|
برایەتی، یان دوژمنایەتی نێوان گەلان؟!
د. کامەران مەنتک
دوای ڕووداوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و هەڵگەڕانەوەی بەشێک لە هۆزە عەرەبەکان لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، گفتوگۆ و دیبەیتێکی چڕ میدیا کوردییەکانی گرتووەتەوە. هەندێک دەیانەوێت ئەو ڕووداوە وەک ئامرازێک بۆ لێدان لە چەمکی "برایەتیی گەلان" بەکاربهێنن و بەشێکی تریش بەرگری لێ دەکەن. زۆربەی خوێندنەوەکان لەسەر بنەمای هەست و سۆز داڕێژراون، یان وەک شەڕێکی میدیایی دژی پڕۆژەی ڕۆژئاوا بەکاردەهێنرێن. لێرەدا هەوڵ دەدەم ئەو بابەتە لە گۆشەنیگایەکی "ڕیالیزمی سیاسی" و ستراتیژیدا شرۆڤە بکەم.
سەرەتا، پێویستە لە دۆخی ڕۆژئاوا تێبگەین و بزانین چۆن و بە چ شێوەیەک دیمۆگرافیای ناوچەکە گۆڕاوە و پرۆسەی "بەعەرەبکردن"ێکی چڕی تێدا ئەنجام دراوە. لە پەنای پڕۆژەی "پشتێنەی عەرەبی"دا، ڕژێمی بەعس هەوڵیدا ناوچە کوردییەکان بە تەواوی تەعریب بکات. لە نێوان ساڵانی ١٩٦٥-١٩٧٦دا، ئەو پرۆسەیە هێندە بە چڕی بەڕێوە چوو کە سیمای کوردستانیبوونی لە ناوچەیەکی زۆری ڕۆژئاوا بەیەکجاری سڕییەوە؛ هاوکات لە ڕووی جوگرافییەوە ئەو ناوچانەی تا ڕادەیەکی زۆر لە یەکتر دابڕی.
بۆیە کاتێک لە ساڵی ٢٠١١دا "بەهاری عەرەبی" گەیشتە سووریا و هێزە کوردییەکان (بەتایبەت پارتی کرێکارانی کوردستان) دەسەڵاتیان بەسەر ئەو ناوچانەدا سەپاند، ڕووبەڕووی دۆخێکی سەخت بوونەوە. ئەوان لە ڕووی ئیدارییەوە ناوچەکەیان بۆ سێ کانتۆن (جزیرە، کۆبانی، عەفرین) دابەش کرد کە بە درێژایی سنووری ٩١١ کیلۆمەتری درێژ دەبووەوە. ئەو ناوچانەی ئەم کانتۆنانەیان بەیەکەوە دەبەستەوە، بە ڕێژەیەکی مەترسیدار تەعریب کرابوون؛ تەنانەت لە شارەکانی وەک قامیشلۆ و حەسەکەشدا ژمارەیەکی ئێجگار زۆر لە عەرەب نیشتەجێ کرابوون. تاقە شوێنێک کە دەستی تەعریبی بە باشی پێ ڕانەگەیشتبوو، ناوچەی عەفرین بوو.
کەواتە لە دۆخێکی وەهادا، چۆن کار لەسەر پڕۆژەی نەتەوەیی دەکەیت و بنەما بۆ قەوارەیەک دادەڕێژیت کە کورد تێیدا باڵادەست بێت؟ ئایا ڕووبەڕووی ئەو هەموو عەرەبە دەبیتەوە و جینۆسایدیان دەکەیت، یان دەریان دەکەیت؟ بێگومان ئەمە نە پرۆسەیەکی ئاسان بوو، نە لە بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕیش دەوەشایەوە. جیا لەوەی ئەمە چارەسەر نەبوو، بەڵکو دوژمندارییەکی نەتەوەیی وای لێ بەرهەم دەهات کە گەلی عەرەب بە گشتی تێوە دەگلا و شەڕی کورد و عەرەب دەستی پێ دەکرد؛ شەڕێک کە ئەگەرچی بە زیانی عەرەب دەشکایەوە، بەڵام زەرەرمەندی یەکەم تێیدا کورد دەبوو.
بۆیە ڕێگەی پێكەوەژیان و ساڕێژکردنی ئەو برینانەی ڕژێمی بەعس دروستی کردبوون، تاقە بژاردە بوو. ئەمەش بێجگە لە دروشمی "برایەتیی گەلان" هیچ ڕێگەچارەیەکی تری نەبوو. ئەم پرەنسیپە نەک تەنیا لە ڕۆژئاوا، بەڵکو لە باشووریش پیادە کرا. جێی سەرسوڕمانە ئەو دەنگانەی لە باشوور دژی چەمکی برایەتیی گەلان بەرز دەبنەوە، هەمان ئەو دەنگانەن کە لە ڕاپەڕینی ١٩٩١دا بە هەزاران ئەفسەر و پلەداری سوپای بەعسیان ئازاد کرد کە دەستیان بە خوێنی کورد سوور بوو؛ هەر لە پەنای ئەو دروشمەشدا بوو کە بەشێکی زۆری کوردستانیان ڕادەستی تەعریب کرد و نیشتمانیان هەڕاج کرد! كە لێخۆش بوون لە تاوانبارانی جەنگیش هەرگیز ناكەوێتە چوارچێوەی برایەتی گەلانەوە بەڵكو دەكەوێتە چوارچێوەی خەڵاتكردنی تاوانباران و هاندانیان بۆ بەردەوام بوون لە تاوانەكانیان !.
کەواتە کڕۆکی کێشەکە لە کوێدایە؟ لە ڕاستیدا، بۆ ئەوەی شەڕەکانی ناوچەکە بەردەوام بن و دەرفەتی پێكەوەژیان لەناو ببرێت، دەستێکی نهێنی هەیە کە کار بۆ خۆشکردنی ئاگری شەڕی نەتەوەیی دەکات. دەبێت کورد لەم خاڵەدا زۆر هوشیار بێت؛ چونکە شەڕی ڕەگەزپەرستی شەڕێکی ترسناکە و تەڕ و وشک بەیەکەوە دەسووتێنێت.
لە لایەکی ترەوە، ئەگەر کورد تەنیا لە ڕوانگەیەکی سۆزدارییەوە مامەڵە لەگەڵ چەمکی "برایەتیی گەلان" بکات، دەکەوێتە داوی فریوخواردنەوە؛ چونکە لە سیاسەتدا ئەوەی ڕووداوەکان ئاراستە دەکات "بەرژەوەندی"یە نەک "برایەتی". بۆیە دەبێت لە دوو ڕوانگەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم چەمکەدا بکرێت:
١. لە ڕووی سیاسییەوە: دەبێت کار لەسەر ئاشتەوایی و پێكەوەژیان بکرێت بۆ پاراستنی سەقامگیری.
٢. لە ڕووی ستراتیژییەوە: دەبێت مامەڵەیەکی جیاواز بکرێت کە لەسەر بنەمای هێز و بەرژەوەندی بێت.
لە ڕووی ستراتیژییەوە، شتێک نییە بە ناوی برایەتیی گەلان، بەڵکو بەرژەوەندییە پەیوەندییەکان ڕێک دەخات. هەرچەندە باس لە ئەخلاق بکرێت و هەوڵ بدرێت ئەخلاق بگەڕێنرێتەوە ناو سیاسەت (وەک ئەوەی ئۆجەلان کاری بۆ دەکات)، بەڵام ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە کە تا ئێستا کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی سیاسەتی کردووە. هەر کاتێک بەرژەوەندییەکان بکەونە مەترسییەوە، برایەتی وەلا دەنرێت. چەمکی برایەتی خۆی چەمکێکی مەجازییە و لەسەر بنەمای گریمانەی هاوخوێنی داڕژاوە، لە کاتێکدا لە کۆمەڵگەی مۆدێرندا نەتەوە جیاوازەکان بە خوێن بەیەکەوە نابەسترێنەوە. بوونی چەمکی "برا گەورە" و "برا بچووک" هاوسەنگییەکە تێک دەدات و جارێکی تر بەرژەوەندییەکان دەخاتەوە پێشەوە.
لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە: کاتێک باس لە برایەتیی گەلان دەکرێت، لە کام دیدگاوە مامەڵەی لەگەڵ دەکەیت؟ ڕوانگە سیاسییەکە یان ستراتیژییەکە؟
پێویستە لە هەردوو ڕوانگەکەوە کار بکرێت بۆ ئەوەی هاوسەنگییەکە بپارێزرێت. ناکرێت دەستبەرداری چەمکی برایەتی بیت کاتێک لە ناو کەشتییەکدایت لە ناو دەریایەکی پڕ لە گێژەڵووکەدا مەلە دەکات؛ هاوکات نابێت ئەوەش فەرامۆش بکەیت کە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکان ئاراستەی ڕووداوەکان دەکەن. بۆیە ئەو شەڕە میدیاییەی لە هەرێمی کوردستان لەم بارەیەوە هەیە، خزمەت بە کورد ناکات. کورد دەبێت وەک "ستراتیژییەت" لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی خۆی کار بکات، و لە ڕوانگەیەکی "سیاسی"یشەوە کار لەسەر گەشەکردنی چەمکی پێكەوەژیان بکات بۆ ئەوەی لە ئایندەدا ببێتە بەشێک لە ستراتیژێکی گشتگیر، کە بێگومان ئەمەش ئەرکێکی ئاسان نییە.
بهروار: 10/02/2026
51 جار خوێندراوهتهوه
|