت و لە چین جیا بێتەوە، چینیش ئەمە قبوڵ ناكات و شەڕ دەقەومێ، ئەوەتا بە ئیماراتی عەرەبی دەڵێت: شەڕ دژی ئێران رابگەیەنە و من هەر سێ دورگە داگیركراوەكەت ( ئەبو موساو تونبی گەورەو تونبی بچووك) ت بۆ وەرئەگرمەوە.

ساڵی(١٤٩٢ز) (كریستۆفەر كۆڵۆمبس)  پاش بەسەربردنی سێ هەفتە لەناو زریان و تەڕو تووشیدا لەزەریای ئەتڵەسیدا بە سێ كەشتیەوە گەیشتە كەنارەكانی دەریای كاریبی و ئەمریكای دۆزییەوەو  دوای دۆزینەوەی ئەمریكا، ئەوروپییەكان بە لێشاو  دەستیان كرد بە كۆچكردن بۆ ئەمریكا،  لەو رۆژگارەدا ئیسپانیەكان هاتن و لە ناوچەی فلۆریدای ئێستادا نیشتەجێ بوون، ئینگلیزەكانیش شاری(جیمس تاون)یان لە ڤێرجینیا ئێستادا ئاوەدان كردەوە، هۆڵەندیەكانیش شاری نیو -ئەمستەردامیان ئاوەدان كردەوە كە ئیستا پێی دەوترێ نیویۆرك، دانیشتوانی ئەسڵی ناوچەكە كە بریتی بوون لە سوور پێستەكان(هندیە سوورەكان) لەلایەن ئەوروپیەكانەوە لەسەر داگیركردنی زەوی وزارەكانیان ، قەتڵوعام كران،بەجۆرێك كەلە ئێستادا كەمینەیەكی زۆر كەم لە سوورپێستەكان لە ئەمریكا و كەنەدا ماونەتەوە. زۆری پێنەچوو ئەوروپیەكانیش لەسەر داگیركردنی زەوی وزار بووە شەڕیان و سەرئەنجام ئینگلیزەكان شەڕەكەیان بردەوەو دەستیان گرت بەسەر زۆربەی زەوی وزارەكانداو ئەمریكایان كردە كۆڵۆنی خۆیان لەساڵی (١٦٠٠ز)و لەساڵی (١٦١٩ز) ئینگلیزەكان دەستیان كرد بەهێنانی رەشپێستەكانی ئەفریقا و كردیاننە كۆیلەی خۆیان و كاریان پێ دەكردن، لەساڵی (١٦٨٠ز)  بەدواوە شەپۆلی كۆچی ئەڵمانی و فەڕەنسی و   سكۆتلەندی وسویسری و ئیرلەندی دەستی پێكرد، ئەمریكا بەكۆڵۆنی بەریتانیا مایەوە تا ساڵی(١٧٧٥ز) كەشۆڕشی ئەمریكا دەستی پێكردو ساڵی(١٧٧٦ز) جاڕنامەی سەربەخۆیی راگەیاندو ساڵی(١٧٧٨ز) دەستوری ئەمریكا نووسرایەوە، كەبە یەكەم دەستوری نووسراو دادەنرێت لە جیهاندا.
بەم جۆرە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دروست بوو، كە ئێستا سوپەر پاوەری جیهانە.

د.پێشڕەو ئیسماعیل
لەندەن
به‌روار:  10/03/2026
52   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   139
کۆی سه‌ردان:   31169062