|
عەلی وەردی لە چی پەشیمانە؟؟
دکتۆر عەلی وەردی کۆمەڵناسی گەورەی عێراقی ماوەیەک پێش ئەوەی کۆچی دوایی بکات , بێژەرێک لە دیمانەیەکی تەلەفیزیۆنیدا گوتی " دکتۆر وەردی لە چ شتێکی ژیانت پەشیمانیت ...!!!
عەلی وەردی لە وەڵامدا گوتی " زۆر لەوە پەشیمانم وەختی خۆی زۆر دژایەتی حوکمی پاشایەتیم دەکرد , لە کاتێکا زۆر لە حوکمی کۆماری دادپەروەرترو دیمکراتی تر بوو .." .
دواتر عەلی وەردی بۆ پشتڕاستکردنەوەی قسەکانی ڕووداوێکی ژیانی تایبەتی خۆی لەسەردەمی حوکمی پاشایەتی بۆ بێژەرەکە گێڕایەوەو گوتی:
" ناوی من لە لیستی ئەو قوتابیانە تۆمارنەکرابوو کە بڕیار بوو بۆ خوێندن بنێردرێن بۆ دەرەوەی وڵات , منیش زۆر خەمبار بووم , پاشان ڕۆیشتم و سکاڵای حاڵی خۆم لای عبدالعزیز قصاب کرد ئەو کاتە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بوو , لەگەڵ ئەوەی ئەو سوونی بوو منیش شیعە , هەرگیز پێشتر نە یەکترمان بینی بوو نە یەکترمان دەناسی " .
ڕاستەوخۆ چوومە بەردەمی و گوتم " من خەڵکی کازمیەم , باوکم بۆنفرۆشە , هیچ واسطەیەکم نیە , بەناهەق ناوی منیان لە لیستی قوتابیەکان تۆمارنەکردووە , لەبەرامبەر ئەو ناهەقیە تووشی بێ ئومێدیەکی زۆر بووم .." .
عەلی وەردی گوتی " دوای تەواوکردنی قسەکانم یەکسەر لە نووسینگەکەی خۆی و هەستاو دەستی منی گرت و بردمیە بارەگای وەزارەتی مەعاریف , دەستبەجێ منی لەگەڵ خۆی بردە لای وەزیری مەعاریف و بە جەنابی وەزیری گوت " ئەم کوڕە ناوی عەلیە و خەڵكی کازمیەیە , باوکی بۆنفرۆشێکی هەژارە , بۆچی ناوی لە لیستی ئەو قوتابیانە تۆمارنەکراوە لە کاتێکا لێهاتووی ئەوەی تێدایە و مافی خۆیەتی بنێردرێ بۆ دەرەوەی وڵات بۆ خوێندن .... " .
یەکسەر جەنابی وەزیر داوای کرد پەڕاوی ئەو کەسانەی بۆ بهێنن کە داوایان پێشکەش کردووە بۆ خوێندن بچنە دەرەوەی وڵات , جەنابی وەزیر سەیری هەموو پەڕاوەکانی کرد تاوەکو دڵنیا بێ تا چەند دادپەروەری ڕەچاوکراوە لە تۆمارکردنی ناوەکان , بە ووردی سەیری پەڕاوەکەی منی کرد , دوای ئەوەی وەزیر دڵنیا بوو منیش وەک ئەوانی تر لێهاتوویی ئەو کارەم هەیە , بە دەستی خۆی ناوی منیشی ئیزافەکرد ..."
لە پاش چەند ڕۆژێک ئاگادارکرامەوە کە پێویستە خۆم ئامادە بکەم بۆ گەشتی خوێندن لە ئەمریکا لە ویلایەتی تەکساس ....
خۆشبەختانە توانیم بڕوانامەی ماستەرو دکتۆرا لەوێ وەربگرم ..
لەسەردەمی پاشایەتی ململانێی تائیفی و مەزهەبگەرایی و نەتەوەیی ئەوەتە تۆخ نەبوو , بەڵام دواتر کۆمەڵێک كەس بە دەستی ئەنقەست ئەم جیاوازیانەیان لە ناخی تاکی عێراقی تۆخ کردەوە .
وەرگێڕانی : قەهـار حەسەن کەپەنەکی
بهروار: 16/02/2026
42 جار خوێندراوهتهوه
|