|
پەیکەرەکەی" جەلال سام ئاغا"
مەرگ و ژین میسلی سێبەر و تاوە
ئەوی باقی بمێنێ هەر ناوە
حاجی قادری کۆیی
جەلال عومەر سام ئاغا
ساڵی 1941 لە گەڕەکی سەرشەقام لە سلێمانی لەدایک بووە.
خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندیی لە سلێمانی تەواوکردووە.
ساڵی 1963 کۆلێژی بازرگانی و ئابووریی لە زانکۆی بەغداد تەواو کردوه.
ساڵی 1965 هەروە ها کۆلێژی ئەف سەرانی یەدەکی لە بەغداد تەواو کردووە.
زیندانی سیاسی بووە بەهۆی چالاکیی سیاسیی کوردییەوە 1962 لە زیندانی خەلف ئەلسەدە لە بەغداد کاتێک کە خوێندکار بووە.
لە ساڵی 1964 وەکو فەرمانبەر دامەز راوە لە فەرمانگەی پۆستی سلێمانی، پاشان پاڵێوراوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی بانکی بازرگانی سلێمانی، پاشان گوێزراوەتەوە بۆ زانکۆی سلێمانی و ساڵی 1971 کراوە بە بەڕێوەبەری کارگێڕیی زانکۆی سلێمانی.
لە ساڵی 1974 تا 1975 بەشداریی شۆڕشی ئەیلولی کردووە .
دوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلول دوورخراوەتەوە بۆ ماوەی زیاتر لە 5 ساڵ بۆ بەغداد.
لە هەشتاکاندا هاتۆتەوە بۆ سلێمانی لە فەرمانگەی گشتیی شارەزوور و بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی سلێمانی کاری کردووە تا راپەڕینی ساڵی1991.
لە دوای دروستکردنی یەکەم حکومەتی کوردستان، کراوە بە ڕاوێژکاری دارایی و ئابووری لە وەزارەتی دارایی و ئابووری و هەتا ساڵی 2000 پاشان بۆ ماوەی 3 ساڵ بووە بە بریکاری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
له ساڵی 2002 ەوە کراوە بە سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی، بە پلەی وەزیر بۆ ماوەی زیاتر لە 9 ساڵ لەو پلەوپایەیەدا ماوەتەوە، لە سەرەتای 2011 لەسەر داواو پێداگرتنی خۆی، خۆی خانەنشینکردووە.
لە ماوەی ئەم دوو وەزیفەیەیدا لە وەزارەتی دارایی و لە دیوانی چاودێری دوو جار بە فەڕمی داوای کەمکردنەوەی مووچەکەی خۆی کردووە لەبەر بارودۆخی خراپی دارایی ئەوکاتەی حکومەت، جگە لەمەش خانووەکەی خۆی کە بە زیاتر لە 600 هەزار دۆلار نرخێندراوە، لەسەر وەزارەتی تەندروستی تاپۆی کردووە کە لە دوای خۆی بکرێت بە بنکەیەکی تەندروستی بۆ دانیشتوانی گردی سەرچنارو خەڵکیتر، هەروەها ئەو پارچە زەوییەی کە هەیبووە پێشکەشی دیوانی چاودێریی دارایی سلێمانی کردوەو فرۆشراوە بە زیاتر لە 70 میلۆن دینار، ئەو پارەیە خراوەتە بانکەوە وەک شێوازێک لە خەڵاتی نۆبڵ هەتا سوودی ساڵانەکەی بدرێت بە فەرمانبەرانی شایستە و لێهاتوو، هەروەها تەرخان بکرێت بۆ ئەو خانمە سەلارانەی دیوان کە دەستنیشان دەکرێن بۆ ئەو خەڵاتە، لەمەشدا ئامانجە سەرەکییەکە ئەوەیە کە هانی دەستپاکی و دڵسۆزی و رەوشتبەرزی تاکی کورد بدرێت.
شایانی باسە بەهۆی کاروبارە پێویستییەکانی دیوانی چاودێریی داراییەوە بۆ بەرگری لێکردن و پاراستنی مڵک و ماڵی گشتی سەرۆکی دیوان و فەرمانبەران روبەڕووی چەندین هەڕەشەو ناوزڕاندنی نێو میدیاکان بووتەوە کە لە رێگەی گەندەڵکاران و تاڵانچییەکانی موڵک و سەروەت و سامانی میللەتەوە بەرامبەریان کراوە.
ئەم زانیاریانە هەموویان لە پەرتووکی روونکردنەوەکانی دیوانی چاودێریی داراییدا پارێزراون، لە بەرگی یەکەم و دووهەمی بەڵگەکانداو بەدوورو درێژی بڵاوکراونەتەوە.
مامۆستا جەلالی سام ئاغا تاکە وەزیریشە کە دوای خانەنشینکردنی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە رێزی لێنراوە، کاک عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆکی پێشوی حکومەت و چەند گەورە بەرپرسێکی حکومەت رێزلێنانەکەیان لە ماڵەکەی مامۆستا خۆیدا پێشکەشیان کردووە.
بە خۆشحاڵیەوە 28-12-2014 یانەی کوردی (میدیا) لەهۆڵەندا توانی شەرەفی رێزلێنانی دووەهەمی پێ ببڕێت
ژیاننامەکە لە پەیجی وێنە کۆنەکانی سلێمانی وەرگیراوە
گەر پەیکەرێک بۆ ئەم پیاوە جوان و دەگمەنەی شار درووست بکرێت ، لە گۆڕەپانی بەردەکی سەرا دابنرێت ، تا هەموو سات و کاتێک لەبەرچاو بێت، ئەو پیاوە جوان و جوامێرەی لۆگۆی دەست پاکی و دژە گەندەڵی و دنیا نەپەرستی سلێمانی و کوردستانە.
بهروار: 19/02/2026
33 جار خوێندراوهتهوه
|