|
ئەحمەد ئەلعۆدە کردی و ئەحمەد شەرع خواردی
ساڵێک لەمەوبەر باس باسی جۆلانی بوو.
جیاواز لەوانی دی و لە ١٠ی شوباتی ٢٠٢٥، من سەرنجی خوێنەرانم بۆ ئەعڕابێکی تری خوێنرێژ، واتە ئەحمەد عۆدە راکێشا...
دوای ساڵێک ئەلعۆدە هاتەوە ناو قسە و باسان.
بۆ ئاشنا بوونی زیاتر بەو خوێنرێژە ئەعڕابییە، بابەتەکەم سەرلەنوێ وەک خۆی دەخەمەوەبەر چاوی خوێنەران:
گۆڕینی رژێم لە سوریا: ئەلعۆدە کردی و ئەلشەرع خواردی
ئایا دەزانیت سورییەکان، یان وردتر بڵێم عەرەبە سوننەکانی سوریا، هەر ئەحمەد ئەلشەرعیان نییە و ئەحمەد ئەلعۆدەشیان هەیە...؟
ئایا دەزانیت ئەوەی یەکەمجار چوونە ناو دیمەشق و بوونە هۆی راکردنی ئەسەد، هێزەکانی ئەحمەد ئەلعۆدە بوون نەک ئەلشەرع؟
ئایا دەزانیت پارێزگای دەرعا لەژێر کۆنترۆڵی ئەلشەرع دا نییە و لەژێر کۆنترۆڵی ئەلعۆدە دایە..؟
ئایا دەزانیت ئەلعۆدە نە رێگا بە هێزەکانی ئەلشەرع دەدات بچنە ناو دەرعا و نە ئامادەشە هێزەکانی ببنە بەشێک لە سوپاکەی ئەلشەرع؟
ئەلعۆدە کردی و ئەلشەرع خواردی….
ئەگەر روخاندن ئەوە بێت کێ یەکەمجار دیمەشقی کۆنترۆڵ کرد و وایکرد ئەسەد رابکات ئەوە، ئەحمەد ئەلعۆدە قارەمانی ئەو روداوە بوو نەک ئەحمەد ئەلشەرع.
هێزەکانی ئەحمەد ئەلعۆدە لەبەرەبەیانی ٨ی دیسەمبەر (مانگی ١٢) گەییشتنە دیمەشق و بارەگا سەرەکییەکانی هەواڵگری سوریایان سوتاند و سەرەکوەزیرانیان دەستبەسەر کرد و لە مزگەوتی ئەمەویشەوە بانگەوازی روخانی رژێمەکەی ئەسەدی یان راگەیاند.
ئەسەد چاوەڕوانبوو لە حەمس و حەما سوپا شڕۆڵەکەی بەرگری بکەن و لە باکوری دیمەشقیش شەڕی ژووری ئۆپەراسیۆنەکان بکەن، کەچی لەباشوورەوە هێزەکانی ئەلعۆدە هاتنە ناو دیمەشق و ئەسەد بە پەلە پروزێ خۆی رزگار کرد.
ئەو بەرەبەیانییە، هیێزەکانی ئەلجۆلانی ئەوسا و ئەلشەرعی ئێستا هێشتا لە حەمس و حەما چاوەروانی پرۆسەی دەور و تەسلیم بوون.
کاتێکیش هێزەکانی جۆلانی لە دیمەشق نزیک بوونەوە، بەفەرمانێکی نادیار، رەنگە فەرمانی ئەمریکا یان ئیسرائیل، ئەلعۆدە هێزەکانی لە دیمەشق کشاندەوە و تەسلیمی هێزەکانی جۆلانی کرد.
بەم پێیە، ئەلعۆدە پاڵەوانی 'رزگارکردن"ی دیمەشقە، هەڵبەت ئەگەر ئاگاییمان هەر ئەوەندە بێت کە ئەوەی لەسوریا روویدا و روخانی رژێمە خوێناوییەکەی ئەسەدی لێکەوتەوە شۆڕشی سورییەکان بوو نەک پرۆسەی دەوروتەسلیم کردن.
ئەلعۆدە کێیە...؟
ئەلعۆدە کتومت ئەلشەرعە و وەک سێوێک بن دوو لەت کرابن.
هاوشێوەی ئەلشەرع، ئەلعۆدەش لە چلەکانی تەمەنی دایە و ئەویش زادە و دەرهاویشتەی ئەو زۆنگاوە خوێنەیە کە بەهاری عەڕەبی لەسوریا دوای خۆی جێهێشت.
چۆن پێش روخانی ئەسەد ئەلشەرع پارێزگای ئیدلیبی کۆنترۆڵ کردبوو، ئەلعۆدەش وەک ئەمری واقیع لەم دواییانەدا پارێزگای دەرعای کۆنترۆڵ کردبوو و ئێستاش بەردەوامە.
هاوشێوەی جۆلانی، ئەلعۆدەش لەرابردوودا هەر رۆژەی لەسەر پەتێک بووە و لە گۆرینی هەر پەتێکیشدا ملی دەیان و سەدان کەس، لە یار و نەیارەکانی پێوە بووە و تەسفییەی کردوون.
رەنگە لەمەسەلەی پەتپەتێن و بەکرێدانی تفەنگەکەی بەلایەنە دەرەکییەکان ئەلشەرع تۆز لەدوای ئەلعۆدە نەکات.
بۆ نموونە…
ئەلعۆدە سەرسەختترین دوژمنی رژێمەکەی ئەلئەسەد بوو و هەرگیزیش رایەڵەی پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ نەپچڕاند.
سێ برای لەشەڕی دژ بە سوپای سوریای ئازاد کوژران، دواتریش بووە کەسی یەکەمی ئەو سوپایە لە باشوری سوریا.
ئەلعۆدە گەورەترین موستەفیدی رێکخراوی "موک" بوو، بەسەدان ملیۆن دۆلار هاتە بەڕکی ئەم و باندەکەی، کەچی بە پیاوی روسەکان ناوبانگی دەرکرد.
ئەلعۆدە لەکاتێکدا ئومێدی ئوردن و سەعودییە و ئیمارات بوو کە لە دوای ئەسەد ببێتە پرۆکسی و پارێزەری بەرژەوەندیەکانیان، لەمپێناوەشدا سەرمایەگوزارییان لەسەر دەکرد، کەچی کەین و بەینی لەگەڵ تورکەکان و ئیخوانییەکان هەبوو.
جیاوازی نێوان ئەلشەرع و ئەلعۆدە لەوەدایە بازەکە، بازی تەسلیمکردنی ئیدارەی سوریا، لەسەر شانی ئەلشەرع نیشتەوە، لەکاتێکدا ئەلعۆدە خۆی بەشایستەتر دەزانی.
هەر بەراستیش ئەگەر ئەو هەموو پەتپەتێنەی نەکردایە، شانسی ئەلعۆدە زۆر لەهی ئەلشەرع زیاتربوو.
ئەلعۆدە هەم وەک ئەلشەرع داعش و ئەلقاعیدە نەبوو، هەم پێچەوانەی ئەلشەرع سەردەمێک پرۆکسی ئەمریکا و وڵاتەکانی کەنداو بوو. وە هەم یەکەم لایەنیش بوو گەەیشتە ناو دیمەشق و جاڕی روخانی ئەسەدی دا.
ئێستا ئەلعۆدە خۆی بەهاوشانی ئەلشەرع دەزانێت و نە ئامادەیە هێزەکانی تێکەڵ بە هێزەکانی ئەلشەرع بکات و نە رێگاش دەدات هێزەکانی ئەلشەرع بچنە ناو دەرعاوە.
با ئەوەشمان لەبیر نەچێت، جگە لە عاڕەبی، جۆلانی تورکییەکەی فولە و ئەلعۆدەش ئینگلیزییەکەی..
خۆ روونە…؟
تێبینی:
موک کورتکراوەی
Military Operations Center)
موک ئەو رێکخراوە یان هاوپەیمانییەبوو کە بەسەرکردایەتی ئەمریکا و ئەندامێتی وڵاتە ئەوروپییەکان و وڵاتەکانی خەلیج دامەزرابوو بۆ روخاندنی رژێمەکەی ئەسەد.
وڵاتەکانی کەنداو پێك هاتبوو بۆ پڕچەککردن و تەمویل کردنی سوپای سوریای ئازادئەو یەکێک بوو لەو گروپانەی دەرعای لە رژێمەکەی ئەسەد رزگارکرد، دواتریش کەوتە گیانی هەموو گروپەکانی تر ئەوەی ئەسەد پێی نەکردن ئەو تەواوی کرد.
ئەلعۆدە شەڕی داعشی دەکرد و لە بنەوەش دەستی لەگەڵ تێکەڵ کردبوون.
هاوپێچ دوایین دیداری دوو ئەحمەدەکە، ئەلعۆدە و جۆلانی
ئارام ڕەفعەت
ئوستڕاڵیا
بهروار: 22/02/2026
36 جار خوێندراوهتهوه
|