بەعس و ئیسلام:

بەعس بەهیچ شێوەیەک نە پێچەوانەی ئیسلام و نە دژی ئیسلام و میراتی ئیسلامیی بووە. ئەگەر بەعس لە زۆر شوێندا خۆی بە سیکۆلار و سۆسیالیست ناوبردووە، بەو مانایە نییە سۆسیالیزمی بەعس دژی ئیسلام بووبێت. چەندە سۆسیالیزمی هیتلەر دژی کڵێسا بوو، هێندەش سۆسیالیزمی بەعس دژی مزگەوت بوو. ئەگەر لە سەردەمێکدا سەددام حوسێن و حافز ئەسەد دژی ئیخوان موسلمین بووبێتن، بابەتەکە پەیوەندیی بە ململانێی دەسەڵات و هەژموونی دەرەکییەوە هەبووە، نەک دژایەتیی قووڵی بەعس بۆ ئیسلام، وەک ئیخوانییەکان بانگەشەی بۆ دەکەن. بەپێچەوانەوە سەدام حوسێن و بەعسی سوورییش لە کۆتاییدا ملیان دا بۆ ئیخوان موسلمین. میشێل عەفلەقی دامەزرێنەری بەعس لە کتێبی «یادێک لە پەیامبەری ئیسلام» بە ڕوونیی دەڵێت ئیسلام بزووتنەوەی باڵای نەتەوەیی عەرەبە و ناسنامەی ئیسلامیی و عەرەبیی لەیەک جیاناکرێنەوە. 

دانانی هەسەدە لەپاڵ بەعس، لەلایەن عەلی قەراغیی ئیخوانییەوە، هەم شێواندنی مێژووە، هەم سوکایەتییە بە کۆی مێژووی کورد (چونکە تورک و ئیخوانیی و عەرەب دەیانەوێت بڵێن ئێمە دژی هەسەدەین نەک کورد، لەکاتێکدا ئەوان بە قووڵیی دژی کوردی سیاسیی و سەربەخۆن، بەڵام کێشەیان لەگەڵ کوردی دەستەمۆ و گوێڕایەڵ نییە). هەروەها هەم یەکسانکردنی ئایدیۆلۆژیایەکی عروبەی تێکەڵ بە ئیسلامیی کە لەسەر بنەمای جینۆساید، ئەنفال، کیمیاباران دامەزراوە بە ئایدیۆلۆژیایەکی سیکۆلاری وەک هەسەدە کە سەر و بنی زمانی هەمیشە برایەتیی گەلان، برایەتیی گەلان بووە (ئەو شتەی ئێستا ئێمەی کورد ڕەخنەی لێدەگرین)، ئەوپەڕی تاوانە بەرانبەر بە کۆی مێژووی کورد، بە قوربانیانی بەعس، بە کەسوکاری ئەنفالکراوان، بە بەجێماوانی کیمیابارانی هەڵەبجە، سوکایەتییە بە قوربانیانی بەعسی سووریی. 

لە کۆتاییدا ئەم سادەکردنەوەیەی مێژوو، هەوڵە بۆ چوونە پاڵ ستەمکاران دژی ستەملێکراوان، هەوڵە بۆ خۆیەکسانکردن لەگەڵ فاشیزمی ئیسلامیی، عەرەبیی و تورکیی دژی سەرجەمی کورد. ئەمە شوێنگۆڕکێی قوربانیی-جەلادە. جەلاد دەبێت بە قوربانیی و قوربانیی دەکرێت بە جەلاد. ئیخوان موسلمین زۆر شارەزایە لەم شانۆ ترسناکە سیاسییە. 

پێش ئەوەی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان، سیکۆلار و لیبراڵەکان دژی ئەم ئیخوانییە بەکرێگیراوە بن، حەقە موسڵمانانی کورد پێش هەمووان بەتەواویی لە ڕەوایەتیی بخەن. ئەم کابرایە ڕێک سوکایەتیی بە هەموو ئەو موسڵمانە کوردانە دەکات کە یەکێک یان زۆرێک لە ئەندامانی خێزانەکانیان بوونە قوربانیی جینۆسایدی بەعس.

پێشڕەو محەمەد
بەرلین
به‌روار:  11/02/2026
51   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   110
کۆی سه‌ردان:   31109954