|
تایەفەکەمان 100 دۆلاری تیایە!!
وتم : شلەو برنج ئەخۆی بە گۆشتەوە یان دەهەزارت بدەمێ ؟
بە بێ جەوییەکەوە وتی :- نانم خواردووە!
ئیتر دەستم کرد بە جزدانەکەمدا (دە هەزاریەک) و سەد دۆلاریەکم پێبوو ، مەحموو گیان وتی (توسەری خۆت ئەگەر ئەو سەوزە بچکۆلەیەم نەدەیتێ ،
دەی خوا ئاگادارە لە دڵەوە ئەمویست بیدەمێ بەڵام ئەزمەیەکی قوڵ بوو هەر ئەوەم پێمابوو ، ترسام لێی بکەوێت ، یان بیخەڵێتن ، وەلحاڵ ئەو ئەیوت ئەو سەوزە نەبێت نامەوێت 😁 منیش وتم مەحموو گیان بە تایەفەکەمان بەس ئەو سەد دۆلارەی تیایە ،
وتی بۆ ئیشت چیە ؟
وتم معاش خۆرم ، کە وام وت لەدونیای پرۆفیشیناڵیتی هزری و ستاتیکای و بیری و هۆشیاری و سێنترالیزمەوە 😁 هەرەسی هێنا
وتی معاشخۆر خۆی ئەبێت شتێکی بدەیتێ 😁 ئیتر کۆڵیدا و وتی ماچێکی جوانم بەرێ و وەرە با رەسمێکیش بگرین هەرکەسیش هەرەشەی لێکردیت بڵێ لەگەڵ (فەرماندە مەحمودام) 😁
ئەو سەیارەو سیلاحانەش نازانم بە سەرانە وەری ئەگرێت یان ئەیدەنێ و دواتر ئەیکاتەوە بە سەوزەکان😁
.................
جا ئەڵێن کاک (حەمەی بەکر) مەقام بێژ و دەنگخۆش و قسە خۆشی شار بوو لەسلێمانی ،لایەنگری حیزبی شیوعی عێراق دەبێت و ڕۆژێک خەریکی یارمەتی و پیتاک کۆکردنەوە دەبێت بۆ حیزب و شۆڕش ، ئەچێت بۆلای (کاک ئەحمەد میرزا) بۆ هەمان مەبەست ، دوای ئەوەی قەیرێک دائەنیشێت ، کارتێک ئەخاتە سەر مێزەکەی کە وێنەی (فهد و باسم و حازم) کە سێ سەرکردەی لە سێدارە دراوی شیوعین، ئەخاتە سەر مێزەکەی.
کاک ئەحمەدیش ئەڵی (حەمە ، ئەمە چییە و بۆ چی هاتویت ڕاست و ڕەوان بیڵێ)
کاکە حەمەش ئەڵێ (دەست بکە بەگیرفانتاو سەری خۆت بقەبڵێنە و یارمەتی حیزب و شۆڕش بدە).
کاک ئەحمەدیش تۆزێک ڕادەمێنێت و پاش تۆزێک لەسەر پارچە کاغەزێک ئەنوسێت:-
زۆر موحتەرەم جەرجیسە فەندی ...
پاش عەرزی ئیحترام
(وا کاک حەمەی بەکر، ئەنێرم بۆلاتان ، ڕجائەن پێنج قاپ عارەقی مەستەکی بدەنێ و لەسەر حسابەکەی خۆم قەیدی بکەن) ،
کاغەز ئەداتە دەست کاکە حەمەی بەکر و ئەویش دوای ئەوەی ئەیخوێنێتەوە توڕە ئەبێت و ئەڵێ ئەمە چییە ( بۆ ئێمە شۆڕش ئەکەین ، یان مەیخانە ئەکەینەوە؟) ،
کاک ئەحمەدیش ئەڵێ (گوێگرە کاکە حەمە ، تۆ ئەتەوێت من خۆم توش بکەم و سبەینێ وەزع بگوڕێت و یەکێک ئیعترافم لەسەر بکات و بڵێن ڕاستەوخۆ پارەی داوە بە شیوعی و شۆڕش ، نا .. من شتی واناکەم بڕۆ ئەو قاپە عارەقانە وەر گرە و خۆتان بیکەنەوە بە پارە بۆ شۆڕش)
، (شۆڕشێک نەتوانێت پێنج قاپ عارەق بکاتەوە بە پارە چۆن شۆڕشێکە) 😁
نیشتیمانێک بەخشراو معاشخۆرەکانی بە دوو سەیارەی کۆنترۆڵ و رەشاشێکی باغە و جزدانێکەوە نەتوانن سەوزێک ورد بکەنەوە دەبێت چ نیشتیمانێک بێت.
سوپاس بۆ داڵدەدان و پشتگیرییەکەت بەڵام قانع گوتەنی:-
گەرچی (قانع)ی زۆر زۆر هەژارە
بەحەمدیلا ، بەکەس ناڵێ (بەلێ خان)
سوپاس بۆ خوا منیش گەرچی لەناو ئێوەدام و وەک ئێوە دەژیم بەڵام عیزەتم ناهێڵێ بەکەس بڵێم خان و میر و گەورە و ئەزبەنی و قوربان .
هێمن عەبدولقادر
بهروار: 17/02/2026
33 جار خوێندراوهتهوه
|