ڕەزا پەهلەوی فڕۆکەوانە ترسنۆکەکە
 
وا دەردەکەوێ لە ڕەزا پەهلەوی وەک جۆرێک سەرقاڵکردن هەتا کوشتنی خامنەیی کەڵکی کەرەستەیی لێ وەرگیرابێت و ئيستاش ئیتر میسیۆنی ئەو کۆتایی هاتووە.

بە گوێرەی نووسەری ئێرانی مەهدی خەلەجی؛ بە پێی ئەو بەڵگەکانی لە پێوەندی لە گەڵ ئۆپراسیۆنی چنگوڕکی هەڵۆ Operation Eagle Claw ئاشکرا کران، ڕێکخراوی سی ئای ئەی پێوەندی باشی لەگەڵ ڕەزا پەهلەوی هەبووەو هەر لەو سۆنگەیەوە هەم وەک فڕۆکەوانێک هەم وەک ئێرانییەک  پێوەندییان پێوە کردووە هەتا لە ئۆپراسیۆنی چنگی هەڵۆدا یارمەتی هێزی دێلتای ئەرتەشی ئەمەریکا بکا. سی ئای ئەی بۆ ماوەی درێژ لەگەڵی دادەنیشین و پلانڕێژی بۆ دەکەن و لە ئۆپراسیۆنەکەدا جێگەی بۆ دیاری دەکرێ. ئاغەی پەهلەویش دوای شەش سەعات گوێگرتن، دەڵێ ئەی کە عەمەلیاتەکە فەشەلی هێنا من چی بکەم؟ ئەوانیش بۆیان دەردەکەوێ کە ئەمە کەسێکی زۆر ترسنۆکە و هەر بۆیە پێوەندی بۆ هەمیشە لەگەڵ دەبچڕێنن.
 
ئۆپراسیۆنی چنگی هەڵۆ یەک لەو ئۆپراسیۆنە فاشیلانە بوو کە ساڵی ١٩٨٠ بۆ ئازادکردنی بارمتەگیراوەکانی باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە تاران بەڕێوەچوو کە بە هۆی خەراپی کەشی هەوا و هەستا قەرەهێڵ و باوەهۆ لە ناوچەی تەبەس لە ڕۆژهەڵاتی ئێران شکستی هێنا و سەرنەکەوت.

ڕەزا پەهلەوی بە ئاشکرا ترسنۆکی خۆی ناشارێتەوەو لە وتووێژێکدا دەڵێ من حازر نیم ڕۆژێک ئازادی کە دیارە مەبەستی خۆشگوزەرانی و لەوەڕان لە سەر پارەی دزراوە فیدای ئازادبوونی خەڵک بکەم. 

کەسێک بەم جۆرە ڕۆحیەوە کە تۆزقاڵێک غیرەت و جەسارەتی تێدا نییە چۆن دەتوانێ خۆی لە گێژاو و قەیرانی سازکردنەوەی حکوومەتی دوای کۆماری ئیسلامی بدا؟ مەگەر ئێرانی بۆ بکەن بە شامی شەریف، فەرشی سوور و کورسی پاشایەتی بۆ حازر بکەن ئەویش بگەڕێتەوە کە شتی واش مەحاڵ نییە. وادیارە ئەویان بۆ جۆرێک سەرقاڵکردن و هاندانی ئێرانییەکان هەتا کوشتنی خامنەیی دەویست و ئيستاش ئیتر میسیۆنی ئەو کۆتایی هاتووە.

سیاوەش گۆدەرزی
ستۆکهۆڵم
به‌روار:  04/03/2026
19   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   33
کۆی سه‌ردان:   31154372